10/2/2022 05:27 PM

رۆژنامەنووسیی ئازاد لە میسر(بەشی کۆتایی)

پەیام و بەردەنگ
قاسم بە مەبەستی هەواڵنێریی بێ‌لایەنانە، هەوڵی دەدا هەر ئەم پەیامە ئاراستەی بەردەنگ بکات. هەندێک لە چالاکان بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان لە ئامرازگەلێکی وەکوو رێپێوان، بایکۆت و شێوازە راستەوخۆکانی دیکە کەڵکیان وەردەگرت، بەڵام قاسم لە رۆژنامەی المصری‌الیومدا بە رووماڵکردنی گونجاو و باس‌هەڵاییسێنی رووداوە سیاسییە هەستیارەکان، ئەم کارەی ئەنجام دەدا.
باشترین نموونەی ئەم چەشنە رووماڵکردنە، راپۆرتەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ـی میسر لەم رۆژنامەیەدا بوو. هەڵبژاردنەکان کاتێک بەڕێوە چوو کە حزبی ناسیۆناڵ دیموکراتیک، بە قەبووڵ کردنی بەشداری کردنی بەربژێرە رکابەرەکانی موباڕەک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، هەوڵی دەدا رواڵەتی نێودەوڵەتیی خۆی باشتر بکات. بەڵام کاتێک لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بڕێکی زۆر لە دەنگەکان بە ئیخوانولموسلیمین بڕا، رژێم لە خولی دووهەمدا دەستێوەردانێکی جیدی کرد. زۆرێک لە ناوەندەکانی دەنگدان داخران یان بەهۆی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان و بەکرێگیراوانی رژێمەوە، بشێویان تێدا دروست بوو.
رۆژی ٢٤ـی نۆڤەمبەر، المصری‌الیوم راپۆرتێکی نوێی لە فێڵبازی لە هەڵبژاردنەکانی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا بڵاو کردەوە. ئەم راپۆرتە لەناو خەڵکدا وەها هەرای نایەوە کە بە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام چاپ کرایەوە. درکاندنی راستییەکانی پشتی پەردە و ئەو شێوازانەی حکومەت بۆ هەڵبژاردنەکانی بەکار دێنێت، باس و خواسێکی وەهای لە ئاستی نیشتمانیدا هەڵاییساند کە ١٢٠ دادوەر بە واژۆ کردنی بەیاننامەیەک، راستبوونی ئەو تۆمەتانەیان پشتڕاست کردەوە کەوا خرابوونە پاڵ حکومەت. المصری‌الیوم ئەو کاتەی دەستی کرد بە درکاندنی ئەم ریسوا بوونەی حکومەت، یەک ساڵ بوو دامەزرابوو. قاسم دەڵێ: «لە ژانویەی ئەو ساڵەدا تیراژی رۆژنامەکەمان تەنها ٣٠٠٠ دانە بوو. بەرزبوونەوەی تیراژ هێدی‌هێدی و بە شێوەی مامناوەند ٥٠٠ دانە بوو لە مانگا، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتەوە، تیراژی رۆژنامەکە لەنەکاو گەیشتە ٣٠هەزار دانە.»

چالاکییە بەربڵاوەکان
رۆژنامەکەی قاسم، بەتایبەتی بزووتنەوەیەکی خەباتکار نەبوو و هەر بۆیە بەربڵاوبوونەوە و ئامانج لەم بەربڵاوبوونەوەیە لە بواری مێتۆدیکەوە لەگەڵ بزووتنەوە نەریتییەکان جیاوازی هەبوو. المصری‌الیوم بە ئاراستە کردنی راپۆرتی بوێرانە و سەربەخۆ، شۆڕشێکی بچووکی لە بڵاڤۆکەکانی میسردا خستە گەڕ و بووە هۆی گەشە کردنی رۆژنامە سەربەخۆکان لەم وڵاتەدا. المصری‌الیوم بە راپۆرتێک کە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ بوو، بۆ ئاراستە کردنی راپۆرتی شۆڤەکارانە، کۆمەڵێک پێوەری نوێی چەسپاند کە پێوەندییەکی هاوسەنگی دەخستە نێوان رەخنەگرتن لە حکومەت و رۆژنامەنووسیی بوێرانەوە، بەڵگەمەند و شرۆڤەکارانەوە. المصری‌الیوم بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی عەینی و خاوەن کواڵیتی، بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ رۆژنامە سەربەخۆکان و کاریگەرییەکی وەها قووڵی لەسەر بڵاڤۆکەکانی میسر بوو کە میدیاکانی دیکەش ناچار بوون ئەو پرسانەی لە رۆژنامەی المصری‌الیومدا باسیان لێوە دەکرا بەسەر بکەنەوە.
ساڵی ٢٠٠٩، رۆژنامەی المصری‌الیوم بە تیراژی رۆژانەی ٢٠٠هەزار دانە، چوارەمین رۆژنامەی گەورەی میسر بوو و نەک لە بەرزکردنەوەی تیراژدا بەڵکوو لە شوێندانان لەسەر میدیاکانی میسریشدا سەرکەوتوو ببوو. قاسم کە رۆژنامەی المصری‌الیومی جێهێشت بۆ ئەوەی رۆژنامەیەکی دیکە دابمەزرێنێت، لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە حکومەت ناتوانێ ئەم رۆژنامەیە دابخات، بەم هۆکارە سادەیە کە «ئێمە تا ئێرەش رێگەیەکی دوور و درێژمان بڕیوە.»
لەپاش شۆڕشی ٢٠١١ لەدژی موباڕەک، المصری‌الیوم توانی پێش بلاڤۆکە حکومییەکان بکەوێت و ببێت بە پڕخوێنەرترین رۆژنامەی میسر. بەپێی راپۆرتی یانەی هەواڵنێریی دوبەی، تیراژی المصری‌الیوم لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ٢٠١١ دوو بەرابەر بوو، تا ئاستێک کە ٦١٪ـی خوێنەرانی رۆژنامە لە میسر ئەم رۆژنامەیەیان دەخوێندەوە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved