26/1/2022 06:38 PM

رۆژنامە‌نووسی نهێنی و دەنگی دیموکراتیکی بێرمە (بەشی دووەم)

رێبەرایەتی
دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، لە ئۆزڵۆی نەرویج بڵاو دەبێتەوە. کارمەندانی ئەم میدیایە لێرە خەریکی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی هەواڵن. چل هەواڵنێر لە ناوخۆی بێرمەوە سەرقاڵی تۆماری راستەوخۆی رووداوەکانن. زۆربەی کارمەندانی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، لەژێر کاریگەریی ئەزموونی خەباتی خۆیاندان لەدژی رژێم؛ بۆ نموونە، بەرپرسی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە لە ناوخۆی وڵات باس لەوە دەکات کە چۆناوچۆن لەدوای کۆبوونەوە ناڕەزاییەکانەوە دەسبەسەر کرا: «لە ماوەی بوونم لە زینداندا، چاوەڕێی ئەوەم دەکرد کە دنیای دەرەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەوێ بن، بەڵام کاتێک هاتمە دەرەوە زانیم سانسۆر لەناخۆی وڵات زۆر جیدییە؛ تەنانەت هاوڕێکانم کە لە بواری سیاسەتدا چالاک بوون بە باشی نەیاندەزانی بارودۆخی زیندان چۆناوچۆنە. هەر ئەم بابەتە گرنگترین هۆکار بوو بۆ چالاکی لە دەنگی دیموکراتیکی بێرمەدا و ئەم میدیایە لەئێستادا دەورێکی زۆر بنەمایی دەگێڕێ». هەواڵنێرێکی دیکە، مەئموورییەتی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە بەم شێوەیە وەسف دەکات: «ئێوە ناتوانن چاوەڕاوان بکەن جێگەیەک لە CNNـدا بۆخۆتان بدۆزنەوە. ئەوەی وا گرنگە گوتنی هەقیقەتەکانە سەبارەت بە وڵاتەکەمان».
هەواڵنێرانی نهێنیی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە بە بوێری و تەرخانکردنی خۆیان بە مەبەستی هاتنە ئارای دیموکراسی لە بێرمە، یەکگرتوو بوون. یەکێک لە هەواڵنێران دەڵێ: «تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی لە ناوخۆی بێرمە کارێکی ئەستەمە، چون ئەو حاڵەتانەی کە بتهەوێ گرتەی ڤیدیۆیی لێ تۆمار بکەیت سنووردارن و هاوکات ئێوە ژیانی خۆتانی بۆ دەخەنە مەترسییە. لەهەمانکاتدا ئەگەر هەڵەیەک بکەیت...سەرجەم تۆڕەکە لەناو دەچێت. بەم جۆرە ئێمە تەنها ژیانی خۆمان لە مەترسی نەدەخست، بەڵکوو ژیانی هاوکارەکانیشمان دەخستە مەترسییەوە» .

کەشی مەدەنی
سەرکوتی خوێناوی ناڕەزاییە خوێندکارییەکانی ١٩٨٨، دەسپێکەری سەردەمێکی نوێ لە سەرکوت بوو. ئەم سەردەمە لە خۆبواردنی ژێنەڕاڵ سان ئێشوێ لە بەفەرمی ناسینی سەرکەوتنی ئانگ‌سان سوچی لە هەڵژاردنەکانی ١٩٩٠ـدا وێنا دەکرێت. ئەو کاتەی سان ئێشوێ ساڵی ٢٠٠٥ بڕیاری دا، پایتەخت لە یانگۆنەوە (پێشتر پێیان دەگوت رانگۆن) بگوازێتەوە بۆ شارێکی دوورەدەست بە ناوی نایپاییتاو، حکومەتەکەی زیاتر لە خەڵک دوور خستەوە.
حکومەت بۆ سەرکوتی رەخنە، سەرجەم میدیا سەربەخۆکان بۆ نموونە چالاکیی میدیا دژبەرەکان و میدیا بیانییەکانی قەدەغە کردووە. راپۆرتی ماڵی ئازادی سەبارەت بە چالاکیی میدیایی لە گرووپی وڵاتانی «نائازاد»، خاڵی ٩٥ لە ١٠٠ـی بە بێرمە داوە. ئەم راپۆرتە دەریدەبڕێ کە چۆناوچۆن «ئەو کەسانەی کە لە ساحەی گشتی، خەریکی بڵاوکردنەوە و دەربڕینی روانگەکان یان وێنەی رەخنەیی لە رژێمن، دەکەونە ژێر ئازار و سزادانی سەختەوە، بۆ نموونە زیندانی کرانی درێژخایەن، هێرش و ترساندن.» لە سەردەمی ناڕەزاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧، حکومەت بەتایبەتی بەشوێن رۆژنامەوانانەوە بوو لەناو حەشیمەتەکەدا بۆ ئەوەی دەستبەسەریان بکات. یەکێک لە هەواڵنێرانی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە دەڵێ: «سوپا بەشوێن راوکردنی کەسانێکەوە بوو کە کامێرایان پێبوو.»

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved