27/1/2022 04:50 PM

رۆژنامە‌نووسی نهێنی و دەنگی دیموکراتیکی بێرمە (بەشی سێهەم)

پەیام و بەردەنگ
لەپاش لابردنی سوبسیدی سووتەمەنی لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا، تێچووی هەڵگرتن و گواستنەوە، بە شەوێک بوو بە دوو بەرابەر. ئەمەش بووە هۆی سەهەڵدانی ناڕەزایی لە یانگۆن. بەڵام ئەم سەرپێچییە مەدەنیانە بەخێرایی لەلایەن پۆلیسەوە سەرکوت کران. لەهەمانکاتدا، ئابووریی بێرمە خەریکی داڕمان بوو، چونکە زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە، ئیتر نەیاندەتوانی تێچووە زۆرەکانی بەشی گواستنەوە، خۆراک و کاڵاکانی دیکە بدەن. لەبەرامبەر ئەم رەنجەدا، سەدان پەرسا(پیاوانی ئایینی بوودایی)ـی بێرمەیی لە ناوڕاستەکانی مانگی ئاگۆستدا، رێپێوانێکیان ئەنجام دا. پاش ئاگاداربوونەوەی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە لەم کۆبوونەوە ناڕەزاییە، لەگەڵ یەکێک لە رێبەرانی پەرساکان قسەیان کرد و ئەویش گوتی «ئێمە هۆشداریمان بە ژێنەڕاڵەکان داوە. ئەگەر وڵامی داواکارییەکانی ئێمە نەدەنەوە و بێدەنگ بن، ئێمە ئامادەین هەموو کارێک بکەین. ئێمە لە سەرتاسەری وڵات رێپێوان دەکەین، لە ماندالای و یانگۆن. هەموو جیهان دەبێ بزانن کە پەرساکان مانیان گرتووە.»
هەواڵنێرانی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، بە تێگەیشتن لە کاریگەریی ئامادەبوونی پەرساکان و ورووژانی خۆپیشاندانی گەورەتر، رێپێوانەکانی ئەوانیان رووماڵ کرد. ئەوان گرتە ڤیدیۆییەکانیان بە قاچاغ دەگواستەوە بۆ تایلەندا و نەرویج، بۆ ئەوەی جگە لە جیهانی دەرەوە، خەڵکی ناوخۆی بێرمەش ئاگاداری دۆخەکە ببنەوە. جێگری بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکاری دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، خین ماونگ وین، لەسەر ئەم باوەڕەیە کە «چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەڵکی ئاسایی، بە رووماڵکردنی خەباتەکەیان لەلایەن میدیاکانەوە، زیاتر هان دەدرێن. ئەم کارە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەوەی کەسانەی بۆچوونەکانی خۆیان دەردەبڕن و لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا بۆ وەرگرتنی ئازادی بەشداری دەکەن.»
کەڵک وەرگرتنی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە لە تەکنەلۆژیا، دەبووە هۆی ئەوەی هەموو رۆژێک رێپێوانەکان زیاتر بێت: «ناڕەزاییەکانی ساڵی ١٩٨٨، لە باری قەبارەوە، زۆر گەورەتر بوو لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٧، بەڵام جیهان سەیری نەکردن...خێرایی و سادەبوونی بەکارهێنانی مۆبایل و پێوەندییە ئەلەکترۆنییەکان، ئاسانکاری دەکرد بۆ راوێژ و قسە و باس لەنێوان رێبەرانی سیاسیدا. هاوشێوەی ١٩٨٨، رادیۆکانیش سەرچاوەیەکی جدی بوون بۆ پێدانی زانیاری بە خەڵک. خەڵک رادیۆکانیان نەک تەنها بۆ ئاگاداروونەوە لە رووداوەکانی رۆژانە بەڵکوو بە مەبەستی پلاندانان بۆ رۆژی دوایی، بەکار دێنا.»
سەرەڕای ئامادەبوونی هەزاران ناڕازی و ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی، بەرپرسە سەربازییە دەسەڵاتدارەکان، دەستیان کرد بە سەرکوت، لێدان و ترساندنی پرساکان و لاینگرەکانیان. بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر بە هۆی هەوڵی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە و هاووڵاتیانی رۆژنامەنوسی بێرمەیی «لە بەرزترین ئاستدا هەواڵەکانی رووماڵ دەکرا» و بۆ ماوەیەکی کورت «سەرەڕای رۆڵی گۆشەگیرانەی بێرمە، تەنانەت بوو بە یەکێک لە مژارە سەرەکییەکان لەناو زۆرینەی میدیاکانی جیهاندا».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved