16/1/2022 06:45 PM

ماسکێکی تایبەت کە تووشبووانی کۆرۆنا دەستنیشان دەکات

تاقمێک لە زانایان ژاپۆنی نموونەیەک لە فیلتەری ماسکیان بەرهەم هێناوە کە ئەگەر تووشبووی کۆرۆنا بەکاری بێنێت، لە ژێر تیشکی سەروو وەنەوشەییدا دەدرەوشێتەوە و شوێن‌پێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات. زانایانی زانکۆی کیۆتۆ دەڵێن ئەو ماسکەی بەرهەمیان هێناوە فیلتەرێکی دیکەشی لە توێژەکانی دیکەدا هەیە. ئەگەر ئەم ماسکە لابەرن و رەنگی فلۆرسێنت کە ئەنتی‌بادی تێدایە بە ماسکەکەیدا بکەن، کاتێک ماسکەکە لە ژێر تیشکی سەروو وەنەوشەییدا دابنێن، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنای پێوە بێت فیلتەرەکە دەدرەوشێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن زانکۆی کیۆتۆوە بڵاو کراوەتەوە، ئەم گرووپە توێژینەوەییە بۆ دروستکردنی ئەم شێوازە سەرەتا جۆری ناچالاکی ڤایرۆسی کۆرنایان خستە ناو جەستەی وشتر مرخی مێوینەوە. لەمەودوا هەوڵەکانی خۆیان لەسەر دەستەبەکردنی ئەنتی بادی لە هێلکەی وشتر مرخەکاندا چڕ کردەوە. (ئەنتی بادی جۆرە پڕۆتینێکە کە لە لەلایەن سیستمی بەرگریی جەستەئ مرۆڤەوە لە وڵامی بەکتریا و ڤایرۆسەکاندا بەرهەم دێت). پاشان ئەنتی‌بادییە دەستەبەربووەکانیان لە رەنگی فلۆرسێنت زیاد کرد.
یاسۆهیرۆ تسۆکامۆتۆ، بە میدیاکانی ژاپۆنی راگەیاند: ئەو ئەم تاقیکارییە لە خولێکی ١٠ رۆژەدا لەسەر ٣٢ تووشبووی کۆرۆنا ئەنجام دا. توێژەران تێگەیشتن کە ئەو ماسکانەی ئەم ٣٢ بەشداربووە بەکاریان هێنابوو، دوای ئەوەی کە ئەنتی‌بادیان لێ زیاد کردن و خستیان ژێر تیشکی سەروو وەنەوشەییەوە، درەوشانەوەیەکی زۆریان هەبوو و شوێن‌پێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێوە بوو. هەروەها بە گوتەی گرووپی توێژینەوەیی تسۆکامۆتۆ، ئەم درەوشانەوەیە بەرە بەرە و لەگەڵ باشبوونەوەی دۆخی تەندروستیی تووشبووان و کەمبوونەوەی رادەی ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا کەمتر دەبووەوە.
تسۆکامۆتۆ بەتەمایە لە خولی نوێی تاقیکارییەکانی ئەم گرووپە توێژینەوەییەدا، ئەم ماسکە لەسەر ١٥٠ بەشداربوو تاقی بکاتەوە. تسۆکامۆتۆ هیواداری خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی بتوانێ لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا هاودەنگیی حکومەتی ژاپۆن بۆ رەوانەکردنی ئەم ماسکانە بۆ بازاڕ دەستەبەر بکات.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved