6/2/2022 04:53 PM

شۆڕشی خەڵکی میسر بۆ ئازادی (بەشی یەکەم)

روانگە و پاڵنەر
لە رۆژی ١٤ـی ژانویەی ٢٠١١ـدا، جیهانی عەرەب لەوپەڕی سەرسوڕماندا، ناڕەزایی بەکۆمەڵی خەڵک و راکردنی سەرۆک‌کۆماری تۆنس، بن عەلی، بەخۆیەوە بینی. بۆ یەکەم جار لە مێژووی مۆدێرندا، حاکمێکی عەرەب لەلایەن خەڵکەوە رووخا و خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمانیان بە دەسەڵاتی خۆیان بۆ پێکهێنانی چارەنووسی خۆیان هێنا. وێبلاگ‌نووسێک دەڵێ: «خەڵکی تۆنس نموونەیەکن بۆ جیهانی عەرەب – ئێمە ئیتر دیکتاتۆرمان ناوێ!»
لە میسر، تووڕەیی گشتی بەهۆی بارودۆخی ئابووریی نەگونجاو، گەندەڵیی گشتگیر، بێ‌مەبالاتی حکومەت، سیاسەتی دەرەوەیی هەڵە و سەرکوتی سیاسی لە ماوەی ٣٠ ساڵەی سەرۆکایەتیی موبارەک، چڕ ببووەوە. زۆرینەی خەڵکی میسر بەهۆی بێکاری، ئاوسانی ئابووری، بەرزبوونەوەی بێ‌هۆی نرخی مەوادی خۆراکی و ئاست‌نزمیی ژیان لە ئازاردا دەژیان؛ لەڕاستیدا، زیاتر لە ٤٠٪ـی خەڵک هەموو رۆژێکیان بە کەمتر بە دوو دۆلار تێپەڕ دەکرد. لەهەمانکاتدا، پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ لە فێڵبازیی لە هەڵبژاردنەکاندا، رژێم لەلایەن حزبی دیموکراتیکی نەتەوەیی دەسەڵاتدارەوە بە فێڵبازی، دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی نۆڤەمبەری ٢٠١٠ـی کرد بە هی خۆی.
لەم کاتەدا، وێبلاگ‌نووسەکان ئینتەرنێتیان بەمەبەستی بەڵگەسازی سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و زانیاری بەخشین لەبارەی توندوتیژیی پۆلیس، بەکار دەهێنا. لە ژوەنی ٢٠١٠ـدا، کاتێک گەنجێکی میسری بە ناوی خالید سەعید، لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی پۆلیس لە ئەسکەندەریە گیانی خۆی لەدەست دا، چالاکانی مەدەنی وێنەکانی ئەویان لە ئینتەرنێتدا بڵاو کردەوە و لاپەڕەیەکیان دروست کرد بە ناوی «ئێمە هەموومان خالید سەعیدین». ئەم کردەیە توانی بەخێرایی، پشتگیرییە گشتییەکان بەرەو خۆی رابکشێت و هەواڵەکانی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بکاتەوە. گرووپە دژبەرەکان بۆ نموونە کیفایە و بزوتنەوەی لاوانی شەشی ئاڤریلیش کۆمەڵێک ناڕەزانییان رێکخست و تۆڕە ئۆنلاینەکانیان لە رێگەی فەیسبووک، تویتەر و وێبلاگەکانەوە دامەزراند. لەکۆتاییدا، لەدوای راپەڕینی خەڵی تۆنس، گەنجانی میسری بڕیاریان دا بۆ هێنانە ئارای ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک لە وڵاتەکەیاندا، لەم هەڵە کەڵک وەربگرن.
لە رۆژی ٢٠ـی ژانویەدا، ٣٠ کەس لە رێبەرانی ئەم گرووپانە بۆ نموونە کیفایە، لاوانی شەشی ئاڤریل و گرووپەکانی دیکەی بەرەی چەپ لە قاهیرە، یەکتریان بینی بۆ ئەوەی خۆپیشاندانێکی گشتی لەدژی رژێم رێک بخەن. گرووپی «ئێمە هەموومان خالید سەعیدین» کە پێوەندیی نزیکی لەگەڵ رێکخەران هەبوو، هەواڵی خۆپیشاندانەکەی بۆ رۆژی نیشتمانیی پۆلیس، واتە ٢٥ـی ژانویە، بڵاو کردەوە. ئەم گرووپە رایگەیاند: «ناڕەزاییە بەربڵاوەکانی ئێمە لە رۆژی ٢٥ـی ژانویەدا دەبێت بە دەسپێکی کۆتاییەک، کۆتایی بێدەنگی و خۆبەدەستەوەدان...و دەسپێکی لاپەڕەیەکی دیکە». «ئێمە خوازیاری مافەکانی خۆمانین و لەمەودوا ئیتر بێدەنگ نابین.»
بەپێی پلانەکە، هەزاران خۆپیشاندەری ناڕازی لە ناوەندی شاری قاهیرە، گۆڕەپانی تەحریر، کۆ بوونەوە. ئەوان دەیانگوت: «ئێمە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانمان جێبەجێ نەبێت ئێرە جێناهێڵین.» ئەگەرچی پۆلیس، ئەو شەوە خۆپیشاندەرانی پەرتەوازە کرد، بەڵام گۆڕەپانی تەحریر بوو بە هێمایەکی شۆڕشگێڕانە و ناوەندی ناڕازیانی میسری کە تا چەندین هەفتە، رۆژ و شەو لەوێ کۆ دەبوونەوە و خوازیاری گۆڕان بوون.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved