26/1/2022 06:40 PM

گروپی 14ی مارس لە لوبنان (بەشی دووەم)

رێبەڕایەتی
ئەسما ئاندروس کە تا کاتی مەرگی حەریری تاکە سەرۆک نووسینگە یان (پلانداڕێژی چالاکییەکانی) ئەو بوو و هیچ چالاکییەکی سیاسی نەبوو، لەنەکاو هاتە ناو ساحەکەوە و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی بە مەبەستی پاشەکشێی هیزەکانی سوریا لە کەمپی ئازادی، بەڕێوە برد. ئەو بۆ رێکخستنی «تاریکخانە» زۆری هەوڵ دا، واتە گرووپێکی کاتی کە بریتی بوو لە رێبەرانی سیاسی، پسپۆڕانی ستراتیژی و پێوەندییە گشتییەکان کە پلانی شۆڕشی سەدریان داڕشتبوو و بەرەو پێشەوەیان دەبرد. یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە، ساڵح فروک، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی بەیرووت بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی، بەم چەشنە باسی رۆڵی ئەم گرووپە لە ناڕەزاییەکاندا دەکات: «ئێمە دەبێ بیرمان بکردایەتەوە: چ کارێک ئەنجام بدەین؟ پشتگیری لە کێ بکەین؟ بە چ شێوەیەک ئەم کارە ئەنجام بدەین؟ چۆناوچۆن پشتگیری لە گەنجانی کەمپ بکەین؟ ئێمە دەبوو دڵنیا بوایەتین کە بە رادەی پێویست دروشم و بلاکاردمان هەیە. ئەم ژوورە (تاریکخانە) چێشتخانەی سیاسی-رێکخستن بوو. ئێمە باسمان لەوە دەکرد کە چۆناوچۆن ئەم جووڵەیە تا گەیشتن بە ئامانج (دەرکردنی سوریا) درێژەی هەبێ»

کەشی مەدەنی
لەو کاتەوەی شەڕی ناوخۆیی ١٩٧٥ رووی داوە، تاقم‌گەرایی سیاسی و توندوتیژیی نێوان کرستانییە مارۆنییەکان، سونەکان و شیعەکان، زیانێکی زۆری بە لوبنان گەیاندووە. ئەگەرچی چاوەڕوان دەکرا رێککەوتننامەی ١٩٨٩ـی تائیف، هاوسەنگیی هێز دروست بکات، بەڵام گەڵاڵەی دابەشکردنی دەسەڵات لە ئاستە باڵاکانی نیشتمانی و بۆ نموونە پەڕلەمان، لەنێوان گرووپە ئایینییە جۆراوجۆرەکاندا رووبەڕووی شکست بووەوە. هەروەها، جێگربوونی هێزە ئەمنییەکانی سوریا لە لوبنان، توانایی سوریای بۆ کۆنتڕڵکردنی سیاسەت لە لوبنان زیاد کرد و توانی پشتگیری و پشتیوانی ئەو گرووپانەی تینووی دەسەڵاتن بەرەو خۆی رابکێشێت. دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی دژبەرانی سیاسی و رۆژنامەوانە سەربەخۆکان کە لە کەشی سەرکوتی میدیاییدا چالاکیان دەکرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی لوبنان و ئەو هێزە چەکدارانەی سەر بە سوریا بوون، زۆر باو بوو. نزیکەی ٣٠ ساڵ بوو رژێمی سوریا، خەڵکی لوبنانی لە مافە مرۆییەکانیان بێ‌بەش کردبوو، بەڵام لەپاش کوژرانی حەریری، رق و قینی گشتی بەسەر ترس لە دەزگای زانیاریی سوریادا زاڵ بوو.

پەیام و بەردەنگ
بە مەبەستی راگەیاندنی یەک پەیامی نەتەوەیی یەکگرتوو، داواکاریی دژبەران، هێما و دروشمەکان دەبوو وێنەیەکی گشتگری یەکگرتوویان بنواندایەتەوە. نورا جەنبەلات – هاوسەری وەلید جەنبەلات، رێبەری دروزییەکانی لوبنان و ئەندامی «تاریکخانە» - هەزاران ئاڵای لوبنان و سەرپۆشی سپی و سووری بۆ خۆپیشاندەران ئامادە کرد و داوای لێکردن شوناسی لوبنانیی خۆیان لەگەڵ ئاڵای نەتەوەیی خۆیان لەئامێز بگرن. کۆمپانیای پێوەندییە گشتییەکانی «کوانتۆم کامیۆنیکەیشنز» و سەرۆکەکەی، ئەلیاس خوری، بڕیاری دا شۆڕشەکە بە نیشانە و پۆستێری سپی و سوور، لەژێر ناوی «سەربەخۆیی ٠٥» جیاواز بکاتەوە. بە گوتەی خوری، «٠٥» نیشاندەری ماوەی پاشەکشێی هێزە سەربازییەکانی سوریایە. ئەم نیشانەیە بوو بە یادەوەرییەک لەم جووڵەیە کە پاشەکشێی سوریا و بەهێزبوونی یەکگرتوویی و نەتەوەخوازیی لوبنانییەکانی لێکەوتەوە. لوبنانییەکان وشەیەکی تایبەتیان بۆ ئەم جووڵەیە داهێنا؛ ٤ رۆژ دوای مەرگی حەریری. سەمیر فەرنگیە، وتەبێژی ئەندامانی گرووپی دژبەری سیاسی، لەژێر ناونیشانی «ئینیفازە بۆ سەربەخۆیی» یادی ئەم ناڕەزاییانەی کردەوە.

چالاکییە بەربڵاوەکان
پەیامی یەکپارچەی دژبەران، هەوڵێکی نوێی بۆ یەکگرتوو کردنی گرووپە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا خستە روو. جووڵەیەکی هاوشێوەش لەلایەن کۆمەڵگای نێودەڵەتییەوە ئەنجامدرا بەشێوەیەک کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای جێبەجێ‌بوونی تەواوی بڕیارنامەی ١٥٥٩ بۆ پاشەکشێێ هێزەکانی سوریا لە لوبنان و چەک کردنی حیزبوڵڵایان کرد. زیاد لە قسەکانی بووش و شیراک، ئەڵمانیا، روسیا و میسریش خوازیاری پاشەکشێی سوریا بوون. لەناوچەکەشدا پشتگیری لەم چەشنە هاتە ئاراوە بەجۆرێک کە پاشای سعودیا، واتە مەلیک عەبدوڵا، داوای لە سەرۆکی سوریا، واتە بەشار ئەسەد کرد پاشەکشێ بە هێزەکانی بکات لە لوبنان.
بە سەرنجدان بە رۆڵی زەختە نێودەوڵەتییەکان لە تێکهەڵچوونە مەدەنییەکان لە ئاستیکی ئاوەها بەربڵاودا، خۆپیشاندەران هەوڵیان دا سەرنجی هەم بەردەنگی ناوخۆیی و هەم بەردەنگی نێودەوڵەتی لە رێگەی نیشانە و پۆستێرەکانەوە کە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی نووسرابوون، رابکێشێن. لەوپەڕی ناڕەزاییەکانی بەیرووتدا، خۆپیشاندانێکی هاوشێوەش لەلایەن هاووڵاتیانی لوبنان لە سەرتاسەری جیهان، بۆ نموونە پاریس، لەندەن و سیدنی بە بەشداری زیاد لە دە هەزار کەس بۆ پشتگیری لە شۆرشی سەدر بەڕێوە چوو.
سوریا پاشەکشێی خۆی لە کۆتاییەکانی مارسدا دەست پێکرد و تا کۆتاییەکانی ئاوریلی ٢٠٠٥، چاردەهەزار هێزی لە لوبنان هێنایە دەرەوە. لەحاڵێکدا کە لوبنان هێشتاش هەوڵ دەدات بۆ دیموکراسی، شۆڕشی سەدر سەلماندی کە جووڵەیەکی مەدەنی بەبێ توندوتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا دەتوانێ هێزی پێویست بۆ جووڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ راوەستان لەدژی دەسەڵاتی سیاسی لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی و تەنانەت لە گەندەڵترین رژێمەکاندا دروست بکات. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved