23/12/2021 07:30 PM

هاووڵاتی‌بوون و ئایین

33

هەڵاواردنی ئایدیالۆژیک و ئایینی یان بەبنەماکردنی ئایین وەکوو شوناسی نەتەوەییش لەگەڵ دیاردەی هاووڵاتی‌بوون جیاوازی هەیە. هاووڵاتی‌بوون چەمکێکی سێکولارە و ئایین ناتوانێ ببێتە بنەما. حکومەتی ئیسرائیل نموونەیەکی بەرچاوە کە ئەم پرەنیسپە رەد دەکاتەوە. چونکە بە چاوێکی دیکەوە دەڕوانێتە ئەو هاووڵاتیانەی کە جوولەکە نین و لە کردەوەدا دەبێتە هۆی هەڵاواردنی ئەو کەمینەیەی کەوا کورد نین. ئەم شتە لە هەلومەرجێکدا روو دەدات کە جوولەکەکانی نیشتەجێ و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە، بە شێوەی ئۆتۆمات بە هاووڵاتی ئیسرائیل دنە ئەژمار. لەڕاستیدا هەر وڵاتێک ئایینێکی یەکە بە یاسایەک لە یاسای بنەڕەتی خۆی بێنێتە ئەژمار، لە کردەوەدا هەڵاواردنی کەمینە ئەتنیکییەکانی لێدەکەوێتەوە. هاووڵاتییەک لە کۆمەڵگایەکدا کە بنەمای یاساییەکی لەسەر یەکسانیی مافی هاووڵاتیان دامەزرابێت، ناتوانێ ئایینێکی تایبەت وەکوو ئایینی فەرمی لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا بگونجێنێت.
یاسا ئایینییەکان، بەردەوام پیرۆز و نەگۆڕن، بەڵام یاساکانی هاووڵاتی‌بوون، گرێدراوی پێوەندییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانن و دەگۆڕدرێن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگا پێش‌مۆدێرن، بەکارهێنانی پێوەری تەقوا لەجیاتی پێوەرە یاساییەکانە و ئەمەش رێگە بۆ پۆلێنبەندی کردنی هاووڵاتیان خۆش دەکات. تەقوا بابەتێکی سۆبژێکتیڤ و رێژەییە. پۆلێنبەندیی هاووڵاتیان بەپێی تەقوا هۆکارە بۆ هەڵاواردنی هاووڵاتیان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە تەقوا، بابەتێکە لە بەپێی نەریت و بیروباوەڕەکان پێک دێت و پۆلێنبەندیی کردنی هاووڵاتیان بەم پێیه، شتێکی رووکەشیانەیە. کەسێکی موسوڵمان ناتوانێ رادە و قووڵایی کەسێکی ناموسوڵمان هەڵسەنگێنێ. پێوەری رووکەشیانەی تەقوا کەڵکی دەرەکی هەیە. کەسانێک بە تەقوا و چاکەوە دەردەکەون بۆ ئەوەی لەو هەلە بەردەوامانەی کەوا کۆمەڵگا بۆ ئەوانی داناوە کەڵک وەربگرن و یان گوشاری دەسەڵاتی زاڵ لەسەریان کەم بێتەوە. ئەو کەسانەی تەقوا بە بابەتێکی ژوورەکی دەزانن، دژی خۆنواندنی رووکەشیانەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێوەری ماف و بەرپرسایەتیی «هاووڵاتی‌بوون» هەڵدەسەنگێندرێت و دەرەکییە و «یاسا» پێوەری ئەم هەڵسەنگاندنەیە.
کۆمەڵگا مۆدێرنەکان هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ پاراستنی تەقوا و ئەخلاقی کۆمەڵگا، ئەم شتانە بە پێوەر و پێوانەی مافی کەسەکان نازانن. ئەم پێوەرانە بەر لەوەی پێوەندیی تاک و حکومەت و مافەکانی ئەو دیاری بکات گەرەنتییەکە بۆ کواڵیتی پێوەندییە تاکەکان لەگەڵ یەکتری لە کۆمەڵگای مەدەنیدا. حکومەت ناتوانێ پێوەرێک کە پێوەندی بە حەزی کەسەکانەوە هەیە و هەمووان لەسەر ژوورەکی‌بوونی ئەم شتە کۆکن، بکات بە یاسای هاووڵاتی‌بوون. ئەگەر هاووڵاتی‌بوون بەپێی مافە دیاریکراوە مەدەنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پێک بێت، تەقوا نەک بە بەشێک لەم مافانە بەڵکوو بە بەرپرسایەتیی ئەخلاقی کەسەکان دێتە ئەژمار. دیاریکردنی مافی کەسەکان و دابەشکردنی نایەکسانی ئەم مافانە بەپێی تەقوا، بنەمای کۆمارخوازی، دیموکراسی، کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتی‌بوون دەخاتە ژێر پرسیارە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved