6/12/2021 07:51 PM

پێناسە کردنی نەتەوە و نەتەوەخوازی-بەشی یەکەم

5

لەسەر پێناسە کردنی نەتەوە و نەتەوەخوازی رێککەوتنێکی تۆکمە بوونی نییە. ژان ژاک رۆسۆ نەتەوە بە خەڵکێک دەزانێ کە لە بەرامبەر دەوڵەت، بە تایبەت، حکومەتە تاکییەکاندا جێگیر دەبێت. بە واتایەکی دیکە، نەتەوە بەرابەرە لەگەڵ حکومەتی خەڵک. رۆسۆ بڕوای بە نەتەوەخوازیی مەدەنی بوو کە شەرعیەتی سیاسیی دەوڵەت دەرئەنجامی بەشداری خەڵکە. ئەم پێناسەیە هاوتایە لەگەڵ تیۆریی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو. رەنگە دیارترین پێناسەگەلێک کە بۆچوونی دیکەی زانایانیش لە خۆ دەگرێت، لە سێ پێناسەی خوارەوەدا بگونجێت کە لەلایەن ئێرنێست رۆنان، جۆزێڤ ستالین و ماکس ڤێبێرەوە ئاراستە کراون.
ئێرنێست رۆنان، فەیلەسووفی فەڕەنسی، نەتەوە بە هاوپێوەندییەک دەزانێ کە بە هۆی ئاگامەندیی مێژووییەوە دەپارێزرێت. ئەو دەڵێت ئەم هاوپێوەندییە دەبێ بە خواستی ژیانی هاوبەشەوە درێژەی پێبدرێت. بە هەمان ئەندازە کە رابردووی مێژوویی گرنگە، ئێستاش گرنگە. ناکرێ ئێستا فیدای رابردوو بکەین و نەتەوەیەک بەهۆی ئەوەی پێشینەیەکی هاوبەشیان بووە، بە ناچاری لای یەک رایانبگری یان لە یەکیان جیا بکەیتەوە.
جۆزێف ستالین، رێبەری حزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت، لە پێناسەکەی خۆیدا دوو هۆکاری زەینی و عەینی بۆ بوونی نەوتەوە دێنێتەوە. ستالین نەتەوە لە رەگەز، ئەتنیک لەلایەکەوە و ئیمپراتۆری لەلایەکی دیکەوە جیا دەکاتەوە. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوە کاتێک پێک دێت کە چەندین هۆکاری سەقامگیر لە دەوری یەک کۆ ببنەوە، بۆ نموونە ئابووریی هاوبەش، زمانی هاوبەش، نیشتمانی هاوبەش و فەرهەنگی هاوبەش یان پێکهاتەیەکی سایکۆلۆجیی هاوبەش کە لە پێکهاتنی فەرهەنگی هاوبەشدا رەنگی دابێتەوە. ستالین لای وایە ئەم هۆکارانە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت. ئەو بۆ وڵاتانی فرەنەتەوە، ئازادیی خواستی ژیانی هاوبەش بە مەرج دەزانێ. هەر ئەو جۆرەی مافی جیابوونەوە بە مافی هەر نەتەوەیەک دەزانێ. بەڵام ئەم سیاسەتە تیۆریکەی ستالین لە کردەوەدا بە دژی خۆی جێبەجێ کرا و دەریخست سیاسەتێکی ریالیستی نییە.

 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved