25/1/2022 07:03 PM

رۆژنامە‌نووسی نهێنی و دەنگی دیموکراتیکی بێرمە (بەشی یەکەم)

روانگە و پاڵنەر

پاش ئەوەی بێرمە سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا لە ١٩٤٨ـدا دەستەبەر کرد، دەسبەجێ تووشی شەڕی دەسەڵات، لەنێوان حکومەتە سەربازیی و ناسەربازییەکان بوو. سوپا تا ساڵی ١٩٦٢، دەسەڵاتی خۆی بەهێز کرد و وڵاتی بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ دەکرد. لە ١٩٨٨ـدا، رێبەری خۆرافی وڵات، ژێنەڕاڵ نێوین، فەرمانی کرد سەرجەم پارەکانی ئەم وڵاتە جگە لە ٤٥ و ٩٠ کیات، بەتاڵ بکەنەوە، چون ئەم ژمارانە بەسەر ٩ـدا دابەش دەبن و ٩ـش بە ژمارەی بەختەوەری دێتە ئەژمار. سەدان هەزار بێرمەیی بە رێبەرایەتیی خوێندکارانی ناڕازی لە ٨ـی ئاگۆستی ١٩٨٨ (بە ٨٨٨٨ دەناسرێت، چونکە مانگی ئاگۆست لە رۆژهمێری زاینیدا مانگی هەشتەمە)، رژانە سەر شەقامەکان. ناڕازیان ئەم بڕیارەیان بە لەناوچوونی پاشەکەوتەکانی خۆیان دەزانی. سوپا بە بەکارهێنانی بێ پێشینەی توندوتیژی، دەستی کرد بە سەرکوت و لەم سەرکوتەدا نزیکەی سێ هەزار کەس کوژران و سەدان کەس دەستبەسەر کران. ژێنەڕاڵەکان بەڵێنی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنیان لە ساڵی ١٩٩٠ـدا بە خەڵک دا بەڵام سەرکەوتنی بێ‌ئەملاولای ئانگ‌سان سوچی، هەڕەشەیەک بوو لەسەر دەسەڵاتی هێزە سەربازییە دەسەڵاتدارەکان. لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، سوچی لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی کرا. 
ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٩٨٨، شەپۆلێک لە ناڕەزایی بەربڵاوی لەناو خەڵکی بێرمەدا نیشان دا. بەڵام وڵاتانی دیکەی جیهان لەم توندتیژیانە بێ‌ئاگا مانەوە. زۆرینەی کەسانی زیندانی کراوی پاش ناڕەزاییەکان، بەهۆی نەبوونی سەنجی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی سەریان سوڕمابوو و بەم ئاکامە گەیشتن کە رۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان، تەنها رێگەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە جیهانی دەرەوە و لە کۆتاییدا رووخاندنی رژێم. چالاکە دیموکراسی‌خوازەکانی بێرمەیی لە ئەوروپا لە ساڵی ١٩٩٢ـدا، رێکخراوەیەکیان بە ناوی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە دامەزراند بۆ ئەوەی رۆژنامە ئازادەکان بخەنە بەر دەستی خەڵکی بێرمە. ئەم رێکخراوەیە بە کەڵک وەرگرتن لە هەواڵنێری نهێنی و ناردنی سەتەلایتی و رادیۆیی سیگناڵ لە ئۆزڵۆی نەرویجەوە بۆ بێرمە، توانی هەواڵی بێێلایەن بخاتە بەر دەستی خەڵک. بەر لەمە، خەڵک تەنها دەستیان بە تەلەفیزیۆنی حکومی رادەگەیشت. 
لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا، کاتێک نرخەکانی گواستنەوە بەهۆی سڕینەوەی سۆبسیدەکان نزیکەی دوو بەرابەر بوو، هەزاران پەرسای بێرمەیی رژانە ناو شەقامەکانەوە بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکدا ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن. ئەم کۆبوونەوە ناڕەزانییە، بە هۆی رەنگی عابای پەرساکان، بە شۆڕشی زەعفەرانی بەناوبانگ دەرکرد. دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، تەنها رێکخراوەیەک بوو کە کۆمەڵێک هەواڵنێری لەناوخۆی وڵات هەبوو و لەم رێگەیەوە دەیانتوانی ناڕەزاییە ناوخۆییەکان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیشان بدەن. 

ئامانج و مەبەستەکان
دەنگی دیموکراتیکی بێرمە لەدوای دامەزرانی لە ١٩٩٢ـدا، چوار ئامانجی بۆخۆی دیاری کرد: پێدانی هەواڵی دروست و بێ‌لایەن بە خەڵکی بێرمە، بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و هاوکاری لەنێوان گرووپە جۆراوجۆرە ئەتنیکی و ئایینییەکان لە بێرمە، هاندان و دەوامەبەخشین بە رای گشتیی سەربەخۆ و بەهێزکردنی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی، و گواستنەوەی ئارمانەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ خەڵکی بێرمە. 
سەرتر لەوە، دەنگی دیموکراتیکی بێرمە بە شێوەی میدیایەکی دوورخراوە چالاکی دەنواند و روانگەی جۆراوجۆری ئاراستە دەکات. ئەم میدیایە نوێنەری چوارچێوە و پلانێکی سیاسیی تایبەت نییە، بەپێی قسەکانی جێگری سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، خین مائونگ وین، بە دامەزراندنی ئەم میدیایە «حزبە سەرەکییە دژبەرەکان، تریبۆێکیان دەستەبەر کرد کە لەو رێگەیەوە خۆیان دەردەبڕی و دژکردەوەکانی خۆیان بەنیسبەت سیاسەتی حکومەتەوە دەرببڕن، کارێک لە لە میدیاکانی ناوخۆی وڵاتدا جێبەجێ نەدەبوو». 

 

خاک_سیامەند موهتەدی

ئەو بابەتە لە فارسییەوە وەرگیراوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved