6/2/2022 04:52 PM

وەرن بەیەکەوە دەنگەکان بپارێزین (بەشی سێهەم)

رێبەرایەتی
سالازار خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرایە لە بواری "پێوەندییەکان لە رێگەی دوورەوە" و خەڵکی «فنیا»ـیە و زیاتر لە ١٠ ساڵ سەرقاڵی جێبەجێ کردنی گەڵاڵەکانی حکومەتی ئەلەکترۆنیی خۆجێی بووە لە مەکسیک. ئەو لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا وەکوو راوێژکاری کاروباری تەکنەلۆژیای مۆبایل و حوکمڕانی بۆ پلانی پەرەپێدانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی ئەمریکیی گەشەی ناوخۆیی لە نیۆرک کاری کردووە، بەشوێن ئامرازێکی نوێشەوە بووە بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵگای مەدەنیی مەکسیک. سالازار لەدوای دۆزینەوەی «یوشاهیدی» لە بەهاری ٢٠٠٩ـدا، لەگەڵ مامۆستایەک لە زانکۆی MIT کە پسپۆڕی تەکنەلۆژیاکانی پێوەندیی زانیاری (ICT)ـیە پێوەندی دەگرێت و ئەویش پێشنیار بە سالازار دەکات لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارە نموونەکانی خۆی واتە ئەندرس لاخوس قسە بکات کە چالاکێکی سیاسیی ناسراوی مەکسیکییە.
لاخوس بە بیستنی ئەم دەرفەتە، بە تامەزرۆییەوە خۆی گەیاندە سالازار و لە سەرەتاکانی مانگی مەیی ٢٠٠٩ـدا بە شەمەندەفەر گەیشتە نیۆرک. سالازار بە پشت‌بەستن بە ئەزموونی چالاکییە خەڵکییەکان و تێگەیشتن لە سیاسەتە جۆجێییەکانی مەکسیک، هاوبەشێکی ئایدیاڵی بۆ تەواوکردنی لێهاتووییە تەکنەلۆژیکییەکانی خۆی دۆزییەوە. هەردوکیان (سالازار و لاخوس) بۆ بەفیڕۆنەچوونی ئەو کاتە کەمەی کەوا بەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ژوئیە هەیانبوو، بەخێرایی گەڕانەوە بۆ مەکسیک بۆ ئەوەی «سوئیدمۆس ئێل ڤۆتۆ» دامەزرێنن.

کەشی مەدەنی
دامەزراوەی هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵ (IFE) کە وەکوو بنکەیەکی سەربەخۆ چاوەدێریی هەڵبژاردنەکان دەکات، لە کاتی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بۆ حزبێکی ئۆپۆزیسیۆن لە مەکسیک لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا، وەکوو مۆدێلێک لە وڵاتانی دیکەش خراوەتە روو. بەپێی دامەزراوەی ماڵی ئازادی، هەڵبژاردنەکانی مەکسیک بەشێوەی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوە دەچێت بەڵام لەهەمانکاتدا کۆمەڵێک سکاڵا سەبارەت بە بەرتیل‌ و تاوانی سیاسی لەماوەی هەڵبژاردنەکاندا، دەخرێتە روو کە ئەژماری ناڕەزاییەکان بە رێبەرایەتی ئەندرس مانۆئێل مۆپز ئوبرادۆر لەدوای شکست هێنان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ٢٠٠٦ـدا، ئەم بابەتە دەردەخات. سەرەڕای ئەم هەقیقەتە کە زۆرینەی چاوەدێرانی مەکسیکی و نێودەوڵەتی بە ئیدعاکانی ئوبرادۆر سەبارەت بە فێڵبازی، رێکلامی نەرێنی و بەکارهێنانی سەرچاوە ئیدارییەکان لە بەرژەوەندیی کەسی سەرکەوتوو بەقەناعەت نەگەیشتن، بەڵام زنجیرەیەک کە چاکسازییەکان لە بواری هەڵبژاردن لە ٢٠٠٧ـدا پەسەند کرا کە هیوابەخش بوو بۆ دەستەبەرکردنی ئاستێکی باڵاتر لە دادپەروەریی هەڵبژاردنەکان.
سالازار سەرەڕای چاکسازییە لەژمارنەهاتووەکان دەڵێ: «خەڵک لە تۆمار کردنی راپۆرت وەڕەز دەبن چون هیچ شتێک روو نادات. ئەوان دەڵێن دەی باشە هەموو شتێک گەندەڵە، بەڵام تەنانەت ئەگەر من سکاڵاش تۆمار بکەم و یان راپۆتیشی لەسەر تۆمار بکەم هیچ شتێک نایەتە ئاراوە.» بەرپرسانی پلەبەرز، بەردەوام بە هەبوونی پێوەندی لەگەڵ قاچاخچییەکانی مادە سڕکەرەکان تۆماتبار دەکرێن بەڵام بەدەگمەن سزا دەدرێن و یان لە ئەرکە بوروکراتیکەکانی خۆیان دەردەکرێن. مەکسیک لە پێوەری گەندەڵیی ٢٠٠٩ـی دامەزراوەی شەفافیەتی نێودەوڵەتیدا پلەی ٨٩ـی لەناو ١٨٠ وڵاتدا دەستەبەر کرد. سالازار و لاخوس بە جێبەجێ‌کردنی پرۆژەی «یوشاهیدی» لە مەکسیک، میکانیزمێکی تۆمارکردنی راپۆرت لەسەر فێڵبازیان دروست کرد کە بۆ یەکەم جار ئەم تواناییەی بە چالاکانی مەدەنی و چاوەدێران دەبەخشی کە بۆخۆیان بەڵگە ئاراستەی دادگا بکەن.

 

خاک _ سیامەند موهەتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved