12/1/2022 08:10 PM

بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشییەکانی دڵ نەبن شەوانە کاتژمێر 10 بخەون

خەوتن لە «کاتژمێری زێڕێن» واتە لەنێوان ١٠ بۆ ١١ـی شەو مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. ئەمە دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی بەربڵاوە. ئەم توێژینەوەیە کە لەلایەن زانکۆی "ئێکستێر"ـی بەریتانیاوە ئەنجام دراوە، دەڵێ خەوی دوای نیوەشەو لەوانەیە زیان بە دڵ بگەیێنێت چون ئەگەری بینینی تیشکی بەیانیان کەم دەبێتەوە، بابەتێک کە دەبێتە هۆی تێکچوونی کاتژمێری سروشتیی جەستە.
زانایان داوایان لە بەشداربووانی توێژینەوەکە کرد بە ماوەی یەک هەفتە تراکێر (Tracher) بە مەچەکی دەستیانەوە ببەستن و بەم ئامرازە کاتژمێری خەو و بێداری بەشداربووانیان کۆنتڕۆڵ کرد. سەبارەت بە لایف ستایلیشیان چەند پرسیاریان لێ پرسین. داتا دەسکەوتووەکان لەگەڵ پێشینەی پزشکیی ٥ ساڵی رابردووی بەشداربووان لە بارەی نەخۆشی، جەڵتە و ناتەندروستیی دڵ بەراورد کرا. زانایان تێگەیشتن نزمترین رادەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەو کەسانەدا بوو کە هەمیشە لەنێوان کاژمێر ١٠ بۆ ١١ دەخەوتن. ئەو کەسانەی نیوەشەو دەخەوتن، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەواندا ٢٥٪ زیاتر بوو.
ئەم توێژینەوەیە دەریخست خەوتنی بەر لە کاتژمێر ١٠ـش، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵی لەواندا بە بڕی ٢٤٪ زیاد کردبوو. جگە لەوە، ئەگەری تووشبوون بەم جۆرە کێشانە لەو کەسانەی لەنێوان کاتژمێر ١١ بۆ ١٢ دەخەوتن ١٢٪ زیاتر بوو.
زانایان لەم توێژینەوەیەدا کە لە گۆڤاری زانستیی European Heart Journalـدا بڵاو بووەتەوە، بەم دەرئەنجامە گەیشتن کە هاندانی کەسەکان بۆ ئەوەی کاتی خەوێکی دیاریکراو و رێکوپێکیان هەبێ، رێگری لە نەخۆشییەکان دڵ دەکات بە سەرفی کەمترین تێچوو.
ئەم توێژینەوەیە دەریخست پێوەندیی نێوان کاتژمێری خەو و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ لە ژناندا زیاترە، بابەتێک کە لەوانەیە هۆکارەکەی جیاوازییە هۆرمۆنییەکان بێت لە ژناندا. ئەو پیاوانەی تا دوای نیوەشەو بەخەبەر دەبوون، تووشی نەخۆشی نەببوون، ئەگەرچی ئەگەری دەرکەوتنی کێشەکانی دڵ لەو پیاوانەی کە بەر لە کاتژمێر ١٠ دەخەوتن زیاتر بوو.
دوکتور پلێنز، یەکێک لە بەرپرسانی توێژینەوەکە، دەڵێت: «ئەگەر دەسکەوتی توێژینەوەکەی ئێمە لەباری زانستیەوە بسەلمێت، کاتبەندیی بۆ خەو و لەبارچاوگرتنی پرەنسیپە بنەماییەکانی تەندروستیی خەو دەتوانێ شێوازێکی کەم خەرج بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ».
زانایان هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێ لەیادی بکەین لە خەو تەنها هۆکاری کاریگەر لەسەر تەندروستیی دڵ نییە و لایف ستایلی کەسەکانیش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەم بوارەدا هەیە. هەر بۆیە دەبێ بەردەوام ئاگاداری فشاری خوێن و رادەی کۆلستڕۆڵی خوێنتان بن، کێشی جەستەتان لە ئاستێکی گونجاودا بێت، بە بەردەوامی وەرزش بکەن، خواردنی خوێ کۆنتڕۆڵ بکەن، واز لە خواردنەوەی کحول بهێنن و سیستمی خۆراکەکەتان هاوسەنگی هەبێت.

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved