24/1/2022 05:38 PM

پاراستنی مافی ژنان لە مالیزیا (بەشی کۆتایی)

پەیام و بەردەنگ
خوشکانی موسوڵمان لەدوای دامەزرانی، بەشوێن ناردنی پەیامێکی تاقانەوە بوو بۆ کۆمەڵگای مافی ژنان لە مالیزیا؛ ئەوەی کە ئیسلام دەتوانێ پێگەی ژنان بەرز بکاتەوە. ئەم گرووپە لە چالاکییەکانی خۆیاندا بۆ بەرەوپێش بردنی پەسەندکردنی یاسای توندوتیژیی ماڵەوەیی، دوو نامیلەی بە ناونیشانی «ئایا پیاوان مافی ئەوەیان هەیە لە ژنەکانیان بدەن؟» و «ئایا ژنان و پیاوان لە بەرامبەر اللەـدا یەکسانن» بڵاو کردەوە. ئەم نامیلکانە لێکۆڵینەوەیەک بوون لەسەر ئایەتانەی قورئان کە باسی پێوەندییەکانی ژن و پیاوی کردووە و ئەمەش هەڵسوکەوتی یەکسان لەگەڵ ژن و پیاوی پاساو دەداوە. ئەم دوو رێنوێنییە کە پێناسەی دڵی خەباتی خوشکانی موسوڵمان بوو، لێداکانەوەیەکی زانستی و فیمینیستی لە قورئانی بۆ ژنانی مالیزیایی خستە روو.
ئەنوەر لەسەر ئەم باوەڕە نییە کە ژنان دەبێ لەنێوان موسوڵمان بوون و فیمینیست بووندا یەکیان هەڵبژێرن: «من دمهەوێ...هەم موسوڵمان بم و هەم فیمینیست و هیچ لێکدژییەک لەنێوان ئەم دوو بابەتەدا نابینم، هەر بۆیە بڕیارم دا بەڕاستی دەقی ئایینی بخوێنمەوە بۆ ئەوەی بزانم لەکوێیدا پاساوی هەڵاواردنی رەگەزی لەدژی ژنانی تێدایە. سەرجەمی پرۆسەی گەڕانەوەی دووبارە بۆ دەق وەکوو فیمینیستێک کەم ئەم پرسیارانەی لە زەیندایە، جیهانێکی نوێ و تێگەیشتنێکی نوێی لەبەرامەبەر مندا کردەوە و هەروەها تیگەیشتنی خەڵک لە قورئان سەبارەت بە دادپەروەری، هاودەردی و بەخشین قسە دەکات، سەبارەت بەوەی کە ژنان و پیاوان پارێزەر و پشتیوانی یەکترین». بڵاوکراوەکانی دیکەی گرووپی خوشکانی موسوڵمان بە وردی لەم پرسانە دەکۆڵنەوە، بۆ نموونە کتێبێک سەبارەت بە ئیسلام و پلاندانی بنەماڵە، ئیسلام و مافی ژنان، حەدیس سەبارەت بە ژنان لە هاوسەرگیری و ئیسلام و چەندهاوسەری.
زیاد لەوانە، گرووپی خوشکانی موسوڵمان، ژنانی لە مافی یاسایی لەناو سیستمی دادی مالیزیای ئاگادار کردووەتەوە. مورات لەم بارەوە دەڵێ: «لە ماوەی ساڵانی بەرگری لەبەرامبەر حکومەت و میدیاکاندا، تێگەیشتین زۆرینەی ژنان ئاگاداری مافەکانی خۆیان نین. ئێمە هەستمان بە پێویستیی فێرکردنی ئەوان و تەیارکردنی ئەوان بە زانستی ماف و پیشتیوانی لەوان کرد، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسە ئایینی و دادگاکانی شەریعەتدا».گرووپی خوشکانی موسوڵمان، بە مەبەستی یارمەتیدانی ژنانی هەژاری مالیزیا، کۆمەڵێک دانیشتنی فێرکاری، وتاربێژیی گشتی و خوێدنەوەی بەکۆمەڵیان دامەزراند. ئەنوەر هەروەها بە ماوەی شەش ساڵ لە یەکێک لە رۆژنامەکانی مالیزیادا، گۆشەیەکی هەفتانەی هەبوو بۆ ئەوەی ئەم دەرەتانە بۆ ژنان دابین بکات کە بتوانن پرسیارەکانی خۆیان سەبارەت بە هاوسەرگیری، هەڵسوکەوتی نەشیاوی بنەماڵەیی و تەڵاق ئاراستە بکەن.
گرووپی خوشکانی موسوڵمان لە شەڕی یاسایی و چالاکیی گشتی خۆیدا، کەڵکی لە میدیا نێودەوڵەتییەکان وەردەگرت بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی خۆی لەبەرامبەر خەڵکی نائاگاداری مالیزیادا. ژنانی بەکارهاتوو، دەیانویست سەبارەت بە دۆخی خۆیان و کێشەکانیان قسە بکەن. ئەم پرسانە لە ئاستی نەتەوەییدا دەخرانە روو. ئەنوەر و هاوکارەکانی ئەو بۆ تەواوکردنی ئەو چیرۆکانەی پێوەندیان بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی بنەماڵەییەوە هەبوو، بە بەردەوامی یادداشتیان بۆ رۆژنامە پڕ بردەنگەکان دەنووسی و نامەیان بۆ حکومەت دەنارد بۆ بەرگری کردن لە ئاڵوگۆڕ.
خوشکانی موسوڵمان لەم دواییانەدا هەوڵەکانی خۆیان بەرفراوان کردووەتەوە و بە دامەزراندنی پرۆژەیەکی نوێ بە ناوی «یەکسانی»، لەلایەن زینا ئەنوەرەوە، هەنگاوەکانیان لە ئاستی کۆمەڵگای مالیزیا بەرزتر کردووەتەوە. ئەم پرۆژەیە بەشوێن دڵنیابوون لەم بابەتەیە کە لە بنەماڵە و کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا لەگەڵ ژنان بەشێوەی یەکسان هەڵسوکەوت بکرێت. ئەم پرۆژەیە بە دیدارێکی جیهانی لە فێبرییەی ٢٠٠٩ـدا دەستی پێکرد و زیاتر لە ٢٥٠ ئاکادیمیسیەن و توێژەر و چالاکی فیمینیستی موسوڵمانی لە ٥٠ وڵاتەوە لە دەوری یەک کۆ کردەوە. «یەکسانی»، چالاکانی جیهانی تەیار کرد بە کۆمەڵێک ئارگیۆمێنت و هەوڵوێستی بەرگریکارانە بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ بەرزبوونەوەی مافی ژنان لە بنەماڵەدا خەباتیان دەکرد.

چالاکییە بەربڵاوەکان

خوشکانی موسوڵمان وەکوو دامەزراوەیەکی بنەمایی بۆ بەرەوپێش بردنی مافی ژنان لە مالیزیا، تەنها یەک گرووپە لەناو «گرووپی کردەی هاوڕێ»ـدا. «گرووپی کردەی هاوڕێ» بەرەیەکی بربڵاوترە بۆ بەرگری لە مافی ژنان لە سێ رێکخراوەی دیکەش لەخۆ دەگرێت: رێکخراوی یارمەتیی ژنان، بەشی ژنانی رێکخراوەی بازەرگانیی مالیزیا و پارێزەرانی ژن. هەر کام لەم گرووپانە روانگەیەکی جیاوانیان بەنیسبەت پرسی ژنەوە هەیە بەڵام هاوکارییەکانی ئەوان بووە هۆی پەسەندکرانی یاسای توندوتیژیی ماڵەوەیی لە ساڵی ١٩٩٤ـدا. مورات دەڵێ: «ستراتیژیی بەرگیریی ئێمە، نووسینی نامەی هاوبەش لەگەڵ رێکخراوەکانی ژنان بۆ دەربڕینی قسەی بزووتنەوەی ژنان بە دەنگێکی یەکە لە پرسێکی تایبەتدایە».
خوشکانی موسوڵمان لەم دواییانەدا لە خەباتێکدا لەدژی پۆلیسی کردنەوەی ئەخلاق لە مالیزیا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان نووسیوە و بڵاویان کردووەتەوە و واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە، گرووپێکی رەنگاڵەن لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی دەروەی بنکە ناسراوەکانی چالاکیی ئەوان، بۆ نموونە: هزرینی کرستیانی، کۆنگرەی یەکێتیی بازەرگانیی مالیزیا و بزووتنەوەی دیموکراتیکی گەنجان و خوێندکارانی مالیزیا. بەپێی بۆچوونی ئەنوەر «ئەگەر ئێوە بتانەوێ گۆڕان دروست بکەن، ناتوانن پرسەکە بۆخۆتان قۆرغ بکەن و بڵێن ئەوە پرسی منە و کەسانی دیکە مافی ئەوەیان نییە لەم بارەوە قسە بکەن. رەنگاڵەیی دەنگەکان، رەنگاڵەیی گرووپەکان و پەرەپێدان بەو گرووپانەی پشتیوانی یەک پرسی تایبەتن، گرنگییەکی زۆری هەیە».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved