8/2/2022 09:23 PM

رۆژنامەنووسیی ئازاد لە میسر(بەشی یەکەم)

رۆژنامەی سەربەخۆی المصری‌الیوم ساڵی ٢٠٠٤ دامەزرا، بە مەبەستی ئەوەی راپۆرتی بڕواپێکراو سەبارەت بە گەندەڵیی حکومەت و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە میسر بڵاو بکاتەوە. ئەم رۆژنامەیە ساڵی ٢٠٠٥، بە شایەتی دادوەرێکی چاوەدێری هەڵبژاردنەکان، راپۆرتێکی تێر و تەسەل و دیکومێنتارێکی سەبارەت بە فێڵبازی لە هەڵبژاردنەکانی بڵاو کردەوە. لەو کاتەوە، المصری‌الیوم لە بواری رووماڵکردنی سیاسەتە ناوخۆییەکاندا رۆڵی رێبەری بۆ میدیاکان بووە.

روانگە و پاڵنەر
لەماوەی سەرۆکایەتیی حوسنی موبارەکدا، واتە کە ساڵی ١٩٨١ـەوە تا رووخانی حکومەتەکەی لە ساڵی ٢٠١١ـدا، پیشەسازیی رۆژنامە لە میسر لەژێر دەسەڵاتی سێ رۆژنامەی حکومی واتە ئەلئەهرام، ئەلئەخبار و ئەلجومهوریەدا بوون. رەخنەگران دەیانگوت ئەم رۆژنامانە لەخزمەت رژێمدا بوون، بەیاننامە فەرمییەکانی حکومەتیان بڵاو دەکردەوە و هەوڵیان دەدا دژبەرە سیاسییەکان بخەنە پەڕاوێزەوە. تا ساڵی ٢٠٠٤، تەنها دەنگی دژبەری جێی سەرنج لەناو بڵاڤۆکەکانی میسردا، لەلایەن رۆژنامەکانی حزبە سیاسیەکاندا دەبیسترا. بەڵام زۆرینەی ئەم رۆژنامانە زیاتر بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی پڕ هات و هاوار بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تیراژ (ژمارەی رۆژنامەی چاپکراو)ـی خۆیان بەناوبانگ بوون نەک بەهۆی ئامادەکردنی راپۆرتی عەینی یان رەخنەی بنیاتنەرانەوە.
لەکەشی رۆژنامەنووسیی میسریدا، «ئەم رۆژنامانە ببوون بە وتەبێژی حزبی دەسەڵاتدار و رۆژنامەکانی دژبەری حکومەتیش تەنها لەسەر روانگەی حزبەکانی خۆیان جەختیان دەکردەوە.» گۆڤارە سەربەخۆکانی میسر ئازادیی رادەربڕینیان زیاتر بوو، بەڵام لەو رووەوە کە هەفتەی جارێک بڵاو دەبوونەوە، نەیاندەتوانی راپۆرتی بەڕۆژ ئامادە بکەن. رووداوگەلێکی وەکوو خۆپیشاندانی سیاسی لە رۆژنامە حکومییەکاندا بڵاو نەدەبوونەوە، بەڵام راپۆرتی ئەم چالاکیانە لە بڵاڤۆکی حزبە دژبەرەکاندا لە روانگەیەکی بەرتەسکی حزبیەوە ئاراستە دەکرا و لە رۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکاندا بەدەگمەن لەکاتی خۆیدا سەرنجی پێدەدرا.
ساڵی ٢٠٠٣، گرووپێک لە بازەرگانانی قاهیرە پەیوەندیان بە هیشام قاسم، سەرنووسەری تایمزی قاهیرەوە گرت و دامەزراندنی رۆژنامەیەکی سەربەخۆیان پێ پێشنیار کرد. ساڵێک دواتر، رۆژنامەی المصری‌الیوم، میسری ئەمڕۆ، بە بەرپرسایەتیی قاسم دامەزرا.

ئامانج و مەبەستەکان
لەسەرەتادا قاسم بەنیسبەت بیرۆکەی دامەزراندنی وەها رۆژنامەیەک رەشبین بوو، بەڵام پاش ماوەیەک ئەم رۆژنامەیەی بە هەلێک زانی بۆ کردنەوەی رێگەیەکی نوێ بۆ بڵاڤۆکەکانی میسر. هیشام قاسم بە هاوبەشەکانی خۆی گوت: «ئەوەی وا ئێستا پێویستە رۆژنامەیەکە کە ببێت بە سەرچەشن بۆ رۆژنامەکانی دیکە. جێی وەها رۆژنامەیەک بەتاڵە.»
ئامانجی المصری‌الیوم ئامادەکردنی رۆژنامەیەک بوو بۆ رۆژنامەخوێنەکانی میسر کە لەژێر تاوی لایەنە سیاسیەکاندا نەبێت و راپۆرت و هەواڵی جێ‌‌متمانە سەبارەت بە پرسە گرنگەکان و روانگە جۆراوجۆرەکان بە خەڵک بدات. بە گوتەی ئەلجەلاد، المصری‌الیوم بڕوای بە مافی خوێنەر بۆ وەرگرتنی کۆمەڵێک زانیاریی عەینی و هاوسەنگ و بێ‌لایەیانە هەیە... و دەیەوێ خوێنەر لەدوای دەستەبەرکردنی زانیارییەکان، بۆخۆی ئاراستەی خۆی هەڵبژێرێت و سیستمی فکرییەکەی دروست بکات.
قاسم بۆ وڵامدانەوەی حەز و ویستەکانی هاووڵاتیانی میسری، ئەو مژارە گرنگانەی کە دەبێ لە رۆژنامەدا رووماڵ بکرێت بە روونی پێناسە کرد. ئەو گوتی: «ئازادییە مەدەنییەکان، مافی مرۆڤ، چاکسازیی سیاسی؛ ئەمانە مژاری لاپەڕەی یەکەمە و من دەمەوێ ٨٠٪ـی هەواڵەکان خۆجێی بێت»

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved