12/12/2021 04:47 PM

جۆرەکانی ناسیۆنالیزم (بەشی دووەم)

16

لەدوای شەڕی جیهانیی دووەم پرۆسەیەکی سێهەم لە ناسیۆنالیزم، واتە ناسیۆنالیزمی چەپ لەدایک بوو. ئەم ناسیۆنالیزمە لەلایەکەوە لەگەڵ بزووتنەوە رزگاریدەرەکانی وڵاتانی کۆلۆنی‌کراو و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ وڵاتانی بلۆکی سۆشیالیستیی رۆژهەڵات دەچنە پێوەندییەوە. بە واتایەژی دیکە، وڵاتانی کۆلۆنی‌کراو بۆ دەستبەرکردنی سەربەخۆیی نەتەوەیی، لەلایەن وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵاتەوە پشتگیریان لێدەکرا. کۆلۆنیالیزم بە شێوەی فەرمی لە ساڵی ١٩٧٤ و لەگەڵ داڕمانی دیکاتۆرەکانی پرز-دیاز، ڤیکتۆر و ئیسپانیا کۆتایی هات، و جیهان چووە سەردەمی پاش‌کۆلۆنیالیزمەوە. پرۆسەی نەتەوەسازی لە هەندێک لە کۆلۆنییە پێشووەکاندا شەڕ و تێکهەڵچوونی عەشیرەیی و ئەتنیکی لێکەوتەوە. بەبێ چارەسەرکردنی «پرسی نەتەوەیی» پرۆسەی دیموکراسی نەیدەتوانی پێک بێت.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و رووخانی بلۆکی رۆژهەڵات جارێکی دیکە جیهان تووشی ئاڵوگۆڕی سنووری بووەوە و وڵاتانێکی زیاتر روویان لە سەربەخۆیی نەتەوەیی کرد. سەبارەت بە داهاتووی ئەم وڵاتە سۆشیالیستیانەی پێشوو دوو تیۆریی گەورە خرایە روو؛ مایکڵ والزێز لەسەر ئەو باوەڕ بوو کە ئەم وڵاتانە بە سەرنجدان بە ئەزموونێکی سەخت کە لە سەردەمی دیکتاتۆری و زاڵێتیی روسەکاندا هەیانبووە، تامەزرۆی دیموکراسین. لەلایەکی دیکەوە، فەرهەنگ و بایەخە سۆشیالیستییەکان لەم کۆمەڵگەیانەدا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوان بەرەو پێکهێنانی سۆشیال‌دیموکراسی بڕۆن. بەڵام ئەم تیۆرییە گەشبینانەیە رووی نەدا. گیا نۆدیا گوتی لەم کۆمەڵگەیانەدا بەهۆی زاڵێتیی روسەکان و ئایدیالۆژی ئەنتەرناسۆناڵیستییەوە، نەیانتوانی سەربەخۆیی نەتەوەییان هەبێت و پرۆسەی نەتەوەسازییەکەیان بە ناتەواوی ماوەتەوە. لەو رووەوە کە زۆرینەی ئەم وڵاتانە لە ئەتنیک‌گەلی جیاواز پێک هاتوون و پرۆسەی ناسیۆنالیزم لەواندا بە شێوەی سروشتی تێپەڕ نەبووە، ئەم وڵاتانە تووشی شەڕی ئەتنیکی دەبن. ئەم ئەزموونە تاڵە کەم و زۆر لە وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵاتدا رووی دا. خراپترین و توندوتیژانەترینیان لە یوگوسلاڤیای پێشوو رووی دا کە دە ساڵی خایاند و ململانێ هێشتاش لە هەندێک لە ناوچەکان بۆ نموونە ئوکراین درێژەی هەیە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved