15/1/2022 06:34 PM

زۆر خواردنی ئەم خۆراکانە زیانی لێدەکەوێتەوە

هەندێک کەس لەسەر ئەو بڕوایەن خۆراکە بەسوودەکان تەنانەت ئەگەر زۆریشی بخۆی هیچ کێشەیەکی نییە و هەر بۆیە لە خواردنی بۆ نموونە میوە و سەوزەدا زێدەڕۆیی دەکەن و نازانن کە لەوانەیە بە ئەندازەی شەکر یان خوێ زیانیان هەبێت. لەدرێژەدا ئاماژە بە بەشێک لەو خۆراکە بەسوودانە دەکەین کە زێدەڕۆیی کردن لە خواردنەکەیاندا دەتوانێ زیانی لێبکەوێتەوە.

مۆز: زێدەڕۆیی لە خواردنی مۆزدا دەبێتە هۆ رزینی ددان. ئەم میوەیەش هاوشێوەی شەکر دەتوانێ ببێتە هۆی بەرهەمهاتنی بەکتریا زیاندەرەکان بۆ ددان، واتە ئەو بەکتریانەی زیان بە مینای ددان دەگەیێنن. بەخۆشحاڵییەوە ئەو بڕە شەکرەی لە مۆزدایە زۆر نییە. هەروەها مۆزی نەگەییو بڕێکی زۆر مادەی تیرامینی تێدایە کە دەتوانێ ببێتە هۆی سەرئێشە.

پەنیر: خواردنی لەڕادەبەدەری پەنیر مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەرز دەکاتەوە. ئەم مادە خۆراکییە، چەوری زۆر تێدایە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیانبەرکەوتنی دەمارەکانی دڵ. پەنیر زۆر جۆر هۆکارە بۆ کزانەوەی دڵ و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی هۆرمۆنێک بە ناوی «کولە سیتۆکینین». ئەم هۆرمۆنە لەکاتی خواردنی پەنیر لە جەستەدا بەرهەم دێت.

برنج: برنج سەرەڕای بەتامبوونەکەی، ڤیتامینێکی ئەوتۆی نییە. کەوابوو بە خواردنی لەڕادەبەدەری برنج لە زۆرێک لە ڤیتامینەکان بێ‌بەش دەبن. برنج دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەنەکاوی ئاستی ئانسۆلین. بابەتی گرنگ لەم بارەوە ئەوەیە کە خواردنی ئەم مادە خۆراکییە دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنی ئارسنیک ئەم مادەیەش دابەزینی چالاکییەکانی مێشکی لێدەکەوێتەوە.

کەلەرمی برۆکلی: ئەم سەوزەیە مادەی تیۆسیاناتی تێدایە کە دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنی لەڕادەبەدەری هۆرمۆنی تیرۆئید. کەوابوو، لەوایەنە تووشی رووتانەوەی قژ، ئاوسانی دەموچاو و کێشەی دیکە بن. کەلەرمی برۆکلی هۆکارە بۆ گیرانی لووت و کاردانەوە ئالەرژیکەکان بۆ نموونە خورانی پێست و شتی لەم چەشنە.

بلۆبێری: ئەم میوەیە دەتوانێ شەکری خوێن دابەزێنێت بۆ کەمتر لە ئاستی سروشتی، ئەمەش بۆ تووشبووانی شەکرە دۆخێکی مەترسیدارە. بلۆبێری دەبێتە هۆی تراوبوونەوەی خوێن، کەوابوو دەبێ زۆر بە ئاگادارییەوە ئەم میوەیە بخۆن بەتایبەت ئەگەر دەرمانێکی تایبەت بەکار دێنن.

جۆ: توێژینەوەیەک دەریخست کەمکردنەوەی خواردنی ریشاڵی خۆراکی دەتوانێ نیشانەکانی قەبزی بە رادەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. زیاد لەوە، خواردنی لەڕادەبەدەری جۆ، رادەی مژینی کالیسیۆم ومەگنسیۆمی جەستە کەم دەکاتەوە. زێدەڕۆیی لە خواردنی جۆدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کێش، بەتایبەت ئەگەر ئەو بەهارات و مەوادەی دیکە کە لێی زیاد دەکرێت زۆر بێت.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved