7/2/2022 03:50 PM

شۆڕشی خەڵکی میسر بۆ ئازادی (بەشی دووەم)

ئامانج و مەبەستەکان
«رووخانی رژێم»، دروشمی سەرەکیی خۆپیشاندەران بوو. لەسەرکارلابردنی موبارەک یەکەم داواکاریی ئەوان بوو. ئەوان هەروەها خوازیاری کۆتایی هێنان بە «دۆخی نائاسایی» بوون، یاسایەک کە ئەم هەلەی بۆ رژێم رەخساندبوو لەم چەند مانگە خەڵک سەرکوت بکات. داخوازییەکی دیکە، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی کاتیی نوێ بوو. خۆپیشاندەران، خوازیاری هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بۆ پەرلەمانێکی نوێ بوون بۆ ئەوەی ئەم دەرەتانەیان پێبدات کۆمەڵێک چاکسازیی جەوهەری سەبارەت بە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. لەکۆتاییدا میسرییەکان خوازیاری جێبەجێ کردنی دادپەروەی بوون لە رێگەی دەزگایەکی دادی تەندروست بۆ سەرجەم قوربانیانی رژێم.
بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجانە، خۆپیشاندەران لەسەر چەند شت چڕ بوونەوە کە بریتی  بوون لە گرتنەوە و کۆنتڕۆڵی بینا حکومییەکان، هاوڕا کردنی پۆلیس و سوپا لەگەڵ خۆیان و پاراستنی خۆپیشاندەران. خۆپیشاندەران چەند رۆژ دوای ناڕەزاییەکانی ٢٥ـی ژانویە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دیکەیان بۆ رۆژی ٢٨ـی ژانویە بە ناوی «رۆژی تووڕەیی» رێک خست بۆ ئەوەی لەم رۆژەدا، تووڕەبوونی خەڵکی میسر بەنیسبەت گەندەڵی، دۆخی نالەباری ژیان و نادادپەروەری دەرببڕن. خۆپیشاندەران، رێنوێنییەکیان لەژێر ناوی «چۆناوچۆن زیرەکانە خەبات بکەین» لەگەڵ تاکتیکەکانی هاوکاری، شوێنەکانی خۆپیشاندان، لیستەی ئەو جلانەی کە دەبێ لەبەر بکرێن، ئامرازی خۆپاراستن لەبەرامبەر غازی فرمێسکڕێژ و ستراتیژیی پێویست بۆ راکێشانی خەڵک بەرەو خۆپیشاندانەکانیان بڵاو کردەوە. خۆپیشاندەران توانیان لەدەست پۆلیس رزگار بن بەشێوازێک کە نەک لە شوێنە راگەیەندراوەکان، بەڵکوو لە شوێنەکانی دیکە، مزگەوت و کڵێسا نزیکەکان، کۆ دەبوونەوە. بەم شێوازە ئەوان توانیان حەشیمەتێکی زۆر لە دەوری یەک کۆ بکەنەوە و بڕۆنە ناو بنکەکانی پۆلیس و بینا حکومەییەکانەوە.
لەم کاتەدا پۆلیس پاشەکشێی کرد، زیندانەکان کرانەوە و زیندانییەکان رژانە دەرەوە و لەلایەکی دیکەوە تاڵانچییەکان دەستیان کرد بە تاڵان و شێواندن. زۆر کەس ئەوەیان بینی کە رژێم، بۆخۆی وەها ئاڵۆزییەکی دروست کردبوو بۆ ئەوەی سەرکوتی خەڵک پاساو بداتەوە و داهاتووی بەبێ موبارەک نیشان بدات. لە نەبوونی پۆلیسدا، سوپا رەوانەی شەقامەکان کرا و حەشیمەتەکە بەخێرهاتنیان پێگوتن. خەڵک ئەو دروشمەیانەیان دوبارە دەکردەوە: «سوپا و خەڵک یەک شتن»، «ئێمە برای ئێوەین». لەحاڵێکدا کە سەربازەکان و خۆپیشاندەران لە شەقامەکان یەکتریان لە ئامێز دەگرت، بەڵام رێبەرە سەربازییەکان پشتگیریان لە موبارەک دەکرد. بەم حاڵەوە، پاش زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی خۆپیشاندەران، سوپاش بەم دەرئەنجامە گەیشت کە کۆتا رۆژەکانی موبارەکە و لە وەها دۆخێکدا پشتگیریان لە خەڵک دەکرد بە مەبەستی رووخانی رژێم.

رێبەرایەتی
شۆڕشێک کە موبارەکی لەسەر کار لابرد، لەلایەن گەنجانەوە دەستی پێکرد، تاقمە گەنجەکان بۆ نموونە شەشی ئاڤریل، کیفایە، لایەنە چەپەکان بۆ نموونە سوشیالیستە شۆرشگێڕەکان، لاینگرانی بەربژێربوونی محەمەد ئەلبەرادێعی بۆ سەرۆکایەتی و حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ نموونە ئەلوەفد، ئەلقەعد، ئەلکەرامە و بەرەی دیموکراتیک. بزووتنەوەکە هەروەها پشتگیریی هەندێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی بەرەو خۆی راکێشا، بۆ نموونە نووسەرگەلێکی وەکوو عەلا ئەلئەسوانی و ئەهداف سویف، ئەکتەرگەلێکی وەکوو عەمرو واکید و خالید، فێمینیست‌گەلێکی وەکوو نەواڵ سەعداوی و دایکی خالید سەعید. ئەگەرچی گەنجانی سەر بە ئیخوانولموسلیمینیش تێکەڵ بە ناڕەزاییەکان بوون، بەڵام سەرەتا رێبەرانی ئەم رەوتە بەفەرمی دژایەتیان لەگەڵ بزووتنەوەکە کرد و پاش ماوەیەک پشتگیریی خۆیان دەربڕی. ئەگەرچی ئیخوانولموسلیمین یارمەتیدەری خۆپیشاندەران بوون، بەڵام رۆڵی رێبەریان لەم بزووتنەوەیەدا نەبوو. سەرەڕای دەستێوەردانی گروپ و چالاکە مەدەنییەکان، رێبەرێکی دیاریکراو جڵەوی شۆڕشەکەی بەدەستەوە نەبوو.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved