19/1/2022 06:59 PM

ساردبوونی دەست نیشانەیەکە بۆ ئەم نەخۆشیانەیە

لە وەرزی سەرمادا کاتێک دەڕۆنە دەرەوە سروشتییە کە دەستمان سەرمای بێت بەڵام هەندێک کەس بەدەوام دەستیان ساردە. ئەوەی کە بەردەوام دەست و پەنجەکانتان سارد بێت، بەو واتایەیە کە سووڕی خوێن بە باشی لە دەستتاندا لە گەڕدا نییە. داخرانی هەندێک لە دەمارەکان لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ رێگری کردن لەوەی کە خوێن بە دەستتان بگات، یان لەوانەیە باریکبوونەوەی دەمارەکان هۆکاری ئەم کێشەیە بێت. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین هۆکارەکانی دیکەی ساردبوونی هەمیشەیی دەست بخەینە روو.

نەخۆشیی شەکرە
: تووشبووانی شەکرە لەوانەیە رووبەڕووی سڕبوونی دەست و قاچ ببنەوە؛ وەک ئەوەی ئێش یان موچڕک یان سڕبوون لە دەست و قاچدا دروست بێت. ئاڵوگۆڕەکانی پێوەندیدار بە ژیانی تەندروست واتە وەرزشکردن، کۆنتڕۆڵکردنی فشاری خوێن، کێشی تەندروست و سیستمی خۆراکی تەندروست دەتوانێ ئەم دۆخە باشتر بکات.

کەم‌خوێنی: ئەگەر دەست و قاچتان هەمیشە سەرمایەتی و نائارام و ماندووە و لەگەڵ ئەوانەدا هەست بە سەرگێژبوون و تەنگەنەفەسی دەکەن، بەو واتایەیە کە تووشی کەم‌خوێنی بوون. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە رێگای گەیاندنی ئاسن بە جەستەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەو خۆراکانە بخۆن کە خوێن و ئاسن  بەرهەم دێنن. هەڵبەت هەندێک لە پزیشکەکان لەم دۆخەدا مۆڵەتی وەرگرتنی چەندین دەرمانیشتان پێدەدەن.

تیرۆئیدی کەم‌کار: ئەم حاڵەتەش یەکێک لە هۆکارە باوەکانی ساردبوونەوەی دست و قاچە و کاتێک روو دەدات کە تیرۆئید بە رادەی پێویست هۆرمۆن بەرهەم ناهێنێت و خێرایی مئتابولیزم کەم دەبێتەوە و هەر ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە لەبەرامبەر سەرمادا هەستیار بێت و کۆمەڵێک نیشانەی دیکەشی لەگەڵ دەردەکەوێت، بۆ نموونە: زیادبوونی کێش، ئێشی ماسولکەیی یان جومگەیی، وشکبوونی پێست، ناسکبوونەوەی قژ یان تەنانەت هەندێک ئاڵوگۆڕ لە دۆخی دەروونیدا.

خواردنی هەندێک دەرمان
: ئەگەر بە خواردنی دەرمانێکی نوێ تووشی ئەم حاڵەتە بوون، ئەگەر هەیە ئەمە یەکێک لە زیانەکانی ئەم دەرمانە بێت. ئەو دەرمانانەی بەبێ مۆڵەتی پزیشکی وەردەگیرێن، دەرمانەکانی ئالەرژی، دەرمانەکانی میگرێن، فشاری خوێن و هەندێک لە دەرمانەکانی شێرپەنجە، لەوانەیە ئەم دۆخە درست بکەن. لەم وەها دۆخێکدا واباشە سەردانی پزیشک بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن.

باشترین رێکارەکان بۆ دەرمانی ساردبوونی دەست و قاچ
*دەستکێش لەدەست بکەن و مەهێڵن دەستتان لەگەڵ سەرما بەرکەوتنی هەبێت.
*سەرجەم وروژێنەرەکان دیاری بکەن و بزانن چ هۆکارگەلێک ئەم دۆخە دروست دەکەن و تا دەتوانن خۆیان لێ بپارێزن.
*کاتێک هەستتان بە ساردبوونی دەستتان کرد بەخێرایی گەرمی دابهێنن و ئیزن مەدەن ئەم دۆخی زۆری پێبچێت.

 

سەرچاوە: livestrong

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved