23/1/2022 06:44 PM

پاراستنی مافی ژنان لە مالیزیا (بەشی یەکەم)

روانگە و پاڵنەر
کۆمەڵگای مالیزیا لەدوای دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی لە بەریتانیا لە ١٩٤٦، کەوتبووە ناو سەردەمێکی نائارامەوە. ئەم نائارامیانە کە بەشێکیان بریتین لە شۆڕشە رەگەزییەکانی ١٩٦٩ لەنێوان مالیزیاییە خۆجێی و ناخۆجێییەکان، نوێبوونەوەی خێرا و سەنعەتی بوون و ئەو سیاسەیە ئابووری و کۆمەڵایەتییە نیشتمانیانەی کەوا موسوڵمانە هەژارەکانی خستبووە دۆخێکی خراپەوە، بوون بە کاتالیزۆرێک بۆ ژیاندنەوەی ئیسلام لە مالیزیای کۆتاییەکانی دەیەی حەفتا. ئاڵوگۆڕە هەنگاوبەهەنگاوەکانی حکومەت بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتی ئیسلامخوازانە کە لەلایەن بزووتنەوەی خوێندکارییەوە ئەنجام دەدرا، بووە هۆی گۆڕانی مالیزیا بەرەو حکومەتی ئیسلامی لە سەرەتاکانی دەیەی ٨٠دا. ئاڵوگۆڕی ئایدیالۆژیک لە مالیزیا بەو واتایە بوو کە مسوڵمانان دەیانویست بەپێی دەستوورەکانی شەریعەتی ئیسلام بژین؛ واتە هەمان سیستمی مافی ئیسلامی کە بەخێرایی، یاسا پەسەندکراوەکان لە یاسای بنەڕەتی مالیزیا تێپەڕ دەکات. لەو کاتەوەی ئیسلام لە مالیزیا ژیاوەتەوە، مافی ژنان لەلایەن سیستمێکی دادوەرییەوە کە ژنان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێ‌بەش دەکات و وادەکات پیاوان هەڵسوکەوتی نالەبار لەگەڵ هاوسەرەکانیان پاساو بدەنەوە و روو لە چەند هاوسەری بکەن، هێرشی کراوەتە سەر.
لەبەرامبەر ئەم سیستمە دادوەرییە جیاکارانەیەدا، رێکخراوەکانی مافی ژنان لە ساحەی گشتیدا مژارەکانی پێوەندیدار بە بەرابەریی جنسیان خستە بەر باس. لە ساڵی ١٩٨٥ـدا، «گرووپی کردەی هاوڕێ» کە بەرەیەک بوو لە رێکخراوەکانی ژنان، توندووتیژیی ماڵەوەییان وەکوو بابەتێکی کۆمەڵایەتی لە مالیزیا راگەیاند و بەشوێن ئەوەوە بوون کۆتایی بەم هەڵسوکەوتە نەشیاوە بهێنن. زینا ئەنوەر، یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی «گرووپی کردەی هاوڕێ» لەم خاڵە تێگەیشت کە گوتاری گشتی سەبارەت بە ژنان، ئیسلامی بەهۆی نابەرابەری مافی جنسی لە مالیزیا لۆمە دەکرد. زۆرێک لە گرووپەکانی مافی ژنان لەسەر ئەو باوەڕە بوون لە ئیسلام ئەم کێشەیەی دروست کردووە بەڵام ئارگیۆمێنتی ئەنوەر ئەوە بوو کە لێکدانەوەی باوک‌سالارانە لە ئیسلام، بووەتە هۆی ئەم نادادپەروەرییە. لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە لە ئەنوەر، گرووپی «خوشکانی موسوڵمان»ـی لە ١٩٨٨ـدا دامەزراند.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved