12/12/2021 04:45 PM

جۆرەکانی ناسیۆنالیزم (بەشی یەکەم)

15

بۆ سڕینەوەی هەر چەشنە ناڕوونییەک، جارێکی دیکە بەپێی پێناسەکەی بەندیدێکت ئاندێرسۆن، لەسەر جیاوازیی ناسیۆنالیزم بە مانای پێوەندیداربوون بە نەتەوەوە، نەک شوناسی حکومی جەخت دەکەمەوە. بەڵام جیاکردنەوەی ناسیۆنالیزم لە حکومەت، بە تایبەت لە دۆخی قەیراناویدا، زۆر ئەستەمە، چونکە حکومەتەکان دەتوانن بە ورووژاندنی هەستە نەتەوەییەکانی خەڵک لە بەرامبەر قەیرانەکاندا، خۆیان بکەن بە نوێنەری نەتەوە و داخوازییە نەتەوەییەکانیان.
لە مێژووی هاوچەرخدا دەکرێ باسی سێ ئەزموونی جۆراوجۆری ناسیۆنالیزم بکەین. ئەزموونی یەکەم، پێکهاتنی دیاردەی دەوڵەت-نەتەوەیە کە زیاتر کە سەدەی ١٩ـدا بە لێکەوتەی ئەرێنییەوە لە رۆژئاوا هاتە دی. بەندیدێکت ئاندێرسۆن بە ئاماژە کردن بە ئیرا کمیلاینن دەنووسێ وشەی ناسیۆنالیزم تەنانەت لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ـدا زۆر بەکار نەدەهات و دەشڵێ وشەی لێکدراوی «دارایی نەتەوەکان» لەلایەن ئادام سمیتەوە بە مانای «کۆمەڵگەکان» یان «دەوڵەت»ـە. لەم گۆڕانکارییەدا، شوناسە نەریتییەکان (ئایینی و ئەتنیکی) بوون بە شوناسە نەتەوەییەکان و پێکهاتەی وڵاتانی مۆدێرن لەسەر بنەمای «یەک نەتەوە، یەک دوڵەت» دروست بوو.
هەتا شەڕی جیهانیی یەکەم ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان شوناسی دەوڵەت-نەتەوەیان هەبوو. لەدوای شەڕی جیهانیی یەکەم و رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی وڵاتانێکی نوێ پێک هاتن. زۆرینەی وڵاتانی عەرەب دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕەکانی دوای شەڕی جیهانیی یەکەمن. کۆمەڵێک هەوڵ بۆ نەتەوەسازی لە وڵاتانی عەرەبدا دەستی پێکرد بەڵام مەرجەکانی پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە هێشتا بوونیان نەبوو.

لەدوای شەڕی جیهانیی یەکەم و نۆژەنکردنەوەی رێژەیی ئەڵمانیا، ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی راست لە ئەڵمانیا و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا گەشەی کرد. فاشیزم یان ناسیۆناڵ سۆڤێنیزم لەسەر ئەساسی ئەتنیکی دەسکردی ئاریایی، بووە هۆکاری کۆمەڵێک کارەساتی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لەگەڵ هەرەسهێنانی فاشیزم و کۆتایی هاتن بە شەڕی جیهانیی دووەم، دیسانەوە وڵاتانێکی زیاتر سەربەخۆییان دەستەبەر کرد.
سەردەمی دوای شەڕی جیهانیی دووەم، کۆدەتای سەربازی لە میسر، عێڕاق، سوریا، لیبیا و سوودان بە داگەڕان بەرەو بلۆکی رۆژهەڵات، پرۆسەی نەتەوەسازی ئاوێتەی دەسەڵاتی سەرباز کرد. سەرهەڵدانی رژێمەکانی کۆدەتا تەنها سەرپۆشی خستە سەر داخوازی و دژایەتییە عەشیرەیی و ئەتنیکییەکان، بەڵام چارەسەری نەکردن. دژایەتییە عەشیرەیی و ئەتنیکییەکان بە لاوازکردن یان سڕینەوەی رژێمە دیکتاتۆرەکان لە بارۆدۆخێکی دیکەدا بۆ نموونە هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێڕاق یان هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی «بەهاری عەرەبی» سەری هەڵدا.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved