19/12/2021 08:38 PM

کەلەبەری شوناسی ئەتنیکی و نەوەیی (بەشی یەکەم)

27

گەشە و پەرەسەندن و پێشکەوتنی وڵاتێک پێوەندی بە دروستبوونی شوناسی نەتەوەیی سەرجەم دانیشتووانی ئەو نیشتمانە، یان کۆتایی هاتن دژایەتی و رووبەڕووبوونەوەی ئەتنیکی یان «کۆمەڵگا دابەشکراوەکان»ـەوە هەیە. لە هەندێک حاڵەتدا لەنێوان شوناسی ئەتنیکی و شوناسی نەتەوەییدا کەلێن دروست دەبێت، بە رادەیەک کە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکهەڵچوون و توندوتیژی. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە نەتەوەکان بەگشتی بە هۆی هاوپێوەندیی ئەتنیکە جۆراوجۆرەکان کە مێژوو و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە و لە حکومەتێکی یەکەدا رەنگ دەداتەوە، پێک دێن. بۆ شرۆڤەی ئەم راستییە دوو هۆکار کە دژی یەکن لەئارادایە:

1.سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە کۆتایی هاتووە و ئەم ململانانە نیشانەی لاوازبوونی سنوورە نەتەوەییەکان، کەمبوونەوەی رۆڵی حکومەت و زاڵبوونی دیاردەی گڵۆبالیزەیشن لە لایەکەوە و لە بەرامبەریدا، گەشەی بیری ئەنتیک‌خوازانە و ناوچەگەرایی لە بەرامبەر هاتنی بەها جیهانییەکان لەلایەکی دیکەوە.
2.ململانە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان دەریدەخات کە سەردەمی پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە هێشتا نەگەیشتووەتە کۆتایی. چونکە پێکهاتنی زۆرێک لە دەوڵەت-نەتەوەکان بەرهەمی ئاوێتە بوون یان جیابوونەوەی زۆرەملیی ئەوان لەلایەن دەسەڵاتە بیانی و کۆلۆنیالیستەکانەوەیە، نەک ئەوەی بەرهەمی یەکگرتنی مێژوویی و گەشەی سروشتیی ئەم کۆمەڵگەیانە.

کەوابوو، ئەم جۆرە ئەتنیک و نەتەوانە هەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە جێگۆڕکێی دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتانی بیانی، سیستمی نوێ، ئابووری، بەڕێوەبەرایەتیی جیهانی و ئەندامگیریی نوێی جیهانی و ناوچەیی، توانا و خواستی ئەنجامنەدراوی سەربەخۆیی نەتەوەیی و ئەتنیکیی خۆیان بکەن بە کردەوە و بابەتێکی یاسایی.
بەهەرحاڵ ئەگەر بەم شێوەیە بێت، پێکهاتنی بنەمای هاووڵاتی‌بوون لە کۆمەڵگەیانەدا گرێدراوی پێکهاتنی سروشتیی دەوڵەت-نەتەوە نوێیەکانە. بۆ نموونە پێکهاتنی ئەو کۆمارە نوێیانەی بەرهەمی تێکچوونی بلۆکی رۆژهەڵات بوون کە زیاتر لە بیست وڵاتی نوێ دروست بوون و لە جیهاندا بەفەرمی ناسران. هەندێک لەم کۆمەڵگەیانە، بۆ نموونە چیکەکان و سڵۆڤاکەکان، بۆ پێکهاتنی دوو دەوڵەت-نەتەوەی نوێ لە رێگەی راپرسییەکەوە گەیشتنە رێککەوتن. هەندێک لەم وڵاتانە سەربەخۆییەکی رێژەییان دەستەبەر کرد بۆ نموونە تاجیکستان و تورکمانستان و هەندێکیان بۆ نموونە ئازەربایجان و ئەرمەنستان پاش تێپەڕینی بیست و پێنج ساڵ هێشتاش لەسەر بەفەرمی ناسینی سنوورەکانیان بە رێککەوتن نەگەیشتوون. سەبارەت بە جۆرجیا، لەدوای تێکچوونی سۆڤیەت و پێکهاتنی کۆمارە سەربەخۆکان، گرووپە ئەتنیکییەکانی دانیشتووی ئەم کۆمارە، خوازیاری سەربەخۆیی بوون. راستە کە پێشینەی مێژوویی ئەم کۆمەڵگەیانە هۆکارێکە بۆ ریزبەندییە ئەتنیکییە نوێیەکان، بەڵام دەستێوەردان و ئەندامگیری سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی هۆکار بوون بۆ درێژەداربوونی ئەم قەیرانانە. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved