25/12/2021 07:48 PM

ئەتنیسیتە، نەتەوە و رەگەز

36

مێژووی پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوەکان، گەشەی نەتەوەخوازی و پێکهاتنی دیاردەی هاووڵاتی‌بوون، مێژوویەکی نێرانەیە و رۆڵی ژن لە ساحەی کۆمەڵایەتی و زانستیدا یان پشتگوێ خراوە و یان زۆر بە کەمی ناسێندراوە.  بۆ نموونە رۆڵی ژنانی بیرمەند و خاوەنڕای وەکوو هاریت ماتینیۆ کە خاوەنی ٧٠ بەرگ کتێب و زیاتر لە ١٥٠٠ وتارە لە رۆژنامەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، نەناسراوە. هەندێک کەس لەسەر ئەو باوەڕەن لە وشەی کۆمەڵناسی (سوسیۆلۆژی) بەر لە ئاگۆست کۆنت، کە بە باوکی زانستی کۆمەڵناسی دێتە ئەژمار، لەلایەن مارتینیۆوە بەکار هاتبوو. مارتینیۆ وەرگێڕی کتێبی فەلسەفەی پوزیتیڤیسمی ئاگۆست کۆنت بوو و ئەم کتێبەی لە ساڵی ١٨٥٣ لە فەڕەنسا هێنایە سەر زمانی ئینگلیزی، بە جۆرێک لە ئەم وەرگێڕانە بوو بە وەشانی سەرەکیی کتێبەکەی کۆنت (خودی ئاگۆست کۆنت وەشانی وەرگێڕدراوی مارتینیۆی کرد بە بنەمای سەرەکیی کتێبەکەی). جۆرج ریتزێر و داگلاس گودمەن، لە بەرامبەر بەکارهێنانی وشەی «باوکی کۆمەڵناسی» بۆ ئاگۆست کۆنت، دەنووسێ: مارتینیۆ «دایکی کۆمەڵناسی»ـیە. پرۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەش بەگشتی بە رەگەزی پیاوانەوە وەسف کراوە.
بەفەرمی ناسرانی شوناس و رۆڵی ژنان لە رۆژئاوا زیاتر لە سەدەیەکی خایاند. دەستەبەرکردنی ماف لە بەرامبەر ژناندا، چ لە رۆژئاوا و چ لە رۆژهەڵات هاوڕێ بووە لەگەڵ بزووتنەوە مەدەنی، مافی مرۆڤ، ئەتنیکی و دژە کۆیلەداری.
لە رەهەندی سێکسییەوە روانگەی پیاو لەسەر پرۆسەکانی شوناسی ئەتنیکی و پێکهاتنی نەتەوەکانیش لە ئدەبیاتی فەرمی نافەرمیدا ماوەتەوە. بەگشتی وڵات و نیشتمان وەکوو مێیینە وێنا و پێناسە دەکرێت. «وێنای ژنانە لە نیشتمانیش بەگشتی ژنێکە پاک، بەرپرس و دایکانە. بۆ ئەوەی توانانی ورووژاندنی هەست و سۆزی «پیاوە بوێرەکان»ـی هەبێت. لە کوردیدا نیشتمان ناوێکی ژنانەیە و دەستەواژەی «دایکی نیشتمان» لە پرۆسەیەکی لەم چەشنەدا بەدی هاتووە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved