10/2/2022 05:29 PM

بزووتنەوەی فێمینیستیی ئەمریکا (بەشی یەکەم)

روانگە و پاڵنەر

ساڵی ١٩٦٠، ژنانی ئەمریکی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لە ژیانی بنەماڵەییەوە بگرە هەتا شوێنی کار، لەگەڵ کۆمەڵێک بەرتەسکایی رووبەڕوو بوون. سەرجەم ژنان دەبوایە یەک سەرچەشنیان پەیڕو بکردایە: هاوسەرگیریی لە تەمەنی ٢٠ ساڵان و پێکهێنانی بنەماڵە. بەپێی قسەی یەکێک لەو ژنانە «ژنێک شتێکی ئەوتۆی لە ژیان نەدەویست. ئەو دەبووایە پارێزگاری لە ژیانی کەسانێکی دیکە بکردایە بۆ نموونە مێرد، مناڵ». کەوابوو، ژنان باری سەرەکیی ماڵداریان لەسەر شان بوو و بە شێوەی مامناوەند هەموو هەفتەیەک ٥٥ کاتژمێریان بۆ کاروباری ماڵەوە تەرخان دەکرد. ژنان بەپێی یاسا، بەتەواوی گرێدراوی هاوسەرەکەیان بوون و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا نەبێ، کە دەبوو پشتگیرییەکی گونجاویان لێکرابوایە، هیچ مافێکیان بەسەر داهات و دارایی مێردەکەیانەوە نەبوو و ئەمە لەحاڵێکدابوو کە مێرد مافی زاڵبوون بەسەر پرسە ماڵییەکانی ژنەکەیدا هەبوو. ژنان لە بواری تەڵاقیشەوە لەگەڵ کۆمەڵێک بەرتەسکایی رووبەڕوو بوون، بە جۆرێک لە دەبووایە بیانسەلماندایە کە مێردەکەیان کارێکی هەڵەی ئەنجام داوە بۆ ئەوەی بتوانن تەڵاقی لێوەربگرن.
لە ساڵی ١٩٦٠ـدا، ٣٨٪ـی ژنانی ئەمریکی لە دەرەوەی ماڵەوە سەرقاڵی کار کردن بوون و هەڵبەت لەوێشدا لەگەڵ هەندێک تەنگی و چەڵەمە رووبەڕوو دەبوونەوە. بۆ نموونە ژنان تەنها دەیانتوانی لە پیشەگەلێکی وەکوو مامۆستای وانەبێژی، پەرەستاری و یان یاریدەدەریدا چالاکی بکەن. ژنان نەیاندەتوانی بڕۆنە ناو شوێنی ئاکادمیک و پرۆفیشناڵەوە؛ ئەمە قسەی سەرۆکی یەکێک لە کۆلێژە پزیشکییەکانە لەم بارەوە: «بەڵێ، ئێمە پشکبەندیمان هەیە...هەر کات بتوانین، ژنەکان دەردەکەین. ئێمە لێرە پێویستمان بە ئەوان نییە و لە شوێنەکانی دیکەش نامانەوێن، چ پێیان خۆش بێ و چ پێیان ناخۆش بێ». ساڵی ١٩٦٠، تەنها ٦٪ـی پزیشکانی ئەمریکا، ٣٪ـی پارێزەران و کەمتر لە ١٪ـی ئەندازیاران لە ژنان پێک دەهاتن. هەروەها ژنانی خاوەن‌پیشە، نیوەی پیاوانیان مووچە وەردەگرت و دەرەتانی پێشکەوتنی پێشەییان نەبوو. بڕوای گشتیی خاوەنکاران ئەوە بوو لە ژنان بەخێرایی دووگیان دەبن و پیشەکەیان جێدەهێڵن.
ساڵی ١٩٦٢، کتێبی "بێتی فریدێن"، بە ناوی گیرایی ژنانە، دەنگی ناهومێدیی ژنان و تەنانەت ئەو ژنە خوێندەوارانە بوو کە هەستیان دەکرد لە ماڵەوەدا زیندان کراون. یەکێک لە ژنانی ئەمریکی لەم بارەوە دەڵێ: «من بەتەواوەتی ناهومێدم. هەست دەکەم کەسایەتیم نییە. ژیانی من لە دروستکردنی خۆراک، رێکوپێک کردنی جلوبەرگ و کەرەسەی ماڵەوەدا کورت کراوەتەوە. لە ماڵەوە هەر کات پێویستیان بە من بێت، بانگم دەکەن. بەڵام من کێم؟» فریدێن هەستا بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاوەها فەرهەنگێکی هەڵاواردنکار و ژنانی بۆ چالاکیی لەدەرەوەی ماڵ هان دا. نووسراوەکانی فریدێن بە شێوەیەکی بەربڵاو رووی لە ژنانی خوێندەوار، مامناوەند و بەرەو سەرەوە و سپی‌پێست بوو، بە جۆریک کە بە شەپۆلی دووەمی بزووتنەوەی فێمینیستیی ئەمریکا دەناسرێت. شەپۆلی یەکەم ساڵی ١٩٢٠، بە پەسەنکردنی تەواوکەری ١٩ دەستی پێکرد کە لەودا ژنان توانیان مافی دەنگدان وەربگرن و پاش چەند دەیە ژنان نەک خوازیاری چاکسازیی لە یاسا بەڵکوو خوازیاری ئاڵوگۆڕ لە ژیانی رۆژانەیاندا بوون.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved