19/1/2022 07:02 PM

بۆچی بیرەوەرییەکانمان لەیاد دەکەین؟

لە ماوەی ژیانماندا کۆمەڵێک بیرەوەری دروست دەکەین بەڵام زۆریان لەیاد دەکەین. بۆ؟  بەپێچەوانەی باوەڕی گشتی کە بیرەوەرییەکان بە تێپەڕینی کات لەناو دەچن، فەرامۆش کردن دەتوانێ شتێکی باش بێت و بە باوەڕی هەندێک لە زانایان، فەرامۆش کردن فۆرمێکی دیکەیە لە پرۆسەی فێربوون. بەپێی توێژینەوەی ئەم توێژەرانە، ئاڵوگۆڕەکان لە توانایی مرۆڤ بۆ دەست راگەیشتن بە بیرەوەریی تایبەت بەپێی کاردانەوە و پێشبینی‌هەڵگربوونی جیهانی دەوروبەرماندا روو دەدات. بەم جۆرە، فەرامۆشی لەجیاتی ئەوەی خاڵی لاوازی بێت دەتوانێ توانستێکی کردەوەیی لە مێشکدا بێت کە ئەم هەلەی بۆ دەڕيخسێنێت بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ دەوروبەر خۆی رێک بخات. لە جیهانێکدا کە بەردەوام لەئاڵوگۆڕدایە و ئێمە ئۆرگانیزمەکانی دیکە لەودا دەژین، فەرامۆشکردنی هەندێک لە بیرەوەرییەکان دەتوانێ بەسوود بێت، لەو رووەوە کە ئەم بیرەوەریانە دەتوانێ سیستمی بڕیاردان و هەڵوێست گرتنمان باشتر بکات.
ئەگەر بیرەوەرییەکان لە دۆخێکی زۆر جیاوازتر لە دۆخی ئێستادا پێک هاتبێتن، فەرامۆشکردنیان دەتوانێ گۆڕانێکی ئەرێنی بێ لە تەندروستیی ئێوەدا. کەوابوو لەڕاستیدا، توێژەران لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئێمە فێر دەبین هەندێک لە بیرەوەرییەکانمان فەرامۆش بکەین بەڵام هەندێک لە بیرەوەرییە گرنگەکانمان بپارێزین. هەڵبەت فەرامۆشکردن لەدەستچوونی هەندێک زانیاریشی لێدەکەوێتەوە بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە لانیکەم لە هەندێک حاڵەتدا، فەرامۆشکردن بەهۆی گۆڕانکاری لە شێوەی دەسکەوتنی زانیارییە نەک لەدەستچوونی بیرگە. ئەم تیۆرییە نوێیە لەلایەن دوکتۆر تۆماس رایان، لە مامۆستایانی کۆلێژی بایۆ-کیمیا و ئیمۆنۆلۆژی و دامەزراوەی زانستی عەسەب‌ناسیی کۆلێژی ترینیتی و هەروەها دوکتۆر فرانکلەند، مامۆستای بەشی دەروونناسیی زانکۆی تۆرنێنتۆ و نەخۆشخانەی مناڵانی تۆرێنتۆوە ئاراستە کراوە.
دوکتۆر رایان لەم بارەوە دەڵێ: «بیرەورییەکان لە کۆمەڵێک نۆرۆندا کە ناویان خانەی "ئێنگرام"ـە ئاگاداریان لێدەکرێت و خوێندنەوەی سەرکەوتووانەی ئەم بیرەوەریانە پێویستی بە چالاکبوونەوەی دووبارەی ئەم تاقمە لە نۆرۆنەکانە. شرۆڤەی لۆژیکیی ئەم پرسە ئەوەیە کە فەرامۆشی کاتێک روو دەدات کە خانەکانی ئێنگرام نەتوانن دووبارە چالاک بنەوە. بیرەوەرییەکان خۆیان هێشتا لەوێن بەڵام ئەگەر کۆمەڵێک لە نۆرۆنە تایبەتەکان نەتوانن چالاک بنەوە، ئەگەری هاتنەوە یادی بیرەوەرییەکانیش لەئارادا نییە. وەک ئەوەیە بیرەوەرییەکان لە سەندووقێکدا بن بەڵام کلیلی قوفڵی سەندووقەکەت لێ بزر بووبێت».
دوکتۆر فرانکلەندیش بۆچوونی خۆی سەبارەت بەم پرسیارە کە بۆچی بیرەوەرییەکانمان فەرامۆش دەکەین، بەم شێوەیە دەردەبڕێت: «شێوازی جۆراوجۆر هەیە کە لە رێگای ئەوانەوە مێشک فەرامۆش دەکات بەڵام هەمووی ئەمانە پێوەندی بە رادەی ئەستەم‌بوونی دەستڕاگەیشتن بە ئێنگرامەوە هەیە، ئێنگرامێک کە وێنای فیزیکاڵی بیرەوەرییە». ئەو سەبارەت بە فەرامۆشی بەهۆی نەخۆشییەوە نووسیویەتی: «خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بە باوەڕی ئێمە ئەم فەرامۆشییە سروشتییە لە دۆخێکی تایبەتدا دەگەڕێتەوە و ئەوەی کە لە دۆخی نەخۆشیدا – بۆ نموونە ئەو کەسانەی تووشبووی ئەلزایمێرن –ئەم میکانیزمی فەرامۆشیی سروشتییە دەدزرێت کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی دەستڕاگەیشتن بە خانەکانی ئێنگرام و لەدەستچوونی بیرگەی زیانناسانە».

 

سەرچاوە: scitechdaily

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved