8/2/2022 09:22 PM

شۆڕشی خەڵکی میسر بۆ ئازادی (بەشی سێهەم)

تایبەتمەندیی بێ‌ناوەندبوونی بزووتنەوەکە، سەرنجی ئەو گەنجانەی کەوا چەندین ساڵ سەرکوت ئەوانی لە رژێم بێزار کردبوو راکێشا. بزووتنەوەکە ئەم هەلەی بۆ هاووڵاتیان دەڕەخساند کە جڵەوی جووڵەکەی خۆیان بەدەستەوە بگرن و بنکەکانی خۆیان بۆ پاراستنی ماڵ و دووکانەکانیان پێک بێنن: «ئێمە دەمانەوێ بە هەموو جیهانی بسەلمێنین کە دەتوانین وڵاتەکەمان بپارێزین و ئێمە ئەم کارە بەبێ حکومەت و پۆلیس ئەنجام دەدەین».
لە کۆتاییدا بەرپرسی گووگڵ، وائیل غۆنیم بوو بە رێبەری هیمایینی شۆرشەکە. وەکوو یەکێک لە دامەزرێنەرانی لاپەڕەی فەیسبووکیی «ئێمە هەموومان خالید سەعیدین»، ئەویش لە رێکخستنی ناڕەزاییەکاندا رۆڵێکی گرنگی گێڕا. لەدوای «رۆژی تووڕەیی» لە ٢٨ـی ژانویە، ئەو بۆ ماوەی ١٢ رۆژ خرایە ناو زیندانەوە. ئەو لەدوای ئازادبوون لە زیندان، بەخێرایی لە گفتوگۆیەکی راستەوخۆی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: «ئێمە هەموومان گەنجانێکین کە ئەم کارەمان بەهۆی خۆشەویستیی میسرەوە ئەنجام دا...من قارەمان نیم. قارەمان ئەوانەن کە رژانە سەر شەقامەکان، ئەوانەی تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان بوون، ئەوانەی ژیانی خۆیان بەخت کرد.» غۆنیم گوتی ئەو تەنها یەک کەسی ئاساییە لەناو ئەم حەشیمەتە مەزنەدا: «من دەڵێم شۆڕشەکەی ئێمە هاوشێوەی ویکیپێدیایە...هەر کام لە ئێمە لە بەرهەمهێنانی ناوەرۆکەکەیدا رۆڵ دەگێڕین».

کەشی مەدەنی
لەحاڵێکدا کە رژێمەکەی موبارەک، تا رادەیەک ئازادی بە رۆژنامەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتی دابوو، بەڵام ئیزنی بە دەربڕینی بۆچوون و بیروڕا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی موبارەک، سوپا و جێگرتنەوەی کوڕەکەی موبارەک – جەماڵ – نەدەدا. رژێم هەروەها لەماوەی هەڵبژاردنەکاندا، دەستی بە سەرکوت کردبوو و لاتەکانی سەر بە رژێم لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان هێرشیان دەکردە سەر خۆپیشاندەران، دەستبەسەریان دەکردن و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا ئەشکەنجەیان دەدان. حکومەتی موبارەک لە ٢٥ـی ژانویە بەدواوە، چالاکییەکانی خۆی زیاتر کرد و پۆلیس هێزێکی زیاتری بۆ سەرکوت بەکار دێنا، هەر لە غازی فرمێسکڕێژەوە بگەرە تان فیشەکی پلاستیکی و چەک و تەقەمەنی کە لەدژی خۆپیشاندەران کەڵکی لێوەردەگیرا. لەهەمانکاتدا، هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێم بە وردی و بە کەڵک وەرگرتن لە گۆپاڵ، بەرد و چەقۆ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران. لە «شەڕی وشتر» لە ٢ی مانگی فێبریە، ئەوان بە ئەسپ و وشتر هێرشیان کردە سەر خەڵک. لەکۆتاییدا، لانیکەم ٨٤٠ هاووڵاتیی میسری کوژران و ٦٥٠٠ کەسیش بریندار بوون. هەزاران چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندەر دەستبەسەر و ئەشکەنجە کران. جگە لە هێزە ئەمنییەکانی رژێم، سوپاش لەم پرسەدا رۆڵی دەگێڕا.
لە کردەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا، رژێم ئینتەرنێت و مۆبایلەکانی لە رۆژی ٢٦ـی ژانویەدا بچڕاند بۆ ئەوەی دەرەتانی رێکخستنی خۆپیشاندانەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵیان نەبێت. لەو ماوەیەدا تەنها ژمارەیەکی کەم لە ماڵپەڕ و سێرفێرە ناوخۆییەکان ئینتەرنێتیان هەبوو. لەبەرامبەردا، خۆپیشاندەران شێوەی پێوەندی‌گرتنەکەیان گۆڕی و بەشێوەی تاکەکەسی دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، وەشانە چاپبووەکانی رێنوێنیی «چۆناوچۆن زیرەکانە خەبات بکەین»ـیان بڵاو دەکردەوە و لە ماڵی رێبەرەکان کۆ دەبوونەوە.
لەم کاتەدا، رژێم خەبات لەدژی دژبەرانی لە رێگەی میدیاکانەوە دەست پێکرد و ئەوانی بە سیخوڕی بۆ هێزە دەرەکییەکان بەمەبەستی لەناوبردنی میسر و بەشێک لە یەکگرتنی نێوان ئیسرائیل، ئێران، حەماس و ئەمریکا تۆماتبار کرد. بێژەرانی تووڕەی تەلەفیزیۆنەلکانی رژێم، دەیانگوت گۆڕەپانی تەحریر لەلایەن بیانییە ئینگلیزی‌زمانەکان و ئیسلامییە چەکدارەکانەوە، رێبەرایەتی دەکرێت. یەکێک لە خۆپیشاندەران دەڵێ: «ئەوان ئێمە بە فیشەک دەکوژن، بکوژەکانمان تێبەردەدەن و ئێستاش پروپاگاندای میدیاییان لەدژی ئێمە خستووەتە گەڕ» و «بەردەوام خەڵک تێکەڵ بە ئێمە دەبن»

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved