6/12/2021 07:53 PM

پێناسە کردنی نەتەوە و نەتەوەخوازی-بەشی دووەم

6

ماکس ڤێبێر، کۆمەڵناسی بەناوبانگی ئەڵمانی، دەنووسێ دیاردەی نەتەوە ئەوەندە جۆراوجۆرە کە ناکرێ بە یەک پێوەر دیاری بکەیت. واتە خواستی نەتەوەیی دەتوانێ لە جلوبەرگی ئایینی، ئیدئۆلۆژیک، رەگەزپەرەستانە و جیایی‌خوازانەدا خۆی دەربخات. بەڵام بەهەرحاڵ ڤێبێر نەتەوە بە هاوپێوەندیی کۆمەڵە ئەتنیکییەکان دەزانێ کە بە هۆی ئوستوورە هاوبەشە مێژووییەکانیان لێک گرێ دراون و هەروا بە شێوەی یەکپارچە ماونەتەوە. خاڵی جیاوازیی یەک نەتەوە بەڵێنێکە کە کەسەکان دەیدەنە بەرنامەیەکی سیاسی هاوبەش. کەوابوو بوونی یەک نەتەوە، دەوڵەتێکی یەکەش دروست دەکات. بەڵام یەکگرتوویی نەتەوەیی لە بواری بایەخە هاوبەشەکاندا رەنگ دەداتەوە. کەوابوو نەتەوەیەک بەرابەر نییە لەگەڵ خەڵکی ویلایەتێک یان دەوڵەتێک کە ئەندامێتی لەودا تەنیا بابەتێکی سیاسییە، نەک بایەخدارانە. لە روانگەی ئەوەوە، زمانی هاوبەشیش پێویستیی ئۆنتۆلۆژیکی یەک نەتەوە نییە. بایەخە فەرهەنگییەکانی یەک نەتەوە دەتوانێ لە رێگەی ئایینی هاوبەشەوە رەنگ بداتەوە. ئایین دەتوانێ ریشە و میکانیزمی ئوستووەرەی هاوبەشی پەیوەندیی یەک نەتەوە بێت. ئەم بابەتە بە مانای بەردەوامبوونی تاهەتایی ئەم هۆکارە نییە (بۆ نموونە جووەکان). کۆمەڵگا فرەنەتەوەکانیش تا کاتێک کە لە پرۆژەیەکی سیاسیی یەکەدا، یەکێتیی خۆیان بپارێزن، حیسابی یەک نەتەوەیان بۆ دەکرێت.
خاڵی کلیلی لەم سەرجەم ئەم پێناسانەدا پاراستنی مافی یەکسانی ئەتنیکەکان و نەتەوەکان لە یەکگرتوویی لەگەڵ یەکدایە. پێوەندیی نەتەوەخوازی و دیموکراسی لە پرۆژەیەکی سیاسیدایە کە لە ئاستێکی گەورەدا، تاقمە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بە شێوەی یەکسان سوودمەند بن لە هەل و دەرەتانەکان، و لە ئاستی بچووکیشدا هاووڵاتیان بەدەر لە جیاوازیی رەگەزی و ئەتنیکی شتی لەم چەشنە مافەکانیان یەکسان دەبێت. پێوەندیی نەتەوە دیموکراسی لەم رووەوە کە دەبێتە هۆی پاراستن و بەهێز بوونی یەکتری، بەسوود و ئەرێنییە.

 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved