23/12/2021 07:31 PM

ئەتنیک چییە؟

34

ئەم وشەیە لە وشەی یۆنانیی «ئەتنوس»ـەوە وەرگیراوە و بە مانای نەتەوەیە. ئەم نزیکایەتییە لە ریشەی دوو چەمکی نەتەوە و ئەتنیکدا، کاریگەری لەسەر پێناسە جیاوازەکان بووە. شوناسی ئەتنیکی لەسەر یاسای وەفاداری سەرەتایی دامەزراوە. یاسایەک لە جیاوازیی شوناسی بۆ کەسەکانی کۆمەڵگایەک دروست دەکات. واتە کەسەکە لەوانەیە کۆچ بکات بۆ شوێنێکی دیکە بەڵام شوناسە سەرەتاییەکەی خۆی دەپارێزێت. ئەم یاسایە زیاتر زەینییە نەک عەینی. واتە بەپێی پێویست پێوەندیی بە سنوورێکی جوگرافی ئەتنیکەکانەوە نییە. ئەگەرچی نیشتمان هاوبەشی کەسانی سەر بە ئەتنیکێک، یاسایەکی دروستە بۆ دروستبوونی شوناسی ئەتنیکی. بەڵام زۆرن لەو ئەتنیکانەی لە ئەندامەکانی، نیشتمانی هاوبەش یان سنوورێکی جوگرافی یەکەیان نییە. یان نیشتمانی هاوبەشی خۆیان جیهێشتووە یان لەدەستیان داوە بەڵام لە نیشتمانێکی نوێش بەردەوام شوناسی ئەتنیکی خۆیان پاراستووە. چونکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، شوناسی، شوناسی ئەتنیکی جیاوازیی فیزیکیشی لەگەڵە و ئەندامانی ئەتنیکێک لە نیشتمانی نوێ بۆ پاراستن و دروستکردنی دەسەڵاتێکی تۆکمە و بەرگری لە رەهەندە فەرهەنگییەکانی خۆیان لەبەرامبەر ئەوانی‌ دیکەدا، ناچارن سەرقاڵی بەهێزکردنی ئەتنیکەکەی خۆیان بن.
لە روانگەی کۆمەڵناسانەوە، گرووپە ئەتنیکییەکان بە کەسانێک دەڵێن لە خاوەنی فەرهەنگی مێژووی و هەستی شوناسی هاوبەش و جیاواز لە کەسانی دیکە، لە گرووپی گەورەتری کۆمەڵایەتی، واتە کۆمەڵگان. ئەم فەرهەنگە بریتییە لە داب و نەریتەکان، ئوستوورە و رێسا هاوبەشەکان. ئامرازی پاراستن و گواستنەوەی و گوورانی ئەم شتانە، زمانێکی هاوبەشە کە ئەندامانی ئەم گرووپە ئەتنیکییە لێک گرێ دەدات. هەر بۆیە کۆچکردنی ئەندامی ئەتنیکێک و جێهێشتنی شوێنی سەرەتایی ژیان، سنووری جوگرافی یان نیشتمان، بەپێی پێویست شوناسی ئەتنیکییەکەی لەناو نابات. بەردەوامبوون یان نەبوونی شوناسی ئەتنیکی، چ نیشتەجێ و چ کۆچبەر، پێوەندیی بە دۆزی سیاسی و رۆڵی ئەوان لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاوە هەیە. هەستکردن بە سووکایەتی ئەتنیکی، هەستکردن بە ستەمی سیاسی و ئابوورییە و پێوەندی بە دۆزی گرووپە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگاوە هەیە و ئەمە کاتێک روو دەدات کە ئەندامی ئەتنیکێک لە مافی یەکسان و شوناسی دڵخوازی خۆیان بێ‌بەش بن، بە شێوەیەک لە ئەم بابەتە ببێتە هۆی هەڵاواردن و جیاوازیی لە مافی سیاسی (هاووڵاتی‌بوون)ـدا دروست بکات. سەرهەڵدانی جیاوازییە سیاسییەکان و بێ‌بەشبوونی فەرهەنگی کە دەرکەوتەی تێکەڵبوون و چۆنیەتیی بنکەی دەوڵەت-نەتەوەیە، رێگەخۆشکەرە بۆ پەرەسەندن و قووڵکردنەوەی دژایەتییەکان و تێکهەڵچوونە ئەتنیکییەکان.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved