5/2/2022 06:33 PM

وەرن بەیەکەوە دەنگەکان بپارێزین (بەشی یەکەم)

روانگە و پاڵنەر
سەرەڕای پەسەندکردنی چاکسازییەکان لە بواری ژماردنی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی مەکسیک لە دەیەی ٩٠ـدا، زۆینەی مەکسیکییەکان بڕوایان بە تەندروستیی هەڵبژاردنەکان کە بەهۆی چەندین ساڵ گەندەڵییەوە خەوشدار بووە، نییە. کاتێک ویتسنتە فەکس لە حزبی جووڵەی نەتەوەیی لە ٢ی ژولای ٢٠٠٠، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریدا سەرکەوتنی دەستەبەر کرد، بە یەکەم سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن لەدوای شۆڕشی ١٩١٠ـەوە هاتە ئەژمار. شرۆڤەکارانی سیاسی، ئەم هەڵبژاردنە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هاتنە ئارای حکومەتێکی دیموکراتیک لە مەکسیک دەزانن. ئەگەرچی ئیدعای جیدی سەبارەت بە فێڵبازیی لە هەڵبژاردنەکاندا تا سەدەی ٢١ درێژەی هەبوو. ئەندرۆ مانۆئێل لۆپێز ئوبرادۆر، بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن، هەندێک قسە و باسی سەبارەت بە فیڵبازی لە ٥٠٠٠ بنکەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ژۆئیەی ٢٠٠٦، خستە روو و ناڕەزاییە خەڵکییەکانی رێک خست و کەشی پایتەختی بە ماوەی مانگێک (مانگی ئاگۆست) لە حاڵەتێکی سرک و سڕدا راگرت.
ئۆسکار سالازار، راوێژکاری مەکسیکیی بەرنامەی گەشەی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک، لە ئامرازێکی نوێ دەگەڕا بۆ یارمەتی گەیاندن بە کۆمەڵگای مەدەنیی مەکسیک. پاش ئەوەی سالازاریان بە ئەندرس لاخۆس، چالاکیی سیاسی ناسراوی مەکسیکی کە لە زانکۆی MIT دەیخوێند، ناساند، هەردوکیان باسی تەکنەکۆژیای مۆبایل، حوکمڕانی لە مەکسیک و هەروەها شێوەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەتی سیاسی و بەشداریی هاووڵاتیانیان لە پرۆسەی سیاسیدا خستە بەر باس. بە باوەڕی سالازار: «ئێمە ئامادە بووین بۆ وەرگرتنی کۆمەڵێک راپۆرت کە دەربڕی نەهاتنە ئارای گەندەڵیی زیاتر لەهەڵبژاردەنەکاندا بن...ئێمە بەشوێن ئەوەوە بووین کە تێبگەین ئەم بابەتە راستە یان نا». تا هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵ، ٢ مانگی مابوو و ئەم هەڵبژاردنە بە جۆرێک دیزاین کرا کە کەڵکی نابەجێ لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بە بەکارهێنانی ئامرازێکی نوێی حەشیمەت-شوێنگە‌پێو بە ناوی «یوشاهیدی» دیاری و چاوەدێری بکرێت. ئەم ئامرازە نوێیه، وای دەکرد مەکسیکییەکان بتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە مۆبایل، کامێرا و کۆمپیتەرەکانی خۆیان لە تۆمار کردنی راپۆرتە عەینییەکانی فێڵبازیی لە دەنگەکاندا بەشداری بکەن. ئەوان بە، داهێنانە نوێیەیان دەگوت «سوئیدمۆس ئێل ڤۆتۆ» واتە «وەرن بەیەکەوە دەنگەکان بپارێزین».

ئامانج و مەبەسەتەکان

سالازار دەڵێ «ئامانجی گەورەی ئێمە، بەشداریی هاووڵاتیان بوو – راکێشانی مەکسیکییە گەنجەکان بەرەو پرۆسەی دیموکراتیک – چونکە دیموکراسی بەبێ بەشداریی گەنجان تەواو نییە». «یوشاهیدی» وەکوو ئامرازێکی تەکنەلۆژیک، هەلێکی زۆر باشی بۆ سالازار و لاخوس رەخساند بۆ ئەوەی راکێشان و بەشداری کردنی گەنجانی مەکسیکی لە رێگەی سازگاربوونی مۆبایل و متمانە بەنیسبەت زانیارییە دەستەبەرکراوەکان لە هەڵبژاردندا بەهێز بکەن. «یوشاهیدی» کە لە زمانی "سواحیلی"ـدا بە مانەی «شایەت»ـە، ئامرازێکە کە لە سەرەتادا بۆ شوێنگەدۆزینەوەی راپۆرتەکانی توندوتیژی لەدوای رێککەوتنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ٢٠٠٧، لە کینیا دروست بوو. لەمەودوا لەلایەن کارمەندانی پۆلیسی فریاکەوتن لە هائیتی، ئاگرکوژێنەوەکان لە شارەکانی روسیا و چالاکانی دژ بە قاچاخچیەتی لە سەرتاسەری جیهاندا کەڵکی لێوەرگیراوە. ئەم ئامرازە، ئەم تواناییەی بە کینیاییەکان بەخشیوە شوێنی ئەو توندوتیژییانەی کە ئەوان بە هۆی کورتەنامە، ئیمەیل و یان ئینتەرنێتەوە بینیویانە بدۆزنەوە و رایبگەیێنن. لەو کاتەوەی «یوشاهیدی» لە ئەفریقا کەڵکی لێوەرگیراوە، وەکوو نموونەی سەرەتایی بۆ تێکەڵکردنی زانیارییەکانی قەیران کە لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەستەبەر کرابوو، میدیاکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و هەروەها ئاوێتەکردنی ئەم زانیاریانە بە ئامرازەکانی دۆزینەوەی شوێنی جوگرافی بەکار هاتووە.
«یوشاهیدی» نەرم‌ئامێرێکی دەق‌کراوەیە و شوێنگەدۆزی قەیرانە کە بۆ سەردەمی پاش توندوتیژییەکانی هەڵبژاردنەکانی کینیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ـدا بەرهەم هات بۆ ئەوەی شوێنی روودانی توندوتیژییەکان بدۆزێتەوە. ئەم نەرم‌ئامێرە، کینیاییەکانی سەبارەت بە زانیارییە پێویستەکان بەڕۆژ دەکردەوە و بە تەیار کردنی هاووڵاتیانی ئاسایی بۆ تۆمارکردنی راپۆرت سەبارەت بە روودانی توندوتیژی لە رێگەی کورتەنامە، ئیمەیل، وێنە و فایلی دەنگییەوە، یارمەتییەکی بەنرخی بە تیمەکانی فریاکەوتن لەو ناوچەیە دەگەیاند. ئەم نەرم‌ئامێرە لەدواییدا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەگشتی هاتە بەر دەستی بەکارهێنەران. بەکارهێنەرانی «یوشاهیدی» لە رێگەی کورتەنامەوە یارمەتیدەر بوون لە پرۆسەی کۆکردنەوەی راپۆرتەکاندا. ئەم ئامێرە بە شێوەی بەستەرێکی تاقانە و راستەوخۆ لە ئینتەرنێتدا جێگیر کرا بۆ ئەوەی مۆبایلە نازیرەکەکان بکات بە مۆبایلی زیرەک.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved