13/12/2021 05:42 PM

هاووڵاتی‌بوون

18

هاووڵاتی‌بوون تایبەتمەندیی کۆمەڵگا مۆدێرنەکانە و لایەنێکە لە لایەنەکانی پێکهاتنی دیاردەی دەوڵەت-نەتەوە. هەر ئەو جۆرەی کە لە بابەتەکانی پێشوودا شرۆڤە کرا، مافە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کەسێک لە کۆمەڵگەدا بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت: مافی تاکەکەسی لە کۆمەڵگای مەدەنی و مافی سیاسی لە کۆمەڵگەی سیاسیدا. هاووڵاتی‌بوون کۆمەڵێک ماف و بەرپرسایەتییە کە شوناسێکی فەرمی و یاسایی بە کەسەکە دەبەخشێت. بۆ پاراستنی ئەم مافانە بنکەگەلێکی وەکوو سیستمی داد، پەرلەمان و حکومەت کە سەربەخۆ بن لە یەکتر پێویستە. لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکاندا، شارۆمەندان خاوەن مافی هاووڵاتی‌بوونی یەکسانن و بۆ پاراستن و بەرگری لەم مافانە، بنکە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێک دێن، لە کۆمەڵگا نادیموکراتیکەکاندا، کە حکومەت پاوانخواز و تۆتالیتەرە، هاووڵاتیان تەنها لە بارۆدۆخێکی تایبەتدا کە حکومەت پێویستی بە ئامادەبوونی ئەوانە بۆ نموونە لە کاتی شەڕ و یان هەڵبژاردنی کۆنتڕۆڵکراودا، بە هاووڵاتی دێنە ئەژمار.
سەبارەت بە هاووڵاتی‌بوون، چەمک‌گەلێکی وەکوو ئەتنیک، نەتەوە، دەوڵەت-نەتەوە، کۆمەڵگای مەدەنی، دیموکراسی، سیکۆلاریزم، ماف و بەرپرسایەتییە یاساسییەکان، شوناسی ئەتنیکی (فەرهەنگی)، شوناسی نەتەوەیی و مافی مرۆڤیش دەبێ بناسرێن. هەڵبەت مافی مرۆڤ دیاردەیەکی یۆنیڤێرساڵە و گرێدراوی ئەندامێتیی کەسێک لە دەوڵەتێک، شوناسی نەتەوەیی و ئەتنیکی ئەو نییە، بەڵام هاووڵاتی‌بوون بە ئەندامێتی لە حکومەتێکدا دیاری دەکرێت؛ بۆ نموونە تاکی کوردستانی، چینی، ئەڵمانی، عێڕاقی، هیندی و تاد. هاوپێوەندیی کۆمەڵگا کاتێک بەردەوام دەبێت کە بەها هاوبەشەکانی نێوان ئەتنیکەکان بەپێی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بێت، نەک بەها ئەتنیکییەکانی زۆرینە. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

ئەم بابەتە لەفارسییەوە وەرگیراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved