25/1/2022 09:22 AM

لەكاتی دەركەوتنی ئەم نیشانانەدا شیر مەخۆنەوە

خواردنەوەی شیر سوودی زۆرە بۆ مرۆڤ، چونكە سەرچاوەی گرنگی كالیسیۆمەو ئێسك و ددانەكان پتەودەكات، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار خواردنەوەی شیر زیانی هەیە.

پسپۆڕانی تەندروستی و خۆراك پێیانوایە هەندێك كێشەی تەندروستی هۆكارە سەرەكییەكەی بەكارهێنانی بەرهەمەكانی سپیاییەو بەتایبەتیش شیر، بۆیە ئەوان ڕێنمایی دەكەن و دووپاتیدەكەنەوە گەر لەگەڵ بەردەوام بەكارهێنانی شیردا ئەم نیشانانە دەركەوت پێویستە دەستبەجێ شیرخواردنەوە ڕابگیرێت لەوانەش:

1- هەستكردن بە ماندوێتی بە درێژایی كات
لەبەرئەوەی شیر گەردیلەی ئەفیونی تێدایە بۆیە كاتێك مرۆڤ شیر دەخواتەوە هەست بە خەواڵوویی دەكات، بەڵام لەڕووی زانستییەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە كە مرۆڤ بتوانێت باش بنوێت، چونكە نووستن پرۆسەی هەرسكردن خراپ دەكات و ئەمەش لەش ماندوو دەكات لەكاتی هەوڵدانی بۆ دروستكردنی وزەیەك بۆ هەرسكردنی، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپكردنی سووڕی نووستن، بۆیە بۆ ئەوەی كەسێك خەوێكی باشی هەبێت دەتوانێت میوەیەك بخوات كە دەوڵەمەند بێت بە تریبتۆڤان یان قەرنابیت و پەتاتەی شیرین و سێو بخوات.

2- زیپكە
بەپێی چەند توێژینەوەیەك دەركەوتووە كە شیری بێچەوری دەبێتە هۆی زیادكردنی زیپكە بە تایبەت لەناو كوڕان و كچانی نەوجەواندا، هەندێك توێژینەوەش پێیانوایە بەرهەمەكانی سپیایی كاریگەرییان هەیە لەسەر هۆرمۆنەكانی وەك ئەنسۆلین و (IGF-1)، هەروەها ر‌ەنگە شیری كەمچەوریی بە شێوەیەكی نەرێنێ كاربكاتەسەر پێست.

3- كێشەی هەرسكردن
بەپێی نوێژینەوەیەك (٦٥-٧٠٪)ی دانیشتوانی جیهان بەدەست ئەوەوە دەناڵێنن كە بەرگەی لاكتۆز ناگرن و شیری مانگایان بۆ هەرس ناكرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی چەند كێشەیەكی وەك سك هەلئاوسان و دڵتیكەڵهاتن و دروستبوونی گازات و سكچوونیش، بۆ ئەمانە باشترە كە واز لە شیرخواردنەوە بینن.

4- ئازارێك كە كەسەكە نازانێت هیی كوێیە
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە شیر زۆر ترشەڵۆكی هەیە، دەبێتە هۆی هەوكردنێك كە ئازاری جومگە و ماسولكەكان دەدات، بەپێی یەكێك لە توێژینەوەكان ئەوانەی كە وەرزش دەكەن كە شیر بخۆنەوەو توشی ئەو نیشانەیە ببن بە درەنگی لە ئازاری جومگەكان ڕزگاریان دەبێت، بۆیە باشترە ئەو كەسانەش واز لە شیر خواردنەوە بهێنن.

5-تەمی مێشك
تەمی مێشك یان بیركردنەوەی تەمومژاوی بە نەخۆشی دانانرێت، بەڵام پشێوییەكی زەینییە كە كاردەكاتەسەر توانای كەسێك بۆ بیركردنەوەو سەرنجدان، ئەمەش دەبێتە هۆی كێشە لە یادگەو ناڕوونی ژیری، لەگەل ئەوەی چەندین هۆكار هەیە بۆ توشبوون بەو حاڵەتە، بەڵام یەكێكیان بەكارهێنانی زیادەڕەوانەی بەرهەمەكانی سپیاییە، چونكە بەرهەمەكانی شیر ڕێژەیەكی زۆری پرۆتینی (كازین)ی تێدایە.

لەلایەكی تیریشەوە هەندێك توێژینەوە ئاماژە بەوە دەدەن كەمكردنەوەی بەكارهێنانی شیر دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی خەمۆكی.

6- بەرزبوونەوەی كولیسترۆڵی خوێن
كۆلیسترۆلی خوێن بەهۆی هەندێك خواردنەوەوە بەرزدەبێتەوەو بەوپێیەی كە هەر 100 گرامێك لە شیری مانگا نزیكەی 10 گرام كۆلیسترۆلی تێدایە، بۆیە زۆر خواردنەوەی شیر بە شتێكی مەترسیدار دادەنرێت بەتایبەت بۆ ئەوانەی ڕێژەی كۆلیسترۆڵی خوێنیان بەرزە.

7- شكاندنی ئاسانی ئێسكەكان
هەرچەندە شیر بڕێكی زۆری كالیسیۆمی تێدایە زۆر بەسوودە بۆ پتەوی ئێسكەكان بەتایبەت بۆ مناڵان، بەڵام لەبەرئەوەی بەرهەمەكانی سپیایی یان پرۆتینە ئاژەڵییەكان ترشەڵۆكیان زۆرە ئەمەش وادەكات لەش بە ئاسانی كالیسۆمەكە هەڵنەمژێت، دواجاریش بەكارهێنانی زۆری شیر مەترسییەكانی شكانی ئاسانی ئێسكەكان زیاتر دەكات.

8-كەسێك بەرگریی بەرامبەر میكرۆبەكان كەم بێت
لەبەرئەوەی زۆربەی ئاژەڵەكان دەكوترێن و لەكاتی نەخۆشییاندا دەرمانیان پێدەدرێت، كاتێك شیری ئەو ئاژەڵانە بخورێتەوە كەسەكە لەشی لاواز دەبێت بەرامبەر هەندێك بەكتریا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو بەكتریایە لەناو شیری ئاژەڵەكاندا دەمێنێتەوەو لە لەشی مرۆڤدا دەتوانێت بە شێوەیەكی تر گەشەبكات و بەرگری كەسەكە بۆ بەكتریا كەمدەكاتەوە.

خاك - س: الصحە والحیاە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved