26/12/2021 07:51 PM

کۆمەڵگا فرەفەرهەنگییەکان (بەشی یەکەم)

38

هەندێک کەس جیاوازییە ئەتنیکییەکان دادەبەزێننە سەر جیاوازییە فەرهەنگییەکان. ئەم پێناسەیەش گرێدراوی بارودۆخ و تایبەتمەندییە ئەتنیکییەکانە. بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە بەرهەمی کۆچی گرووپە ئەتنیکی و تەنانەت رەگەزییەکانە بۆ ئەم نیشتمانە، لەگەڵ تێپەڕینی کات جیاوازییە ئەتنیکییەکان کاڵ بووەنەوە و بوون بە جیاوازیی فەرهەنگی. بێگومان مەبەستی ئێمە لێرەدا پێناسەیەکی کۆمەڵناسانەیە لە فەرهەنگ کە بە شێوەی ژیانی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەگوترێت، نەک خوێندنەوەی مەجازییەکان لە فەرهەنگ وەکوو ئەدەبیات و هونەر. بەڵام هەلومەرجی ئەتنیکی لە هەندێک کۆمەڵگادا جیاوازە. بە جۆرێک کە یەکێک لە ململانە بەجێماوەکانی سەردەمی بەر لە دروستبوونی دیاردەی دەوڵەت-نەتەوە، جیاوازیی ئەتنیکییە. تا ئاستێک لە گرووپە ئەتنیکییەکان لەوانەیە لەسەر ئەو باوەڕە بن کە چارەسەربوونی کێشە ئابووری و سیاسی و شوناسییەکان و تەنانەت لەناوچوونی پاشکەوتووییە مێژووییەکان گرێدراوی چارەسەربوونی کێشە ئەتنیکییەکانە و بە جیابوونەوە لە نەتەوە و وڵاتێک کە بە بەشێک لەو دێنە ئەژمار، کێشەکانی ئەوانیش لەناو دەچن. ئەزموونی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات، قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست لەدوای داڕمانی بلۆکی رۆژهەڵات نموونەی ئەم ئەزموونانەن. ئەگەرچی لەوانەیە بەشێک لە خەڵکی ئەم وڵاتانە بەم جۆرە سەرنجی کێشەگەلی وڵاتەکەیان نەدەن و جیابوونەوە لە سۆڤیەت بە بابەتێکی داسەپاو بزانن.
لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکوو ئەمریکا جیاوازییە فەرهەنگییەکان ئەگەر لە سەرەتاوە وەکوو کێشە دێتە بەرچاو، بەڵام هۆکارێکی نەرێنییە بۆ دروستبوونی دیموکراسی و سیستمێکی چەند دەنگی. هەر ئەو جۆرەی لە بابەتەکانی پێشوودا ئاماژەی پێدرا، ئالێکسی دۆ تۆکویل بوونی ئەتنیکە کۆچبەرەکان لە ئەمریکا بە بابەتێکی ئەرێنی دەزانێ کە لە وڵاتێکی وەکوو فەڕەنسا کە بێشکەی بزووتنەوەی رۆشنگەرییە بوونی نەبووە. بوونی گرووپە جۆراوجۆرە کۆچبەرەکان لە ئەمریکا هاوسەنگیی دەسەڵاتی هێناوەتەوە ئاراوە، بەڵام لە فەڕەنسا سەرترخوازییەکانی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژییەکان شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٧٨٩ تا چەندین دەیە درێژەی بوو. هەڵاواردنی رەگەزی لە ئەمریکاش لە رێگەی گشتی‌بوونەوەی دیموکراسی چارەسەر بوو. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

ئەو بابەتە لە فارسییەوە وەرگیراوە

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved