9/1/2022 03:30 PM

گۆڕانکارییەکی پێستی کە نابێ پشتگوێ بخرێت

هەوای ساردی زستان دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر سەرنجی پێستتان بدەن و بەشوێن رێکارێکەوە بن بۆ پاراستنی تەندروستی و شێدارکردنی ئەم بەشە گرنگەی جەستە. رۆتینی ئاگاداری کردن لە پێست زۆرر گرنگە بەڵام هەندێک جار سەرەڕای ئەم ئاگاداری کردنە، دەبینن پێست رووبەڕووی کێشەیەکی تایبەت بووەتەوە کە لەوانەیە پێوەندی بە نەخۆشییەکانی گورچیلەوە هەبێ.
پێستێکی وشک کە کەسەکە هەست بە خورانی بکات نیشانەیەکی سەرەتایی بۆ نەخۆشییەکان گورچیلە. ئەم چەشنە نەخۆشیانە زیاتر لە ٣٧ ملیۆن کەسی لە جیهاندا تووش کردووە بەڵام نیشانەکانی زۆر بەرچاو نین و ئێوە دەبێ بە باشی هۆشتان بە خۆتانەوە بێ؛ چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورەتر.
ئەرکی سەرەکی گورچیلە ئەوەیە کە ئێسکەکان بەهێز رابگرێت و بە جۆرێک کار بکات لە بڕی پێویست لە مەوادی کانگەیی بڕۆنە ناو خوێنەوە. کاتێک گورچیلە نەتوانێ ئەم مادە کانگەیی و خۆراکیانە کۆنتڕۆڵ بکات، جەستە لەگەڵ کەمبوونی ئەم مەوادە رووبەڕوو دەبێتەوە و پێست وشک دەبێت و کەسەکە هەست بە خوران دەکات.
بەگشتی نیوەی ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشییەکانی گورچیلەن، هەست بە خورانی پێست دەکەن. خوران و وشکبوونی پێست یەکێک لە باوترین نیشانەکانی ئەم جۆرە نەخۆشیانەیە. ئەم خورانە کاتێک زیاد دەبێت کە دۆخی گورچیلە خراپتر بێت؛ تەنانەت ئەو کەسانەی دیالیز دەکرێن (واتە لە دەزگای گوڕچیلەی دەسکرد کەڵک وەردەگرن) لەگەڵ ئەم پرسە رووبەڕوو دەبنەوە و لە باری دەروونییەوە کەسەکان دەخاتە ژێر گوشارەوە.
ئەم نیشانانە کەم بێت یان زۆر جیاوازییەکی نییە. بە هەر چەشنێک بێت، خورانی پێست کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کواڵیتی ژیانی کەسەکان هەیە. دەرئەنجامی توێژینەوەیەک دەریخست ٢٤٪ـی کەسانی بەشداربوو لە توێژینەوەکەدا هەستیان بە خورانی پێست دەکرد و هەر ئەم کەسانە لەدرێژەدا دەرکەوت نیشانەکانی خەمۆکی و کەم‌خەویشیان ئەزموون کردبوو.

 

سەرچاوە: bestlifeonline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved