29/12/2021 05:39 PM

پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی واقعی ئەتنیک و نەتەوە (بەشی یەکەم)

41
نەتەوە و ئەتنیک هەردوکیان دەبێ لە دیاردەی رەگەز کە شوناسێکی تا رادەیەک سەقامگیرە جیا بکرێنەوە، چونکە هاوئەتنیک بوون یان هاونەتەوە بوونی کەسەکان دەتوانێ لە ماوەی چەندین جیلدا بگۆڕدرێت. چونکە فەرهەنگی و مێژووییە. بەڵام رەگەز، تایبەتمەندییە فیزیکییەکانی خۆی بە ماوەیەکی دوور و درێژ دەپارێزێت. تێکەڵبوونی کۆمەڵگەکان لەگەڵ پرسی پیشەسازی، فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان لە یەک نزیک دەکاتەوە و هاوڕەنگیان دەکات. فێرکاریی قوتابخانەیی، بەکارهێنانی کاڵای هاوشێوە، بوونی میدیای سەرتاسەری، رێستۆرانتی زنجیرەیی و فاست فوودەکان، بەشێکن لەو هۆکارانەی کە فەرهەنگەکان یەکدەست دەکەن.
خاڵێکی دیکە سەبارەت بە رەگەز، هەڵەیەکە کە کەسانێک ئاگامەندانە یان نائاگامەندانە تووشی دەبن و هەندێک جار چەمکی رەگەز لەجیاتی نەتەوە یان تەنانەت ئەتنیک بەکار دێنن. وەکوو بە «رەگەزی ئاریایی» ئەژمارکردنی ئێرانییەکان. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی توێژینەوە بایۆلۆژیکەکان، کە سەدەیەکی بەسەردا تێپەڕ دەبێت، سەرجەم مرۆڤەکان ئەندامی سێ رەگەزی ناسراوی سپی، رەش و مغۆلین. کۆمەڵناسان ئەم دابەشکارییەیان بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی تێکەڵاوییە رەگەزییەکان بە شتێکی ناکامڵ دەزانن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە سەرنجدان بە دیاردەی ئاوێتەبوونی رەگەزی، جیاکردنەوەی رەگەزی و یان دیاریکردنی رەگەزی پاک و تۆکمە راست نییە. بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین ئاوێتەبوونی سپی‌پێستە کۆچبەرەکان لەگەڵ خەڵکی خۆجێیی «سوورپێست» یان «زەردپێست» و لەگەڵ رەشپێستە ئەفریقییەکان، وێناکردنی رەگەزی پاک و یەکدەستی لەناو بردووە. سەرجەم مرۆڤەکان، بە ئەندامی یەک «چەشن» دێنە ئەژمار بەڵام لە ماوەی هەزاران جیلدا و ژیان لەناو بارودۆخی هەرێمیی جیاوازدا، لەباری فیزیکییەوە لێک جیاواز بوونەتەوە و بە تێکەڵبوونەوەیان ئەم جیاوازیانە کەمتر دەبێتەوە. کەوابوو، بەپێچەوانەی وێنای باو، رەگەزی ئێرانی یان عەرەب و تورکانی عوسمانی یان ئەمریکای لاتین و ئەوروپییەکان یەکن؛ هەر ئەو جۆرەی تورکانی مغۆل لەگەڵ خۆجێییەکانی ئەمریکا کە پێیان دەگوترێ «سوورپێست» لەگەڵ چینییەکان یەک شتن.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved