11/12/2021 04:13 PM

جیاوازیی ئەتنیک و رەگەز و پرسی نەتەوەیی

13

بۆ ئەوەی جیاوازییە رەگەزییەکان روون ببنەوە، دەبێ پێناسەیەکی یەکلاکەرەوە لە چەمکی رەگەز بخرێتە روو. ئۆلیڤەر کاکس لە کتێبەکەی خۆیدا لە ژێر ناونیشانی «کاست، چین و رەگەز»، رەگەز لە بەستێنی هەڵسوکەوتەکان لەگەڵ کەسانی دیکەدا پێناسە دەکات. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە هەر کەس کە خۆی بە هۆی تایبەتمەندییە فیزیکییەکانەوە لە کەسانی دیکە جیا دەکاتەوە و یان کەسانی دیکە بە هەمان هۆکاری فیزیکی بە شێوەیەکی جیاواز سەیری دەکەن، تاقمە رەگەزییەکەی خۆی دەستنیشان دەکات. ئەو لە بەرامبەر دیاردەی رەگەزیدا، نەتەوە و گروپی ئەتنیکی بە جیاوازییەکی فەرهەنگی دەزانێت. نەتەوە کە بەپێی یەکێتیی فەرهەنگی پێک هاتبوو، لە سەردەمی مۆدێرندا بوو بە ناسیۆنالیزمی ئەتنیکی یان نەتەوەیی. بەڵام کێشەکە کاتێک سەر هەڵدەدا کە گروپێکی ناسیۆنالیستی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکدا وەک کەمینەیەک دەردەکەوێت. بە ئەگەری زۆر وشەی «کەمینەی نەتەوەیی» بە مانای «نەتەوەی بندەست»ـە. لەم حاڵەتەدا دەکرێ باسی کێشەی گروپی ژێر دەسەڵاتی نەتەوەیی بکرێت. بەڵام «گروپی کەمینە» بە کەسانێک دەگوترێ کە لە باری ژمارەوە زۆرینەن، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی گروپی «زۆرینە»ـدان. بەرچاوترین نموونەی ئەم حاڵەتە وڵاتی ئەفریقای باشوور لە سەردەمی زاڵێتیی ئاپارتایددا بوو کە گرووپێکی کەمینە لە سپی‌پێستان حکومەتیان بەسەر زۆرینەی رەشپێستەکاندا دەکرد. وشەی «زۆرینە» سەبارەت بە سپی‌پێستە حوکمڕانەکان لەوێدا مانای هەبوو. لەڕاستیدا «زۆرینە» پێوەندەیی بە دەسەڵاتداربوونەوە هەیە و مانای «کەمینە» پێوەندی بە ژێردەسەڵاتییەوە هەیە. لە بارودۆخێکی تایبەتدا لەوانەیە گروپی ژێردەسەڵاتی حکومەتی نەتەوەیی لە باری ژمارەشەوە کەمینە بن. بەڵام ئەم راستییە کێشەی زاڵێتیی حکومەت بەسەر کەمینەی نەتەوەیی ناگۆڕێت.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved