22/12/2021 07:09 PM

چەمکی هاووڵاتی‌بوون لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

31

چەمکی مافی هاووڵاتی‌بوون لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکوو تایبەتمەندییەکانی دیکەی شارستانییەتی مۆدێرن، هاوردەیە. بە واتایەکی دیکە وڵاتانی ئیسلامی تا بەر لە سەدەی بیستەم لەگەڵ چەمکی هاووڵاتی‌بوون ئاشنا نەبوون و لە فەرهەنگی ئەم کۆمەڵگەیانەدا وشەی هاووڵاتی‌بوون دروست نەبوو، چونکە راستییەکی بە ناوی هاووڵاتی‌بوون، ئەو جۆرەی لە شارستانییەتی رۆژئاوادا بوونی بووە لەم ناوچەیە نەبووە. حەمید عینایەت (نووسەر و وەرگێڕی ئێرانی) دەڵێ: «قورئان مرۆڤ سەرەڕای بیروڕا و پێگە سیاسییەکەی بەفەرمی دەناسێت، بەڵام بەرامبەرێکی بۆ وشەی (Citizenship/ هاووڵاتی‌بوون) نییە. هەر بۆیە موسوڵمانان لە سەردەمی نوێدا ناچار بوون دەستەواژەی نوێ بۆ ئەم چەمکە دانێن: مواطن لە عەرەبی، شهروند لە فارسی و وطن‌داش لە تورکیدا هەموویان وشەگەلێکی نوێن.» وشەکانی هەر زمانێک راستییەکان دەنوێننەوە. هەر ئەو جۆرەی هێما زمانییەکان ماناکان دەنوێننەوە. ئیدوارد سایپێر لای وایە مرۆڤ بە فێربوونی زمانێک تەنها وشەکان فێر نابێت، بەڵکوو شێوەی هزرین و لێکدانەوە تایبەت بەو زمانەش فێر دەبێت. بە هۆی بەشداری نەکردنی خەڵک لە پرسەکانی شاردا، ئەو جۆرەی کە لە شارستانییەتی دێرین و سەردەمی مۆدێرنی ئەوروپادا بووە، وشەی هاووڵاتی‌بوونیش لە سێ زمانی زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێک نەهات. بێرنارد لوویس، پسپۆڕی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پستڕاستکردنەوەی ئەم راستییە دەڵێ: «یەکێکی دیکە لە راستییە جێی سەرنجە فەرهەنگی و مێژووییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەبوونی چەمکی هاووڵاتی‌بوونە. هیچ وشەیەک لە عەرەبی، فارسی و تورکیدا بۆ هاووڵاتیان بوونی نییە. وشەی هاوڕیشەی بەکارهاتوو لە هەر سێ زمانەکەدا بە مانای «هاونیشتمانی»» و یان «نیشتمان‌پەروەر»ـە. هیچ وشەیەک بە مانای هاووڵاتی لە ئینگلیزیدا کە لە وشەی سیۆسی لاتینەوە سەرچاوە دەگرێت و خاوەنی ناوەرۆکی پۆلیسی یۆنانی کە بە مانای بەشداری لە پرسەکانی شاردایە، لە عەرەبی و زمانەکانی دیکەی ئەم ناوچەیەدا بوونی نییە- ئایدیای هاووڵاتی‌ بە مانای «بەشداربوو» و هاووڵاتی‌بوون مانای بەشداری بوونی نییە».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved