7/12/2021 05:22 PM

«دەوڵەت-نەتەوە» چییە؟

8

ئەم فۆرمە دەرخەری ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە بەر لە پێکهاتنی نەتەوە، دەوڵەتێک دێتە سەر کار و پاشان بە داهێنان و رۆڵی دەوڵەت، نەتەوەیەک رێک دەخرێت و شوناسێک بە خۆیەوە دەگرێت. ئەگەری داڕمان لەم فۆرمەدا یەکجار زۆرە. چونکە بە گشتی لە ئەتنیک‌گەلێک پێک دێت کە خاوەنی پاڵپشتێکی مێژوویی هاوبەش نین. بۆ نموونە، لە چەند بڕگەی مێژوویی ئەم ناوچەیەدا کە لە ژێر حوکمڕانی عەشیرەکاندا بووە هێزە دەرەکی و کۆلۆنیالیستەکان ئەوێیان بۆ ماوەیەکی تەنانەت چەند سەد ساڵە داگیر کردووە و سەرجەم هۆز و عەشیرەکانیان خستووەتە ژێر رکێفی خۆیانەوە و تەنانەت زمانی خۆیان لەجیاتی زمانی خۆجێی جێگیر کردووە. لە دوای سەربەخۆیی، دژایەتییە عەشیرەییەکان سەری هەڵداوەتەوە و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆلۆنیالیستەکان جێگەی خۆی داوە بە شەری ناوخۆ و یەکێک لە هۆزەکان بەسەر هۆزەکانی دیکەدا زاڵ بووە.
کەوابوو ئەم فۆرمە لە کۆمەڵگەیەکدا پێکهاتووە کە لە دەست کۆلۆنیالیستەکان رزگار بووە. تا ئەو کاتەی هێزە کۆلۆنیالیستەکان بەسەر نیشتمانی ئەم هۆزانەدا زاڵ بوون، بە هۆکاری جۆراوجۆر، رێگر بوون لە پێکهاتنی نەتەوەیەک لە نیشتمانەکەی ئەواندا. لەگەڵ هەرەس هێنانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی و پێکهاتنی سوپا رزگاریدەرەکان، یەکەم حکومەتە نەتەوەییەکان پێک هاتن و دواتر، رێکخستنی نەتەوەیی ئەتنیک و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەو نیشتمانە جێبەجێ کرا. بۆ نموونە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقی و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە کۆتایی شەڕی جیهانیی یەکەمدا بەم شێوەیە پێک هاتن.
لە هەندێک حاڵەتیشدا دەسەڵاتە کۆلۆنیالەکان لە کاتی جێهێشتنی ئەو وڵاتانەی وا لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بوو، کۆمەڵێک سنووری جوگرافیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنووربەندییە عەشیرەییەکان دروست کردووە و ئەمەش بووەتە سەرچاوەی قەیرانە ئەتنیکییەکان.
لەم حاڵەتانەدا لەوانەیە نۆژەنکردنەوەی دیاردەی دەوڵەت-نەتەوە تەنها رێگە بێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕە ناوخۆییەکان. بۆ نموونە بەدوای داڕمانی ئیمپراتۆری عوسمانیدا ئەو وڵاتانەی بۆ ماوەی شەش سەدە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆرییەدا بوو، بەسەر چەندین وڵاتاندا دابەش کرا و سنووربەندییە ئەتنیکییەکان لەبەرچاو نەگیران. یان لە هەندێک وڵاتی ئەفریقی، بۆ نموونە کۆنگۆ، یان بەشێک لەو وڵاتانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵی روسیادا بوون وەکوو چیچێن، داغستان، ئەرمەنستان و ئازەربایجان، لەدوای تێپەڕبوونی چەندین دەیە شەڕی ناوخۆ، هێشتاش شەڕ لەسەر دیاریکردنی هێڵی سنوورە ئەتنیکییەکان بەردەوامە.

 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved