22/12/2021 07:10 PM

هاووڵاتی‌بوون و دیموکراسی

32

یەکێک لە پێش‌مەرجەکانی دیموکراسی، بەفەرمی ناسرانی دیاردەی هاووڵاتی‌بوونە. هەر ئەو جۆرەی پێشتر باسمان کرد، هاووڵاتیان خاوەنی مافی مەدەنی، مافی سیاسی و مافی کۆمەڵایەتین. دیموکراسی لە چوارچێوەی مافی سیاسیی هاووڵاتیاندایە. هاووڵاتیان دەبێ مافی هەڵبژاردنی بەرپرسانیان هەبێ. لە سەردەمی پێش‌مۆدێرندا، هاووڵاتی‌بوون لە پاوانی چەندین چینی تایبەتدا بوو و خەڵک بەگشتی نەک بە هاووڵاتی، بەڵکوو بە رەعیەت، خزمەتکار و دارەدەستی حکومەت دەهاتنە ئەژمار. جیا لە بەفەرمی ناسرانی مافی هاووڵاتی‌بون، کەسەکان دەبێ هەست بکەن ئەندامی کۆمەڵگای سیاسی (حکومەت)ـن. تەنیا لەم حاڵەتەدایە کە هاوپێوەندیی سیاسیش لە کۆمەڵگادا دێتە ئاراوە. ئەگەر ئەندامانی کۆمەڵگایەک بەو دەرئەنجامە بگەن لە پرسە گشتییەکانی کۆمەڵگا هیچ پێوەندییەکی بە بەرژەوەندییەکانی ئەوانەوە نییە، کەوابوو نیگەرانی ئەم پرسانەش نابن.
لەو کۆمەڵگەیانەی کەوا هێشتا پێوەندییە پێش‌مۆدێرن و نەریتتەکان زاڵن بۆ نموونە زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژنان، مناڵان و کۆچبەران، پێکهاتە ئەتنیکی و ئایینییەکان بێبەشن لە مافی یەکسانی هاووڵاتی‌بوون. پێکهاتنی هاوپێوەندیی نەتەوەیی لەم کۆمەڵگەیانەدا لەگەڵ کۆمەڵێک دژواریی پێکهاتەیی بەرەوڕووە.
هاووڵاتیان دەبێ بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە رێگەی حکومەتێک کە نوێنەری سەرجەم گەل و نیشتمانە لێک گرێ بدەن. بەڵام لە دۆخێکدا کە دەوڵەت-نەتەوە هێشتا پێک نەهاتووە، یا حکومەتێک نییە کە نوێنەری سەرجەم دانیشتووان بێت، بوار بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی هاووڵاتیی مۆدێرن بوونی نییە. لەم حاڵەتەدا، حکومەتیش پشتیوانی «هاووڵاتیان»ـی لەگەڵ نییە، هاوپێوەندی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی نەتەوەییش دروست نابێت. حکومەتێک کە پشتیوانی خەڵکی لەگەڵ نەبێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی روو لە سەرکوتکاری و ستەم دەکات. لە وەها دۆخێکدا، هاووڵاتی‌بوون مانای خۆی لەدەست دەدات. بەپێچەوانەوە، هۆز و نەتەوەیەک کە حکومەتێک بە نوێنەری خۆی نەزانێ، شوناسی هاووڵاتی‌بوونی نییە. لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا پرۆسەی دروستبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسی دوا دەکەوێت.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

ئەم بابەتە لەفارسییەوە وەرگیراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved