30/12/2021 03:31 PM

کۆمەڵەی خەیاڵی (بەشی یەکەم)

43

دەکرێ فۆرمێکی دیکە لە بۆچوونی هابزبام لە تیۆریی «کۆمەڵەی خەیاڵی»ـی بەنیدێکت ئاندێرسۆندا بدۆزیتەوە. ئاندرێسۆن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوە جۆراوجۆرەکان، ئافرێندراوی خەیاڵی کەسەکانە لە بەستێنێکی مێژوویی تایبەتدا. هاوسانیە فەرهەنگی، رەگەزی و زمانییەکان بەستێنی دەرکەوتنی ئەم خەیاڵانەن. مەسعوود فازڵی لە شرۆڤەی تیۆریەکەی ئاندێرسۆندا دەڵێ: «نەتەوە و نەتەوەخوازی دیاردەیەکی مۆدێرنە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمەوە دەستی پێکردووە. جگە لەوە، ئێمە نەتەوەمان لە سەردەمێکی دیاریکراوی مێژووییدا «نەدۆزیوەتەوە». نەتەوە مەسەلەیەکی داهێنراو نییە. بەم واتایە نەتەوە imagine communityـیە. بە کورتی، ئەم هۆکارانە بۆ داهێنانی مەسەلەی نەتەوە رۆڵیان بووە: خۆجێی‌بوونەوەی ئایین، داڕمانی سیستمی پاشایەتیی کۆن، گەشەی سەرمایەداری، پیشەسازیی چاپ. دەرکەوتنی زمانی دەوڵەتی-نەتەوەیی و ئاڵوگۆڕ بەسەر فامکردنی زەمەندا».
فۆرمی کۆمەڵناسانەی ئەم خوێندنەوەیە دەکرێ لە تیۆریی «پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی واقع»ـی پیتێر بێرگێر و تۆماس لکمان، کە دوو کۆمەڵناسی ئەمریکین، بدۆزینەوە. بێرگێر و لکمان بەها کۆمەڵایەتییەکان بە راستییەک دەزانن کە لە هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و کردار و پەرچەکردارەکانی مرۆڤەکاندا پێک دێت. هەر بۆیە، پێکهاتنی ئەتنیک و نەتەوە وەکوو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دەرەوەی ئەم رێسایە نییە. ئەم پێوەندییە کاتێک زیاتر روون دەبێتەوە کە سەرنج بدەینە جۆرەکانی ناسیۆنالیزمی رەگەزی، زمانی، فەرهەنگی و تەنانەت ئایینی. پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی هەر کام لەم راستیانە، دەرئەنجامی پێویستیی سیاسیی بڕگەیەکی تایبەت لە کۆمەڵگایە. بە هۆی سیاسی بوونی سروشتی نەتەوەیی، لە بارودۆخی زاڵبوونی هۆکارە درەکییەکان، ئەگەر بەرژەوەندیی کۆمەڵێک کەس بخاتە مەترسییەوە، هەر کام لەم هۆکارانە دەتوانن بەرز ببنەوە بۆ ئاستی نەتەوەیی و ببن بە ئیدئۆلۆژیی جووڵەیەکی بەکۆمەڵ. چونکە شوناسی نەتەوەیی لە بنەڕەتدا سیاسییە. بەڵام شوناسی ئەتنیکی، زمانی یان ئایینی دەتوانن ببن بە بابەتێکی سیاسی.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved