29/1/2022 05:10 PM

NeoCov؛ نوێترین و مەترسیدارترین جۆری کۆرۆنا

بەپێی توێژینەوەی نوێێ توێژەرانی چینی، جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناوی NeoCov کە لەئێستادا خەریکە لەناو شەمشەکوێرەکانی ئەفریقای باشووردا بڵاو دەبێتەوە، ئەگەر تووشی موتاسیۆن (گۆڕان لە پێکهاتەدا) بێت، دەتوانێ ببێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر مرۆڤ.
بەپێی راپۆرتی NDTV ئەم توێژینەوەیە کە هێشتا لەلایەن کارناسانی دیکەوە بە وردی بەراورد نەکراوە، لەم دواییانەدا لە BioRxivـدا  بڵاو بووەتەوە و دەریدەخات کە NeoCov پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ «کۆنیشانەی هەناسەدانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست/ MERS» هەیە. ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە یەکەم جار ساڵی ٢٠١٢ لە سعودیا بیندراوە.
توێژەرانی ئەکادیمیای زانستەکانی چین و زانکۆی ڤووهان ئاماژەیان بەم خاڵە کردووە کە ئەم ڤایرۆسە نوێیە لەئێستادا تەنها لەناو شەمشەکوێرەدا خەریکی بڵاو بوونەوەیە. NeoCov لە فۆرمی ئێستایدا مرۆڤ تووش ناکات بەڵام گۆڕانە جینەتیکییەکانی داهاتوو دەتوانێ ببێتە بە مەترسییەک لەسەر مرۆڤ. بە گوتەی توێژەران تەنها یەک گۆڕان پێویستە بۆ ئەوەی ئەم ڤایرۆسە بتوانێ دزە بکاتە ناو خانە مرۆییەکانەوە.
دەرئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکەن کە ئەم ڤایرۆسە بەم هۆیە مەترسیدارە چونکە بە شێوەکی جیاواز لە پاتۆژێنی کۆرۆناوە بە گیرەکی ACE2ـەوە دەنووسێت. کەوابوو، نە ئەنتی‌بادییەکان و نە ملوکولە پرۆتینییەکان کە لەلایەن کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەکانی سیستمی هەناسەدانەوە بەرهەم دێت، هیچیان ناتوانن کەسەکە لەبەرامبەر NeoCovـدا بپارێزن.
بەپێی گوتەی ئەم توێژەرە چینیانە، NeoCov ئەگەر روو لە مرۆڤ بکات لە هەر ٣ تووشبوو یەک کەس لەناو دەبات و بەخێراییەکی زۆریش لەناو مرۆڤدا بڵاو دەبێتەوە. نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە لە کۆتاییدا دەڵێن: «بە سەرنجدان بە گۆڕانە یەک لەدوای یەکەکانی SARS-COV-2 و بەتایبەت جۆری ئۆمیکرۆن کە بە چڕی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەم ڤایرۆسانە توانستی نهێنی بۆ نەخۆش خستنی مرۆڤەکانیان هەیە.».

 

سەرچاوە: ndtv

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved