27/12/2021 07:07 PM

کۆمەڵگا فرەفەرهەنگییەکان (بەشی دووەم)

39
بزووتنەوەی مەدەنی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا و گوشار خستنە سەر حکومەتی فیدڕاڵ و هەروەها دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ پووچەڵکردنەوەی خۆڕاگری رەگەزپەرەستان و هێنانە ئارای هاوسەنگیی ئەتنیکی و رەگەزی لەم وڵاتەدا، بابەتێکی کاریگەر بوو. لەڕاستیدا ئەوەی کە ئایینی کرستیانی کە لەنێوان لاینگرانی هەڵاواردنی رەگەزی لەگەڵ قوربانیانی ئەم دیاردەیە، واتە رەشپێشتەکاندا، هاوبەش بوو، نەیدەتوانی ئەم کارەساتە مرۆییەی سەردەمی مۆدێرن لەناو ببات. بەپێچەوانەوە توندئاژۆیانی ئایینی و توندوتیژی‌خواز وەکوو «کو کلاس کلانەکان»، رەگەزپەرەستترین گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا بوون. ئەم گرووپانە لەدوای هەڵوەشانەوەی کۆیلەداری لە ساڵ ١٨٦٥ لەدژی کۆمەڵەی رەشپێستان لە ئەمریکا پێک هاتن. گەشەی بزووتنەوە مەدەنییەکان، ئاگامەندیی بەگۆمەڵ و ئاڵوگۆڕە یاساییەکان لە رێگەی وەرگرتنی پێوەرە یەکەکانی هاووڵاتی‌بووندا بوو کە ئەم کێشە و دژوازییەی ناو سیستمی سەرمایە و دیموکراسی لیبڕاڵی چارەسەر کرد.
هەڵاواردنی ئەتنیکی، دەرکەوتەی سیاسیی سیستمە سەرەڕۆکانە. لە هەندێک وڵاتی دیموکراتیکدا دژوازییەکی گەورە لە پێوەندییەکانیاندا بووەتە هۆی ئەوەی پێشێل کردنی مافی کەمینە ئەتنیکییەکان هەر بمێنێتەوە. بۆ نموونە، یاسای بنەڕەتیی ئەمریکا هەموو مرۆڤەکان بە یەکسان و بەرابەر دەزانێ. بەم حاڵەوە نایەکسانیی یاسایی سەبارەت بە رەشپێستان و ژنان بە شێوەی بەرچاو تا سەدەیەک لەپاش سەربەخۆیی ئەم وڵاتە بوونی هەبوو و پاشماوەکانیشی تا دەیەی شەستی زایینی درێژەی هەبوو. تەنها بزووتنەوەی مەدەنیی دەیەی شەست توانی کۆتایی بەم پارادۆکسە یاساییانە بهێنێت بەڵام کاریگەرییە فەرهەنگییەکانی هەڵاواردنی یاسایی هێشتاش کەم و زۆر لە کۆمەڵگای ئەمریکادا ماوەتەوە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved