23/1/2022 09:11 AM

كچێكی كورد وەك ئەستێرەیەكی سینەمایی دەستنیشانكرا

لەمیانی فلیمە بەشداربووەكانی ڤێستیڤاڵی بەرلینالەی سینەمایی كە بڕیاروایە لە11 تا 14 مانگی شوباتی داهاتوو بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سازبكرێت، تۆڕی هونەری سینەماكارانی ئەوروپی EFP لەنێو سەدان ئەكتەری ناوداری 37 وڵاتی بەشدار لە كێبڕكیەكەدا ئەكتەرێكی كوردی دانیشتوی وڵاتی سویدی بە ئەستێرەی ئەوروپی European Shooting Stars  ناوزەند كردووەو بڕیارە لەڕۆژی كۆتایی ڤیستیڤالەكەداو لە ڕێوەرەسمێكی شایستەدا خەڵاتێكی هونەری بەهاداری پێببەخشێ و بیخاتە ناو لیستی 10 لە ئەكتەرە هەرە بەتواناو داهێنەرەكانی ئەوروپا.

ئەڤین ئەحمەد كچە كوردی دانیشتوی وڵاتی سوید كە ئەكتەرێكی سینەمایی گەنجەو باوكی خەڵكی شاری سلێمانی ودایكیشی عەفرینی كوردستانی ڕۆژئاوا، لە ساڵی 1990 لە ستۆكهۆڵمی سوید لەدایكبووەو لە 2007 ەوە چۆتە ناو بواری هونەری سینەماو شانۆو دوای ئەوە وەك ئەكتەرو لەبواری نواندن لە فلیمە ئەوروپیەكاندا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێ، لەسەر ئاستی سویدو یەكێتی ئەوروپادا بەشداری لە دەیان فلیمی نایابی سینەماییدا كردووەو چەندین خەڵاتی هونەریشی پێبەخشراوە.

بۆ ئەمساڵ سەلیقە هونەريیەكەی بووە جێی سەرنجی سینەماكارانی بەشدار لە ڤێستیڤاڵی بەرلینالە، بۆیە دەزگاكە وەك ئەستێرەیەكی پرشنگداری هونەری سینەمایی ئەوروپی ناساندی و ستایشی كارە هونەریيەكانی كرد وەك نوسین ونواندن لە هونەری سینەمادا.

خاك - پوكمیدیا






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved