2/1/2022 07:09 PM

خەبات لەدژی هاوسەرگیریی مناڵان لە یەمەن (3)

خەبات لەدژی هاوسەرگیریی مناڵان لە یەمەن (3)
پەیام و بەردەنگ
زۆرینەی رێکخراوەکان بۆ نموونە یەکێتیی ژنانی یەمەنی، رێکخراوەی سیاج بۆ پشتگیری لە مناڵان، ناوەندی پێوەندییە جیهانییەکانی کچان و تریبۆنی خوشکانی عەرەب بۆ مافی مرۆڤ، جگە لەوەی بەشوێن بەرەوپێش بردنی چاکسازیی یاساییەوەن، بەڵکوو کۆمەڵێ پلانیشیان بۆ رێگری کردن لە کچان بۆ ئەوەی لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری نەکەن، هەیە. ناوەندی پێوەندییە جیهانییەکانی کچان – لقێک لە بنکەی گەشەی مناڵان و مێرمناڵانی یەمەنی – بەو یارمەتیانەی لەلایەن گۆڤاری گلامۆرەوە بە مەبەستی سەرکەوتنی کەیسەکی نۆجوود ئاراستە کرابوون، پێک هات. ئەم ناوەندە کە لە سەنعا هەڵکەوتووە، هەموو ساڵێ کۆمەڵێک بەرنامەی فێرکاری کە بریتییە لە فێرکاریی زمانی ئینگلیزی و کۆمپتەر بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ کچ پێشکەش دەکات. زۆرینەی ئەم بەرنامانە بێ‌بەرامبەرن چونکە بنەماڵەکان ناتوانن تێچووەکەی بدەن. 
وەفا ئەحمەد لەلایەن یەکێتیی ژنانی یەمەنییەوە دەڵێ: «ئەم هاوسەرگیرییە پێش‌وەختانە، مافی سەردەمی ئاسایی مناڵان و فێرکاریی لە مناڵانی کچ زەوت دەکات. کچان بەر لەوەی جەستەیان بەتەواوی گەشە بکات ناچار دەکرێن دووگیان بن، لەجیاتی ئەوەی بچن بۆ قوتابخانە و لەگەڵ مناڵانی دیکەدا یاری بکەن». 

چالاکییە بەربڵاوەکان
لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، نۆجوود عەلی و شادا ناسر بە وەرگرتنی خەڵاتی ژنانی ساڵ لەلایەن گۆڤاری گلامۆرەوە بوون بە دوو روخساری جیهانی. کوندۆلیزا رایس بە بینینی نۆجوود شاگەشکە ببوو و گوتی «نۆجوود خەریکە دەبێت بە سەرچاوەیەکی ئیلهامی گەورە». ناوبانگ و رێزێک کە نۆجوود لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە دەستەبەری کرد، خەڵکی سەرتاسەری جیهانی هان دا بۆ ئەوەی یارمەتی بنکەیەکی فێرکاری بکەن کە لەودا نۆجوود یارمەتی کچان دەکات بۆ ئەوەی بدرێنە بە فێرکارییە پێویستەکان. ئەم بنکەیە دواتر بوو بە ناوەندی پێوەندییە جیهانییەکانی کچان. نۆجوود کتێبێکی سەبارەت بە ئەزموونی خۆی بە ناونیشانی «من نۆجوودم، دە ساڵ و تەڵاقدراو» نووسی کە بەخێرایی لە شوێنی چاپبوونەکەی واتە فەڕەنسا بوو بە کتێبێکی پڕفرۆش. ئەو لە ئێستادا ڤە کەڵک وەرگرتن لە یارمەتییە ماڵییەکان، لە قوتابخانەیەکی ئەهلی لە یەمەن خۆی ناونووس کردووە. 
چیرۆکەکە نۆجوود بووەتە هۆی هاتنە ئارای کۆمەڵێک باس سەبارەت بە سوود و زیانەکانی یاسایەک بۆ سنووردار کردنەوەی هاوسەرگیری کەسانی سەرووی ١٧ ساڵ. ئەگەرچی نۆجوود لە کاتی تەڵاق وەرگرتندا دە ساڵان بوو، بەڵام چیرۆکەکەی لە جیهاندا دەنگی دایەوە. ئەم چیرۆکە بابەتی سیاسەتدانانی مافی مرۆڤی لە یەمەن و جیهانی ئیسلامەوە هێناو ناو احەی نێودەوڵەتییەوە.

 

 

خاک_ سیامەند موهتەدی 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved