1/1/2022 07:55 PM

خەبات لەدژی هاوسەرگیریی مناڵان لە یەمەن (1)

روانگە و پاڵنەر

نۆجوود عەلی فێبریەی ساڵی ٢٠٠٨، ئەو کاتەی کەوا تەمەنی دە ساڵان بوو، لەگەڵ پیاوێک هاوسەرگیری کرد کە تەمەی سێ بەرابەری خۆی بوو، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشە و گرفتە ئابوورییەکانی بنەماڵەکەی بهێنێت. کەیسی نۆجوود لە یەمەندا نائاسایی نییە؛ لەڕاستیدا زۆرینەی کچانی یەمەنی بەر لەوەی بگەن بە تەمەنی ١٨ ساڵ لەگەڵ پیاوانێک کە بەتەمەنترن لە خۆیان هاوسەرگیری دەکەن. نۆجوود کە هیچ حەزی لە هاوسەرگیری نەبوو، لە سەرەتای ژیانی هاوبەشەوە بەردەوام لەلایەن هاوسەرە تەمەن سی ساڵەکەیەوە دەستدرێژی سێکسی دەکرایە سەر و لێی دەدرا. نۆجوود لەدوای دوو مانگ لە ماڵی هاوسەرەکەی رای کرد و بە تەکسییەک خۆی گەیاندە دادگایەک لە سەنعای پایتەختی یەمەن. ئەو دەیهەویست داوای تەڵاق بکات. لەدوای چاوەڕوانییەک درێژخایەن لە دادگا، دادەورێکی بەبەزەیی چیرۆکەکەی نۆجوودی بیست و ئەوی بۆ پشوودانی کۆتایی هەفتە بردە لای بنەماڵەکەی خۆی؛ ئەم دادوەرە فەرمانی کرد باوک و هاوسەرەکەی نۆجوود دەستبەسەر بکرێن. لە پاشان نۆجوود رەوانەی لای شادا ناسر، پارێزەری مافی مرۆڤ، کرا. ناسر دۆسیەکەی ئەوی بە سەرکەوتوویی لە دادگا خستە روو و توانی تەڵاقی نۆجوود لە هاوسەرەکەی وەربگرێت.
پاش ئەوەی چیرۆکی نۆجوود لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، پرسی هاوسەرگیریی مناڵان وەکوو یەکێک لە پڕکێشەترین و کۆنترین نەریتی وڵاتی یەمەن، بدرێتە بەر سەرنج. ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکان دەستیان کرد بە خەبات لەدژی ئەم دیاردەیە لە یەمەن بەڵام کەیسەکەی نۆجوود، چاو و گوێی کۆمەڵگای یەمەن و کۆمەڵگای جیهانی کردەوە.

ئامانج و مەبەستەکان

نۆجوود لە حاڵێکدا کە لەسەر راکردن لە هاوسەرگیرییە دڵتەزێنەکەی خۆی چڕ ببووەوە، تامەزرۆ بوو کە سەردانی خوشکە بچووکەکەی بکات بۆ ئەوەی تووشی هەمان چارەنووس نەبێت کە خۆی تووشی ببوو. نۆجوود دەڵێ: «من ئەو کارەم کرد بۆ ئوەی خەڵک سەبارەت بە بەشوودانی کچەکانیان لە تەمەنی خوارەوەدا گوێ لە قسەی کەسانی دیکە بگرن و دووبارە بیر لەم مەسەلەیە بکەنەوە.» شادا، پارێزەرەکەی نۆجوود، بەهیوا بوو کە دۆسیە بەناوبانگەکەی نۆجوود بە کچانی کەم تەمەنی دیکە بسەلمێنێت کە ناچار نین لەو ژیانە هاوبەشانەدا بمێننەوە کە لەواندا دەستدرێژیان دەکرێتە سەر.
شادا لە پەنای گرووپەکانی پشتیوانی مافی ژنان و مناڵان، لەگەڵ ئەم بۆچوونە هاوڕا بوو کە باشترین رێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گشتگیری هاوسەرگیری مناڵان، فێرکارییە. فێرکاری، ئامانجێکی تەواوکەر و جدییە بۆ خەبات لەدژی هاوسەرگیریی مناڵان لە یەمەن. نزیکەی لە سەتا حەفتا و پێنجی ژنانی یەمەنی نەخوێندەوارن و زۆرینەیان بە هۆی هەژاریی لەڕادەبەدەرەوە ناتوانن بخوێنن. لەم حاڵەتدا بنەماڵەکان هەست بە ناچاری دەکەن کە کچەکانیان بدەن بە پیاوانی بەتەمەن بۆ ئەوەی بەخێویان بکەن. دایک و باوکەکان، بەگشی لەسەر ئەو باوەڕە نین کە هاوسەرگیری (و کردەوە پێوەندیدارەکانی) لە چەند ساڵی یەکەمدا نایەتە دی و بەدیهاتنەکەی بەپێی یاسای یەمەن تا تەمەنی خۆناسینی کچ قەدەغەیە. بەڵام لەم وڵاتەدا ناکرێ پیاوان بەهۆی توندوتیژیی سێکسی لەدژی ژنەکانیان دادگایی بکرێن. ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک نەکرێ رێگری لە دەستدرێژی بۆ سەر کچانی کەم تەمەن بکرێت. گۆڕینی یاسا، هەنگاوێکی گرنگە بەڵام فێرکاریی کچانی کەم تەمەن و بەقەناعەت گەیاندنی بنەماڵەکان بۆ ئەوەی کچەکانیان لە تەمەنی کەمدا بەشوو نەدەن، هەر بەو ئەندازەیە گرنگە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved