ئەگەر دەتانەوێ ژیانێکی تەندروسترتان هەبێت، دەبێ واز لە خواردنی هەندێک لە خۆراکەکان بهێنن. ئەم خۆراکانەی لەدرێژەدا ئاماژەیان پێدەکرێت نموونەی زیانبەخشترین خۆراکەکانن و بۆ ئەوەی تەندروستیتان تێکنەچێت دەبێ خۆیان لێ دوور بخەنەوە. خواردنی سوورکراوە: ئانجێلا لاگۆ، پسپۆڕی خۆراک، دەڵێ خۆراکە سوورکراوەکان نموونەی زیانبەخشترین خۆراکەکانن بۆ تەندروستیی مرۆڤ و نابێ ببن بە خۆراکی سەرەکیی مرۆڤ. خۆراکە سوورکراوەکان پڕاوپڕن لە چەوری، خوێ و کالۆری و ئەمانەش هەموویان زیان بە دڵ دەگەیێنن. جبس: ئاندرێئا پۆل، پزیشک و راوێژکاری خۆراک دەڵێ جبسی پەتاتە بە چەند هۆکار ناتەندروستە: «مەوادی بەسوودی کەم تێدایە و چەوری و سۆدیۆمەکەی لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەو کەسانەی تەندروستی خۆیان خۆش دەوێت دەبێ واز لەم خۆراکە بهێنن». شکری زیادکراو: ئەگەر لە بەشی "زانیاری خۆراکی"ـی خۆراکەکاندا چاوتان بە دەستەواژەی «شەکری زیادکراو» کەوت واز لە خواردنەکەی بێنن. ئاندرێئا پۆل دەڵێ: «بایەخی خۆراکیی شەکری زیادکراو سفرە و لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە مەترسیی قەڵەوی و تێکچوونی میتابۆلیزم زیاد دەکات». چەوریی هایدرۆجینی: ئەم جۆرە چەورییە لە خۆراکی لەقوتوخراو و فاست فوودەکاندا بوونی هەیە. پۆل دەڵێ: «بەپێی توێژینەوەکان ئەم جۆرە چەورییە رادەی مەرگ و مردن زیاد دەکات. ئەم چەوریانە هیچ تامێک بە خۆراکەکان نابەخشن و تەنها تێچووی بەرهەمهێنەرەکان زیاد دەکەن.» کاربۆهیدراتی پاڵێوراو: ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە بریتین لە برنجی سپی، شیرنەمەنی، پیتزا و شتی لەم چەشنە. ئەم جۆرە خۆراکانە شەکریان زۆرە و هۆکارن بۆ قەڵەوی. ئەم بەرهەمە خۆراکیانە بە گشتی ریشاڵیان تێدا نییە و بەم جۆرە تەندروستیی ریخۆڵەش دەخەنە مەترسییەوە.
سەرچاوە: nypost
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure