9/2/2022 05:39 PM

رۆژنامەنووسیی ئازاد لە میسر(بەشی دووەم)

رێبەرایەتی
بە دەستپێکردنی کاری المصری‌الیوم، قاسم رەوتێکی نوێی لە رۆژنامەنووسی لە میسردا دەست پێکرد. بەم حاڵەوە ئەو بە خۆپارێزییەوە هەنگاوی دەناوە چونکە دەیزانی کاری رۆژنامەنووسیی کواڵیتی بەرز لە کەشی سەرکوتدا زۆر ئەستەمە. ئەو ئەم کارەی لەگەڵ فڕین بە فڕۆکەی ٧٢٧ بەراورد کرد کە دەبوو بە ئارامی لێیبوخڕدریت.
قاسم وەکوو بەرپرسی گشتیی المصری‌الیوم دەبوو کەسانێکی دابمەزراندایە کە لەحاست بایەخەکانی کاری رۆژنامەنووسی و گشتییەتی رۆژنامەکە خۆیان بە بەرپرس بزانیایە. بەم مەبەستە قاسم کۆمەڵێک پێوەری وردی بۆ دامەزراندنی رۆژنامەنووسان بەکار هێنا. ئەو بەشوێن دەرچووانی زانکۆوە بوو، ئەو کەسانەی هێشتاش نەچوبوونە ژێر کاریگەریی ئەو روانگانەی کە بەسەر میدیا گشتییەکانی میسردا زاڵ ببوون. قاسم بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجی دروستکردنی رۆژنامەیەکی بێ‌لایەن و سەربەخۆ، دامەزراندنی شوێنکەوتووکانی دەمارگرژی رەوتە سیاسی و ئایینییەکانی رەد کردەوە. لەدوای دەرکردنی دوو سەرنووسەری کێشەدار، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی ئیشی بە ژنان نەدەدا و دووهەمیان بەهۆی چاپ نەکردنی ئەو هەواڵانەی باسیان لە خواردنەوەی کحولی دەکرد بەهۆی حەرامبوونیان، قاسم، مەجدی ئەلجەلادی وەکوو سەرنووسەر دامەزراند.
لە پرۆسەی درێژخایەن و دژواری دروستکردنی رۆژنامەیەکی کواڵیتیی بەرز، قاسم سەرجەم لێهاتووییەکانی رێبەرایەتی و بەرێوەبەرایەتیی پێویست بۆ بنیاتنانی دروستی رۆژنامەی المصری‌الیومی لەخۆی نیشان دابوو. ساڵی ٢٠٠٧، بنکەی نەتەوەیی دیموکراسی لە ئەمریکا بۆ رێزگرتن لە چالاکییەکانی قاسم وەکوو «یەکێک لە دیارترین بڵاوکەرەوەکان و چالاکانی دیموکراسی لە میسر»، خەڵاتی دیموکراسیان پێشکەش بە ئەو کرد.

کەشی مەدەنی
لە سەردەمی سەرۆکایەتیی موباڕەکدا، رۆژنامەکانی میسر بەبراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەب، تا رادەیەک ئازادیان هەبوو، بەڵام کۆمەڵێک بەرتەسکاییش لەباری ناوەرۆکەوە هەبوو. وەزارەتی زانیاریی میسر رۆژنامەکانی کۆنتڕۆڵ دەکرد و سەرنووسەرانیان بۆ لەبەرچاوگرتنی هەندێک لە «هێڵە سوورەکان» بۆ نموونە زانیاریی سەربازی یان ئەو بابەتانەی پێوەندیان بە بنەماڵەی موباڕەکەوە هەبوو، دەخرانە ژێر گوشارەوە. مەجدی ئەلجەلاد دەیگوت: «ئەوان هەوڵ دەدەن دزە بکەنە ناو ئێمەوە. هەندێک جار هەڕەشەمان لێدەکرێت، هەندێک جاریش بە رستەی بەئەدەبانە لۆمە دەکرێین.»
بەهۆی گوشارە حکومییەکانەوە، جۆرێک خۆسانسۆرکردن لە زۆرینەی رۆژنامەکانی میسر، بۆ نموونە رۆژنامەی المصری‌الیومدا، هەبوو. حکومەت زیاد لەو گوشارانەی بەگشتی دەیخستە سەر رۆژنامەکان، بە کۆنتڕۆڵکردنی چاپخانەکان و تۆڕەکانی بڵاکردنەوە دەیتوانی زەختێکی زیاتر بخاتە سەریان و رۆژنامەکان لە رۆژنامەفرۆشییەکان کۆ بکاتەوە.
یاسای بلاڤۆکەکان و تاوانەکانی ئەم بوارە لە میسر و لە سەردەمی موباڕەکدا ٣٢ مادەی هەبوو کە مەجالی بە حکومەت دەدا رۆژنامەنووسان بە تۆمەتێکی ناڕوونی وەکوو «هەڕەشە لەدژی سیستم» زیندانی بکرێن. ئەم یاسایە ئەم تواناییەی بە حکومەت دەبەخشی کە رۆژنامەنووسان بەهۆی تپەڕین لەو «هێڵە سوورانەی» کە بەسەر رۆژنامەکاندا سەپابوو سەرکوت بکات. قاسم دەیگوت: «بەبەردەوامی لەدژی ئێمە دۆسیە دەکرێتەوە. هەندێک جار یارمەتیدەرەکەم هەموو هەفتەیەک دۆسیەیەکی نوێم رادەست دەکات. بەڵام من مەحکووم ناکرێم.» «سەرەڕای زەختی حکومەت لەسەر میدیاکانی میسر»، قاسم دەیگوت: «زۆر گەمژانەیە ئەگەر موباڕەک پەراوێزێکی سەقامگیر بۆ ئازادیی بڵاڤۆکەکان نەهیڵێتەوە.»

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved