17/12/2021 05:58 PM

پێوەندیی هاووڵاتی‌بوون لەگەڵ حکومەت

23

بەپێی پێورەکانی مارشاڵ و تێرنێر دەتوانین رێژەی گەشەی دیاردەی هاووڵاتی‌بوون لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا تاقی بکەینەوە. هەر جۆرەی ئاماژەی پێدرا ناوەرۆکی هاووڵاتی‌بوون پێوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. بە جۆرێک کە پاراستنی مافی هاووڵاتی‌بوون دەتوانێ پێوەرێک بێت بۆ دیاریکردنی رادەی گەشەی و پەرەسەندنی کۆمەڵگا.
هاووڵاتی‌بوون لە لایەکەوە پێوەندیی کەسەکان لەگەڵ حکومەت و لەلایەکی دیکەوە پێوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ یەکتر دیاری دەکات. کەسەکان لە بنکەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا دەبن بە دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی کە بنکەی دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی یاساییدا رادەگرن. لەلایەکی دیکەوە ئەندامێتیی کەسەکان لە رێکخراوە و ئەنجومەنەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی هەستی تۆلێرانس و تەحەمولی کەسانی دیکە و پاراستنی مافەکانیان. ئەندامێتیی لە ئەنجومەنە خۆبەخشەکان و پاراستنی مافی ئەندامان رێگەخۆشکەری پاراستنی مافی گشتی لە کۆمەڵگادایە. چونکە ئاگایی کەسەکان ئاگایی کەسەکان بەنیسبەت بەرپرسایەتی لەبەرامبەر مافە ناسراوەکاندا بەرز دەبێتەوە. پێوەندیی کەسەکان لەگەڵ حکومەت بە شێوەی رێژەیی پایەدار و گشتییە و ئەویش پەیڕەو کردنی یاسا و رێسا حکومییەکانە. بەڵام پێوەندیی کەسەکان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی خۆبەخشانە و بگۆڕە. کەسێک، هاووڵاتیی کۆمەڵگایەکە، کەوابوو بەگشتی ئەندامی حکومەتە. چانسی گۆڕانی ئەم شوناسە لاواز و هەندێک جار مەحاڵە. بۆ نموونە کەسەکان ناسنامە و پەساپۆرتی خۆیان لە حکومەتێک وەردەگرن لە خۆیان بە هاووڵاتیی ئەو دەزانن. ئەم بەڵگانە، شوناسی یاسایی کەسەکان نەک لە چوارچێوەی وڵات، بەڵکوو لە لەسەر ئاستی نێودەڵەتییە. بەڵام کەسەکان دەتوانن لە ئەنجومەنە جۆراوجۆرەکانی رێکخراوەی کۆمەڵگای مەدەنیدا ببن بە ئەندام و بە دڵی خۆیان بیگۆڕن و یان لە رێکخراوەیەکەوە بڕۆن بۆ رێکخراوەیەکی دیکە. ژمارەی رێکخراوە ناحکومییەکان، یان کۆمەڵگای مەدەنی و نرم‌بوونیان بۆ پێوەندی لەگەڵ هاووڵاتیان، بەستراوەتەوە بە رێژەی گەشەی دیموکراسی لە کۆمەڵگادا.
کۆمەڵگای مەدەنی لەهەمانکاتدا نوێڵێکی هاوسەنگی‌بەخشە لەنێوان هاووڵاتیان و حکومەتدا. لە کۆمەڵگا نادیموکراتیکەکاندا مەودایەک لە نێوان هاووڵاتیان و حکومەتدا هەیە کە بەگشتی بە کۆنتڕۆڵ و توندوتیژیی حکومی پڕ دەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە، حکومەت هاووڵاتیان ناچار دەکات کە یاسا و رێسانی پەیڕەو بکەن. هەر بۆیە، بۆ پێناسە و دیاریکردنی ئەوەی کە هاووڵاتی چییە و پێوەندییەکەی لەگەڵ حکومەت لەسەر چ بنەمایەکە دەکرێ ئاماژە بە مەودایەک بکرێت کە لە نێوان هاووڵاتیان و حکومەتێکی نادیموکراتیکدا دێتە ئاراوە. هەندێک جار دژایەتی نێوان کۆمەڵگا و حکومەت لە رادەی پێوەندییەکەیان قووڵتر و گەورەتر. ئەم مەودایە بە پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنیی سەربەخۆ لە حکومەت پڕ دەبێتەوە و هاووڵاتی‌بوون بە مانای راستەقینەی خۆی، واتە ئەندامێتی لە دەوڵەتدا مسوگەر دەبێت.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved