14/12/2021 08:40 PM

مەرج و ناوەرۆکی هاووڵاتی بوون

20

بەپێی بۆچوونی ئیسن، خاوەن تیۆریی «کرداری هاووڵاتی‌بوون»، شوناسی نەتەوەیی مەرجی بەفەرمی ناسینی بنەماکانی هاووڵاتی‌بوونە، و بەفەرمی ناسرانی  مافی یاسایی شارۆمەندان ناوەرۆکەکەیەتی. بەپێی ئەم بۆچوونە، شونای نەتەوەیی، دیاردەی رەچەڵەکی و شوناسی یاسایی کەسەکان، دیاردەیەکی پێکهاتەییە. ئیسن لەگەڵ ئاوڕدانەوە لە جیاوازییەکانی هاووڵاتی‌بوون لە سەردەمی یۆنانی دێرینەوە هەتا ئێستا، باس لەوە دەکات کە چۆناوچۆن مەرجی هاووڵاتی‌بوون لە مڵکایەتیی کەسەکان بەسەر زەوی لە یەکەم سەردەمە مێژووییەکاندا، بوو بە پێوەری رەچەڵەک‌مەندی بۆ لەدایکبووانی وڵاتێک لە سەردەمی مۆدێرنیزمدا. لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندام لەجیاتی مڵکایەتی بەسەر زەویدا، مڵکایەتی لەسەر سەرمایە و کاریش بوو بە گەرەنتی هاووڵاتی‌بوونی کەسەکان. ئەم مەرجانەش لە سەدەی بیستەمدا، کۆمەڵێک رەهەندی نوێی لە خۆ گرت. مڵکایەتیی فەرهەنگی یان سەرمایەی فکری و زانست و شارەزایی زانستی، بوون بە پێوەرگەلی نوێ بۆ ئەو کۆچبەرانەی روویان لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەکرد. هەر لەم پێوەندییەدا مافە فەرهەنگییەکانیش بە بەشێک لە مافەکانی هاووڵاتی‌بوون هاتە ئەژمار. مەبەست لە مافی فەرهەنگی ئاماەبوونی ئاشکرا لە دەق و نەک لە پەڕاوێزی فەرهەنگی کۆمەڵگادا. ئەگەر هۆکاری بەربڵاوبوونەوەی شارۆمەندیی لە سەدەی نۆردەهەمدا، پێویستی بە کاری پێسەسازی بوو، لە سەدەی بیستەمدا زانست و زانیارییەکان (سەرمایەی فکری) بوونە جێگرەوەیان.
ئەم دیاردەیە کێشەیەکی نوێ بۆ بەشێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەم بۆ نموونە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە کە بەشێک لە سەرمایەی فکری و زانستی و کارناسانەی ئەوان، بۆ دەربازبوون لە کێشەکان و تەنگەژە سیاسی و ئایینییەکان و هەروەها بۆ دۆزینەوەی ئازادی، دیموکراسی و خۆشگوزەرانی روو لە وڵاتانی رۆژئاوایی دەکەن. ئەمە لە دۆخێکدایە کە ئەم کۆمەڵگایانە بۆ گەسە و پێشکەوتنی خۆیان پێویستیان بەم سەرمایە فکریانە هەیە. لە روانگەی کۆمەڵناسانەوە، دابین کردنی دۆخێکی لەم چەشنە، بە تایبەت ئازادی و دیموکراسی، لەم وڵاتانەیە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved