1/1/2022 07:57 PM

خەبات لەدژی هاوسەرگیریی مناڵان لە یەمەن (2)

رێبەرایەتی
بڕیاڕە بوێرانەکەی نۆجوود بۆ کۆتایی‌هێنان بە هاوسەرگیریەکەی خۆی، رووداوێکی مێژووییی بوو لە مێژووی یەمەندا چونکە بۆ کردەوەکەی ئەو تەنها چەند حاڵەتی هاوشێوە بوونی هەبوو. نۆجوود گوتی: «من کیژێکی لادێیی سادەم کە بنەماڵەکەی ناچار بوو کۆچ بکات بۆ پایتەخت و من هەمیشە گوێرایەڵی فەرمانەکانی باوک و براکانم بووم. بەردەوام فێر بووم بڵێم بەڵێ. ئەمڕۆ بڕیارم داوە بڵێم نا.»
راپۆرتی نۆجوود لە رەوتی دادگا، دەریدەخات ئەو لەوەی کە کەیسەکەی ئاوەها بووەتە جێی سەرنج سەری سوڕماوە: «هەرگیز لام وانەبوو لە ئەم هەمووە پێشوازییە لە کەیسەکەی من بکرێت. من! بۆ چەندین مانگ قوربانییەکی بێدەنگ، لەنەکاو بووم بە ناوەدنی سەرنجدانەکان و لەگەڵ ئەم هەمووە رۆژنامەوانە رووبەڕوو بوومەوە.» هیلاری کلینتۆن، نۆجوودی «بە یەکێک لە گەورەترین ژنانێک کە تا ئێستا بینیومە»، هێناوەتە ئەژمار. کلینتۆن دەڵێ: «ئەو بە بوێرییەکەی بووەتە سەرچەشن.»
کەیسەکەی نۆجوود بەبێ رێنوێنیی شادا ناسر، پارێزەرێکی دیار لە یەمەن، نەیدەتوانی سەرکەوتن دەستەبەر بکات. ناسر لەدوای ئاگاداربوونەوە لە چیرۆکەکەی نۆجوود لە رێگەی دادوەرێکی هاودڵ لە سەنعا، پێوەندی بە رۆژنامەی تایمزەوە گرت بۆ ئەوەی هەمووان  لەم چیرۆکە ئاگادار بکاتەوە. ئەم کارە بوو بە سەرچاوەیەک بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی. حەزی ناسر بۆ خەبات بۆ مناڵان و ژنان و خۆڕاگری لە بەرامبەر ترس و دڵەڕاوکێی ئەو دادگایانەی لەژێر کارتێکەریی پیاواندا بوون، ئەوی راکێشی هاوشێوە دەکرد. ئەو لەم کەیسانەدا یارمەتی مناڵانی دەکرد بۆ ئەوەی بە رادەیەکی بەرزتر بە نیسبەت ساڵی ٢٠٠٨، لە هاوسەرەکەیان جیا ببنەوە.

کەشی مەدەنی
پاش یەکگرتنی یەمەنی باشوور و یەمەنی باکوور لە ساڵی ١٩٩٠، هەندێک لە پرسە یاساییەکان لەلایەن حکومەتی نوێوە پشتگوێ خران. یەمەنی باشووری لیبڕاڵتر، خاوەنی یاسای «تەمەنی لانیکەم ١٦ ساڵ بۆ هاوسەرگیری» بوو بەڵام لە بەشی باکوور ئەم ژمارەیە ١٥ ساڵ بوو. لە کۆتاییدا لانیکەم تەمەنی پێوەندیدار بۆ باکوور پەسەند کرا؛ بەڵام نۆ ساڵ دواتر لەگەڵ هەڵوەشانەوەی تەمەنی لانیکەم بۆ هاوسەرگیری، ئەم لانیکەمە هەڵوەشایەوە و ژیانی زۆرینەی کچانی کەم تەمەن کەوتە مەترسییەوە. یەمەن خاوەنی یەکێک لە بەرزترین ئامارەکانی کاتی مناڵبوونە لە جیهاندا (٣٧٠ لە ١٠٠٠٠٠) و بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم راستییە ئەوەیە کە کچان لە تەمەنی ژێر ١٥ ساڵدا ناچار دەبن هاوسەرگیری بکەن. تا ئەو کاتەی کەیسەکەی نۆجوود لە ٢٠٠٨ـدا لە ساحەی گشتیدا خرایە روو، هیچ پێشکەوتنێک سەبارەت بە هاوسەرگیریی مناڵانەوە نەهاتبووە ئاراوە. کەیسەکەی نۆجوود بووە هۆی ئەوەی پەرلەمانی یەمەن دواجار ئەم پرسە بخەنە بەر توێژینەوە و یاسایەک پەیڕەو بکات لە لانیلکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ مناڵان بکات بە ١٧ ساڵ. گرووپەکانی مافی ژنان و مناڵان لە یەمەن ئیلهامیان لە کەیسەکەی نۆجوود وەرگرت و هیوادار بوون لە ئەم سەرنجە گشتییە بەنیسبەت یەمەن، پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە وەکوو یاسایەک ئاسان بکاتەوە.
بەداخەوە کۆمیتەی شەریعەتی یەمەن بەخێرایی، واژۆکردنی ئەم یاسایەی راگرت. باسکردن لەم بارەیەوە ئێستاش لەنێوان محافزەکارانەوە کە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئیسلام هیچ تەمەنێکی بۆ هاوسەرگیری دانەناوە و نوێنەرانی لیبڕاڵ لە لەسەر ئەو باوەڕەن هاوسەرگیریی مناڵان رەنجی جەستەیی و دەروونی درێژخایەن دروست دەکات، درێژەی هەیە. لەگەڵ درێژەی باسەکە، مناڵان تووشی رەنجەکانی ئەم راستییە سەختە بوون. لە ١٢ـی سیپتەمبەری ٢٠٠٩، کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ لەکاتی بوونی مناڵەکەیدا مرد؛ کچێکی مێرمناڵی دیکە لە ئافریلی ٢٠١٠، بە هۆی خوێنبەربوون لەدوای دەستدرێژی هاوسەرەکەیەوە مرد.
ئەگەرچی کەیسەکەی نۆجوود مژاری هاوسەرگیریی مناڵانی لە ساحەی گشتیدا خستووەتە روو، هێشتاش بۆ مناڵانی کەم تەمەن زۆر ئەستەمە لە لە هاوسەرکەیانیان جیا ببنەوە. بەپێی راپۆرتێکی IRIN، (ناسر) پارێزەرایەتیی چەندین کەیسی تەڵاقی مناڵانی کەم تەمەنی لە ئەستۆ بووە بەڵام قەبووڵی دەکای کە زۆرینەی دۆسیەکانی دۆڕاندووە. تەنها ژمارەیەکی کەم لە مناڵان توانیویەتی بە سەرکەوتوویی لە هاوسەرەکانیان جیا ببنەوە. ئەو ئەم دۆخە لەم مژارە گرێ دەدات کە لە تەڵاقدا، مارەیی دەبێ بە تەواوی یان بەشێکی بدرێت بە پیاوەکە و بەگشتی بنەماڵەی بووک لەوە هەژارترن کە بتوانن ئەم بڕە پارەیە بەتەواوەتی بدەن. زیاتر لەوە، بە هۆی ئەوەی دەبێ تەڵاقەکان لە شوێنێک تۆمار بکرێن کە هاوسەرگیرییەکە رووی داوە کە زۆر جار هەمان گوندی هاوسەرەکەیە، دادوەرێکی عەشیرەیی بێ‌لایەن، کچێکی کەم تەمەن بە ئەگەری زۆرم کەم تەڵاق دەدات.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

ئەم بابەتە لەفارسییەوە وەرگیراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved