22/1/2022 08:21 PM

سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی لەئامێزگرتن

رۆژی هەینی، ٢١ـی ژانویە، رۆژی جیهانیی لەئامێزگرتن بوو. دامەرێنەری ئەم رۆژە جیهانییە پیاوێکی ئەمریکی بوو بەناوی کەوین زابورنی. ئەم بۆنەیە لەسەرەتادا واتە ساڵی ١٩٨٦ رۆژێکی نیشتمانی بوو بەڵام دواتر لە وڵاتانی دیکەش بوو بە بۆنەیەکی باو. مەبەست لە ناونانی رۆژێک بە ناوی رۆژی جیهانیی لەئامێزگرتن، هاندانی خەڵکە بۆ زیاتر لەئامێزگرتنی بنەماڵە و وازهێنان لەو شەرمە رێگرە لە دەربڕینی هەست و سۆز بەرامبەر بە خۆشەویستانمان. جیا لەوەی ئەم بۆنەیە وەکوو نەریتێک هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێ، زانستی پزیشکیش دانی بە بەسوودبوونی ئەم کردەوە مرۆییەدا ناوە؛ لەدرێژەدا بەشێک لە سوودەکانی لەئامێزگرتن دەخەینە روو.

ئارامبوونەوەی دەزگای عەسەبیی جەستە: زەختێک کە لە کاتی لەئامێزگرتندا دێتە سەر جەستە ئەم پەیامە رەوانەی مێشک دەکات کە دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە. لەگەڵ ورووژانی پێست، گیرەکەکانی زەخت کە لە ژێر پێستدا جێگیر دەورووژێن و ئەم ورووژانە دەبێتە هۆکای چالاکتربوونی عسەبی واگ. واگ عەسەبێکی لەناو کەللـەسەردا و لقوپۆپەکانی بە بەشە جۆراوجۆرەکانی جەستەدا بڵاو دەبێتەوە. چالاکیی واگ دەزگای عەسەبیی جەستە ئارام دەکاتەوە.

بەهێزبوونی سیستمی بەرگری: لەگەڵ ئارامبوونەوەی دەزگای عەسەبی ریژەی لێدانی دڵ دادەبەزێت و شەپۆلە مێشکییەکان ئارام دەبنەوە و ئەم مەسەلەیە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نیشانەکانی هەڵامەت. لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ـدا دەرکەوت پشتگیریی کۆمەڵایەتی بەشێوەی لەئامێزگرتن ببووە هۆی کەمبوونەوەی نیشانە قورسەکانی هەڵامەت کە لەسەرەتادا بەهۆی ململانە لەگەڵ کەسانی دیکەوە تووشی ببوون.

باشتربوونی دۆخی خەو: تەنها ١٠ خولەک بەرکەوتنی جەستەیی بەر لە خەوتن یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خەوێکی ئاسوودەترتان هەبێت. زۆر کەس بەهۆی ئێشە جەستەییەکانەوە روویان لە مەساج و یۆگا کردووە. زانایان تێگەیشتوون ئەو چالاکییانەی ورووژانی پێستی لەگەڵە هۆکارن بۆ هەبوونی خەوێکی قووڵ و وزەبەخش.

بەرهەمهاتنی هۆرمۆنی شادی لە سەرتاسەری جەستەدا
: بەرکەوتنی فیزیکی دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنی هۆرمۆنی سێرۆتۆنین و ئۆکسی‌تۆسین لە جەستەدا، سێرۆتۆنین کە راگوێزەرێکی عەسەبییە، بە دژەخەمۆکی و دژەئێشێکی سروشتی دێتە ئەژمار. ئۆکسی‌تۆسینیش بە هۆرمۆنی عەشق بەناوبانگە. هۆرمۆنی ئۆکسی‌تۆسین کە گرنگییەکی زۆری لە پێوندیی نێوان دایک و کۆرپەدا هەیە، دەتوانێ لە پێوەندیی نێوان گەورەساڵانیشدا رۆڵ بگێڕێت.

 

سەرچاوە: thehealthy

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved