9/2/2022 05:36 PM

شۆڕشی خەڵکی میسر بۆ ئازادی (بەشی کۆتایی)

پەیام و بەردەنگ
لەگەڵ ئەوەی ناڕەزاییەکانی ٢٥ـی ژانویە لەسەرەتاوە لەلایەن گەنجانەوە رێبەرایەتی دەکرا، بەڵام پاش ماوەیەک بزووتنەکەوە سەرجەم توێژە کۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە. چالاکان هەوڵیان دەدا ئەم پەیامە بە هەمووان بگەیێنن: «ئێمە کۆمەڵێک مافمان هەیە... و ئێمە مافی خۆمان وەردەگرین...» ئەوان دەیانویست میسر لە ژێر دەستی موباڕەک بێننە دەرێ. وائیل غۆنیم دەڵێ: «ئەم وڵاتە، وڵاتی ئێمەیە و هەر کەسێک مافی بەسەر ئەم وڵاتەوە هەیە. ئێوە لەم وڵاتەدا دەنگێکتان هەیە.» لەڕاستیدا، گفتوگۆ تەلەفیزیۆنییەکەی غۆنیم، رۆڵێکی گرنگی لە بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزاییەکان، گەیاندنی پەیام بە بەردەنگانی نوێ و زاڵبوون بەسەر دەنگە دژبەرەکاندا هەبوو.
لەحاڵێکدا کە ئینتەرنێت، بەتایبەت فەیسبووک، بنەمای هەوڵی هەڵسووڕاوان بوو، ئەوان دروشم‌نووسین و بڵاوکردنەوەی پۆستێر و ئێعلامیەشیان ئەنجام دەدا. ئەوان هەروەها کۆڕە بنەماڵەییەکانیشیان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ بەکار دێنا. هەروەها ئەم هەڵسووڕاوانە کەسانێکیان دەنارد بۆ ئەوەی لەناو تەکسیدا سەبارەت بە ناڕەزاییەکان قسە بکەن بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە شۆفێر تەکسییەکانیش ئاگادار بکەنەوە. ئەو کاتەی ئینتەرنێت بە ماوەی ٥ رۆژ پچڕابوو، چالاکان لەسەر ئاگادارکردنەوەی تاکەکەسی و بڵاوکردنەوەی رێنوێنی جەختیان دەکردەوە.
لەجیاتی چڕبوونەوە لەسەر گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکان، رێکخەران، ناڕەزاییەکانیان لە گەڕەگە هەژارەکانی دەست پێکرد، ئەو شوێنەی وا ناڕازیان دەبوون بە دوو تاقم، تاقمێک لەسەر چالاکیی تاکەکەسی لە قاوەخانەکان چڕ دەبووەوە و تاقمێکی دیکە دەڕۆیشتنەوە سەر شەقام و خەڵکیان هان دەەدا کە تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان بن. لەجیاتی چڕبوونەوە لەسەر دیموکراسی، ئەوان پرسە ئابوورییەکانیان کردبوو بە ئەولەویەتی خۆیان بۆ ئەوەی پشتگیرییەکی زیاتر دەستەبەر بکەن. دروشمەکەیان ئەوە بوو: «ئەوان گۆشت دەخۆن و ئێمە دانەویڵە».
هێدی‌هێدی خەڵک لە کۆڵانەکان کۆ دەبوونەوە و تێکەڵ بە بزووتنەوەکە دەبوون تا ئەوەی کە دەستەیەکی گەورە دەڕژانە ناو شەقامە سەەکییەکانەوە. ئەسما مەحفووز دەڵێ: «هەمووان دەیانگوت هیچ هیوایەک نییە، هیچ کەس نایەتە سەر شەقام، خەڵک پاسیڤن ، بەڵام ترسەکە شکا».

چالاکییە بەربڵاوەکان
راپەڕینی میسر بەخێرایی سەرنجی میدیا نێوەدەڵەتییەکانی راکێشا. لە ئەمریکا، ئەم پرسە بوو بە گرنگترین پرسی نێودەوڵەتی لە چوار ساڵی رابردوودا و ٥٦٪ـی هەواڵەکانی هەفتەی یەکەمی فێبرییە تەرخان کرا بۆ ئەم بابەتە.
بۆ بێدەنگ کردنی میدیا نێودەوڵەتییەکان، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان هێرشیان دەکردە سەر هەواڵنێرە بیانییەکان و هەواڵنێرە ئەمریکییەکانیان دەستبەسەر دەکرد و هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرە.
بەڵام میدیا نێودەوڵەتییەکان بەردەوام وێنەی ئیلهام‌بەخش و هاندەریان لە گۆڕەپانی تەحریر بڵاو دەکردەوە و لەسەر تویتەر، دوایین هەواڵەکانی ناڕەزاییەکانی میسر بڵاو دەبوونەوە و ئەمەش هاوپێوەندیی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی میسری بەهێز دەکرد. ئەوروپا هێڵەکانی ئینتەرنێتی بێ‌بەرامبەر خستە بەردەستی خەڵکی میسر؛ خوێندکارێکی ئەمریکی لە هێڵەکانی تەلەفون کەڵکی وەرگرت بۆ ئەوەی دوایین هەواڵەکانی میسر لە هاوڕێکانی وەربگرێت و لەسەر تویتەر بڵاوی بکاتەوە. گووگڵیش Speak2Tweetـی دامەزراند بۆ ئەوەی ئەم هەلە بۆ خەڵکی میسر بڕەخسینێت بە وەرگرتنی ژمارە تەلەفون و تۆمارکردنی پەیام، هەواڵەکان بەشێوەی ئۆتۆمات لە تویتەردا بڵاو ببنەوە.
لەکۆتاییدا ملیۆنان میسری بە مەبەستی رووخاندنی موباڕەک یەکیان گرت. ئەو جۆرەی ئەحمەد ماهیر دەڵێ: «کاتێک سەیری دەوروبەری خۆم کرد و ئەم هەمووە روخسارە نەناسیاوەم لە خۆپیشاندانەکەدا بینی، کە هەموویان زۆر بوێرتر بوون لە ئێمە – من زانیم کە ئەمانە هەمووی بۆ رووخانی رژێمە.» موباڕەک لای وابوو کە دەتوانێ بە پێدانی چەند پوانی کەم‌بایەخ دەتوانێ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە: گۆڕینی کابینە، دانانی سەرۆک‌وەزیران و بەڵێنی رادەستکردنی دەسەڵات بۆ کەسانێکی دیکە. بەڵام هێزە سەربازییەکان لە شکستهێنانی موباڕەک بۆ کۆتایی هێنان بە بشێوی وەڕەز ببوون؛ ئەگەرچی لە ١٠ـی فێبریەدا چاوەڕوان دەکرا موباڕەک دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەنجومەنی باڵای هێزە سەربازییەکان، بەیاننامەیەی بۆ شەرعیەتدان بە داواکارییەکانی ناڕازییەکان بڵاو کردەوە. موباڕەک دەبوو دوانیوەڕۆی ئەو رۆژە دەستی لەکار بکێشایەتەوە بەڵام لەژێر کاریگەریی کوڕەکەیدا، ئەو دوایین هەوڵەکانی خۆی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی خستە گەڕ و پاشەکشێی نەکرد. خۆپیشاندەران و هێزە سەربازییەکان زۆر تووڕە بوون تا ئەوەی کە دواجار رۆژێک دواتر، موبارەک دەستی لەکار کێشایەوە.
خەڵکی میسر دەستیان کرد بە هەڵپەڕین و ئەنجومەنی باڵای هێزە سەربازییەکان، دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. ئەنجومەنی باڵا سەرۆک وەزیرانی هەڵبژارد، ئەنجومەنێکی بۆ چاکسازیی یاسای بنەڕەتی بە لەبەرچاوگرتنی رێساکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی دادپەروەرانە پێک هێنا و گشتپرسییەکی سەبارەت بە چاکسازییەکان لە مانگی مارسدا بەڕێوە برد. بە مەبەستی سەقامگیر کردنی کۆمەڵگا، زۆرینەی خەڵک دەنگی «بەڵێ»ـیان دا بە: کردەوەی رێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سیپتامبەر، ئامادەکردنی یاسای بنەڕەتیی نوێ و هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری. موباڕەک مانگی ژوەنی ٢٠١٢ بە تاوانی گەندەڵی و کوشتنی ناڕازیان دادگایی کرا و سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپا.
سەرەڕای بشێوی و ئاڵۆزییەکانی دوای سەردەمی موباڕەک، گەنجان رێگەی خۆیان بۆ دروستکردنی فەرهەنگێکی نوێی سیاسیی دیموکراتیک لە میسر درێژە دەدەن. بە گوتەی ئەحمەد ماهیر «ئەو گۆڕانە راستەقینەیەی کە ئێمە باسی دەکەین...گۆڕینی رژێم و گۆڕینی یاساکانی یاریی سیاسییە. ئەو گۆڕانەی مەبەستمانە، گۆڕانە لە زەینیەت و فەرهەنگدا. دەستەبەرکردنی خەونەکانی ئێمە سەبارەت بە دیموکراسی ئاسان نییە. ئەم گۆڕانە چەندین ساڵی پێدەچێت».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved