27/1/2022 04:52 PM

رۆژنامە‌نووسی نهێنی و دەنگی دیموکراتیکی بێرمە (بەشی کۆتایی)

چالاکییە بەربڵاوەکان
یەکێک لە گرنگترین چالاکییە بەربڵاوەکان کە دەنگی دیموکراتیکی بێرمە لە سەردەمی شۆڕشی زەعفەرانیدا پێوەی سەرقاڵ بوو، دروستبکردنی یەکگرتوویی بوو لەناو کۆمەڵگای پەرساکاندا. بێرمە وەکوو وڵاتێک «کە زۆرترین رێوڕەسمی بووداییەکانی لێ بەڕێوە دەچێت» لە جیهاندا، پێوەندییەکی زۆر لە بوودیسم هەیە: «لە هەر گوندێک پەرستگەیەکی بوودایی لێیه و خەڵک، پەرساکان بە رێبەرانی مەعنەوی کۆمەڵگا دەهێننە ئەژمار». پەرساکان نەک دابینکەری خزمەرگوزاریی مەعنەوی، بەڵکوو دابینکەری زۆرێک لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە پەروەردە، خۆراک و حەشارگەن. پەرساکان بە کۆکردنەوەی خێر لە خەڵک، بۆ کڕینی خۆراک، ئاگاداری رەنجەکانی خەڵکی بێرمە بوون بو هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. پاش ئەوەی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، ئاگاداری رێپێوانی پەرساکان بووەوە بۆ پشتگیریی لە بەرژەوەندی خەڵک، بەخێرایی لەگەڵ ئەو پەرسایانەی پێشتر پێوەندی لەگەڵیان هەبوو، پێوەندی گرت و پشتیوانی خۆی دەربڕی.
لە یەکەم رێپێوانی پەرساکاندا، هەواڵنێرانی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداریان کرد بۆ ئەوەی چالاکییەکانی ئەوان رووماڵ بکەن. پەرساکان سەرەتان گومانیان لەم هەواڵنێرانە هەبوو و دەترسان کە نەکا ئەم کەسانە، جاسوسی حکومەت بن. بە گوتەی یەکێک لەم هەواڵنێرانە «ژمارەک کەس هەوڵیان دەدا لەسەر شەقام هەواڵنێرەکانی ئێمە بدزن؛ پەرساکان پارێزگاریان لە هەواڵنێرەکان کرد و ئەوانیان بردە ناو ریزەکانی خۆیانەوە و دواتر ئەوانیش دەیانتوانی بە ئاسانی لەگەڵ پەرساکان هەنگاو بێنەوە، ئێمە بەڕاستی دەمانتوانی لەگەڵ یەک کار بکەین.» ئەم هاوکارییە رۆڵێکی گرنگی لە بەردەوامبوونی هەواڵنێرانی سەربەخۆی دەنگی دیموکراتیکی بێرمەدا هەبوو بە مەبەستی رووماڵکردنی رووداوەکانی شۆڕشی زەعفەرانی.
پاش چەندین رۆژ خۆپیشاندانی پەرساکان بەبێ تێکەڵبوونی گروپەکانی دیکە، یەکێک لە رێکخەران تەلەفونی بۆ نووسینگەی سەرەکیی دەنگی دیموکراتیکی بێرمە کرد و پرسیاری کرد: «ئەگەر ئێمە داوا لە خەڵک بکەین پێوەست بن بە ئێمەوە چی روو دەدات؟ ئایا ئەم کارە سوودی دەبێت؟» بە پێشنیاری دەنگی دیموکراتیکی بێرمە، پەرساکان دەستیان کرد بە هاندانی خەڵک بۆ پەیوەستبوون بە خۆپیشاندانەکانەوە. خەڵکیش بە دروستکردنی زنجیرێکی مرۆیی بە دەوری پەرساکاندا هاوکاری ئەوانیان دەکرد. زۆربەی خەڵک لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە حکومەت هەرگیز لەدژی پەرساکان ناوەستێتەوە، چونکە ئەوان رێزێکی زۆریان لەناو کۆمەڵگادا هەبوو و بەتایبەتی دەیانتوانی ببن بە مەترسییەکی گەورە لەسەر رژێم. حکومەت، خۆپیشانداکانی بۆ ماوەیەکی درێژخایەنتر لە سەرپێچییە مەدەنییەکانی رابردوو تەحەمول کرد بەڵام ژێنەڕاڵەکان بە خێرایی دەستیان کرد بە توندوتیژی لەدژی پەرساکان.
هۆکارێکی سەرەکیی دیکە بۆ درێژبوونەوەی خۆپیشاندانەکان، رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو بۆ ئیدانەکردنی سەرکوتەکانی حکومەت. رێبەرانی نێوەوڵەتی (جگە لە چین و هیند) و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ نموونە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستیان کرد بە رەخنە گرتن لە حکومەتی بێرمە و پێداگریان لەسەر ئەوە کرد کە بەرپرسە سەربازییە دەسەڵاتدارەکان، بەرەو نیزامێکی دیموکراتیکتر هەنگاو بنێن. زیاد لەوە، پاش بڵاوبوونەوەی بەڵگەفیلمی «بێرمە ڤی جی» لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، کە رۆڵی دەنگی دیموکراتکی بێرمەی لە ناڕەزاییەکاندا دەخستە روو، ئەم میدیایە ناوبانگێکی نێودەوڵەتیی تایبەتی دەستەبەر کرد. دەنگی دیموکراتیکی بێرمە یەکێک لە سێ بەربژێرە سەرەکییەکە بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ لە ساڵی ٢٠١٠ـدا.
سەرەڕای سەرکوتی حکومەتی بێرمە و پستگوێخستنی ئاشکرای خۆشبژێویی هاووڵاتیان، دەنگی دیموکراتیکی بێرمە لە زەمەنی دامەزرانی خۆی لە ساڵی ١٩٩٢ـەوەوە، زنجیرەیەکی بەردەوام و هەمیشەیی لە لێکدانەوەی میدیایی سەربەخۆی بۆ خەڵکی ناوخۆی بێرمە دابین کردووە. ئەو هەڵبژاردنە ساختەیەی ئەم دواییانە، نیشاندەری ناڕەوابوونی حکومەتی سەربازی لەناو خەڵکی بێرمەیە و دەریخست چالاکییەکانی ئەوان لەدژی هیواداربوونی خەڵک بە کۆمەڵگایەکی ئازادە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved